120 رۆژنامەڤان لە 2023ـدا کوژران؛ ساڵێکی پڕ نەهامەتی بوو بۆ میدیاکاران
رووداو دیجیتاڵ
2023 ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی بوو بۆ رۆژنامەڤان و میدیاکاران، تێیدا 120 رۆژنامەڤان کوژران، ئەمەش زۆرترین ئاماری ساڵانەیە لە نۆ ساڵی رابردوودا، کە بە رێژەی 44% زیاترە لە ساڵی 2022.
هەر لە 2023ـدا پێشێلکاری، گرتن و تۆمەتهەڵبەستنیش بۆ رۆژنامەڤانان گەیشتە لووتکە. لە 12 مانگەکەی ساڵی رابردوودا 320 رۆژنامەڤان و میدیاکار دەستگیرکران؛ بەشێکیان لەسەر رووماڵکردنی گەندەڵی و رەخنەگرتن لە سیاسەتڤانان درانە دادگە.
زیاد هەنی، یەکێک بوو لەو 20 رۆژنامەڤانەی لە تونس لەسەر رەخنەگرتن لە دەسەڵات دەستگیرکرا.
ئەمیرە محەممەد، رۆژنامەڤانە لە تونس و دەڵێ "ئەمڕۆ، رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینە بووینەتەوە؛ رۆژنامەڤانی لە مەترسیدایە. چی دیکە دەستمان ناگاتە زانیارییەکان و چی دیکەش ناتوانین زانیاری بدەینە خەڵک."
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان ناسراو بە CPJ دەڵێت، 168 رۆژنامەڤان و میدیاکار لەو 320ـەی دەستگیرکراون، تۆمەتی دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەیان دراوەتەپاڵ.
66 رۆژنامەڤانی دیکەش دەستگیرکراون، بەڵام پێیان نەگوتراوە بۆچی خراونەتە زیندانەوە. 47 کەسیان وەک تۆڵەسەندنەوە بووە لێیان بەرامبەر رووماڵەکانیان؛ 32 کەسیان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە هەواڵی نادروستیان بڵاوکردووەتەوە و، 13 کەسەکەی دیکەشیان پێیان گوتراوە راستییەکانیان شێواندووە.
ئەو ئاماری پێشێلکارییەی بەرامبەر رۆژنامەڤان و میدیاکاران تۆمارکراوە، دووەمین بەرزترینە لە ساڵی 1992ـوەوە؛ یەکەم بەرزترین ئامار لە 2022ـدا تۆمارکرا کە 367 پێشێلکاری بوو.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ "لە هەموو سووچێکی جیهان، ئازادیی رۆژنامەڤانی لەژێر هێرشدایە؛ راستییەکان بە زانیاریی هەڵە هەڕەشەیان لێدەکرێت و قسەی رق و کینە لە هەوڵی لێڵکردنی هێڵی نێوان راستی و خەیاڵ و زانست و پیلانگێڕیدایە."
پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، رۆژنامەڤانی لە بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشەیەکی پڕ لە ئاستەنگە بۆ میدیاکار.
لە 2023ـدا 25 رۆژنامەڤان لە سووریا، 19 رۆژنامەڤان لە ئێران، 5 رۆژنامەڤان لە تورکیا دەستگیرکراون؛ دۆخی عێراق لە 2023ـدا باش بووە و هیچ رۆژنامەڤانێک تێیدا دەستگیرنەکراوە.
بەگوێرەی پەیامنێرانی بێسنوور، لە 2023ـدا دۆخی رۆژنامەڤانان لە 31 وڵاتدا زۆر مەترسیدار بوو؛ لە 42 وڵات زەحمەت بووە، لە 50 وڵات کێشەدار بووە، لە 44 وڵات باش و لە 8 وڵاتیش زۆر باش بوو.