رووسیا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا و بایدن دەڵێت، هێز نانێرنە ئەو وڵاتە

رۆژی حەوتەمی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا: بایدن سزای زیاتر بەسەر رووسیا دەسەپێنێت و رووسیاش بەردەوامە لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ئۆکراینا.

24-02-2022

10:49

رووسیا ئاماری کوژراو و بریندارانی لە جەنگی ئۆکراینا بڵاودەکاتەوە

رووسیا دەڵێت، 2870 سەربازی ئۆکراینییان کوشتووە. وێنە: EPA
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماری سەربازە کوژراو و بریندارەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراینا بڵاوکردەوە و دەڵێت، 498 سەربازیان کوژراون و نزیکەی هەزار و 600 سەربازیشیان برینداربوون.
 
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا یەکەم ئاماری سەربازە کوژراو و بریندارەکانی وڵاتەکەیی لە شەڕی ئۆکراینا راگەیاند و دەڵێت، 498 سەربازیان کوژراون و هەزار و 597 سەربازیشیان برینداربوون.
 
سوپای رووسیا رۆژی 24-02-2022 بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستیان بە هێرشێکی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا کرد. سەرۆکی رووسیا گوتی، ئامانجیان لە هێرشەکە بۆ داماڵینی ئۆکراینایە لە چەک و "بیرکردنەوەی نازییانە".
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەو هەواڵ و زانیارییانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کوژرانی "ژمارەیەکی بێشوومار" لە سەربازانی وڵاتەکەی دەکەن و بە "زانیاریی نادروست و هەڵە" ناوی دەبات، دڵنیاییش دەدات لەوەی کە خێزانی ئەو سەربازانەی کوژراون هەموو هاوکارییەکی پێویستیان پێدەدرێت.
 
ئۆکراینا باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو سەربازە رووسییانەی لەو وڵاتە کوژراون نزیکەی شەش هەزار سەربازن.
 
بە گوتەی ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، رووسیا زیاتر لە دوو هەزار و 870 سەربازی ئۆکرانیی کوشتووە و نزیکەی سێ هەزار و 700 سەربازی دیکەشی بریندارکردووە، هەروەها 572 سەربازی ئەو وڵاتەش لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە بە دیل گیراون، بەرپرسانی ئۆکراینا هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە نەداوە.
 
لە لایەکی دیکەوە دەزگاکانی سەر بە حکومەتی ئۆکراینا باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی وڵاتەکەیان کوژراون، بەڵام ئەو ئامارەش هێشتا لەلایەن سەرچاوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی هێرشی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکرایناوە 136 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە 13یان منداڵن.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:48

رووسیا و ئۆکراینا ئاماری کوژراو و بریندارانیان لەنێو هێزەکانیان بڵاودەکەنەوە

رووسیا و ئۆکراینا ئاماری کوژراو و بریندارانیان لەنێو هێزەکانیان بڵاودەکەنەوە
 
رووسیا و ئۆکراینا ئاماری قوربانیانییانی شەڕ لەنێو سوپاکانیاندا بڵاودەکەنەوە و رووسیا دەڵێت؛ لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە 498 سەربازمان لە ئۆکراینا کوژراون، 1597 کەسیش برینداربوون. بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند کە 9 هەزار سەربازی رووسیایان کوشتوون. 
 
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئامارەکانی ئۆکراینای رەتکردنەوە کە گوایە لەنێو سوپای رووسیادا زەرەر و زیانی گەورە دروستبووبن، ئەم گوتەیەی لەکاتێکدایە، پێشتر ئۆکراینا رایگەیاندبوو، زیاتر لە 5000 سەربازی رووسی لەو شەڕەشدا کوژراون. ئیگۆر ئەمەی بە زانیاری "نادروست"ناوبرد.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماری قوربانیانی لەنێو سوپای ئۆکرایناش بڵاوکردەوە و گوتی؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2870 سەرباز کوژراون، 3700 یش برینداربوون، 572 سەربازیش لەلایەن سوپای رووسیاوە بەدیلگیراون.
 
لەدیوی ئۆکرایناوە ئاژانسی خزمەتگوزاری فریاگوزاری بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2000 کەسی سڤیل کوژراون، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لای خۆی دەڵێت؛ گیانلەدەستدانی 136 کەسی سڤیلیان تۆمارکردووە لەنێویاندا 13 منداڵ هەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکراینا، لە 7 رۆژی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان زیانەکانی سوپای رووسیا بەم جۆرە بوون:
 
5 هەزار و 840 سەربازی رووسی کوژراون
30 فڕۆکەی رووسی تێکشکێنراون
31 هێلیکۆپتەری رووسیا خراونەتە خوارەوە
211 تانکی رووسیا تێکشکێنراون
862 زرێپۆشی رووسی تێکشکێنراون
85 تۆپهاوێژ لەنێوبراون
9 سیستەمی بەرگری دژە فڕۆکە لەنێوبراون
60 تانکی سووتەمەنی سووتێنراون
355  بارهەڵگری سەربازی تێکشکێنراون
40 سیستەمی مووشەک بەکۆمەڵ هاوێژ دەستیان بەسەردا گیراوە. 
 
فەرمانگەی فریاگوزاریی ئۆکرایناش دەڵێت، لە سەرەتای هێرشەکەوە تائێستا زیاتر لە دوو هەزار ئۆکراینی کوژراون، بەڵام دیاری نەکردووە چەندیان سڤیل و چەندیان سەربازن. 
 
400 ئاگریان لەم حەوت رۆژەدا کوژاندونەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رووسیا
 
498 سەربازی رووسی کوژراون
1597 برینداربوون
2870 سەربازی ئۆکراینی کوژراون
3700 سەربازی ئۆکراینی برینداربووون
572 سەربازی ئۆکراینی بەدیلگیراون
 
سەرۆکی ئۆکراینا: 9 هەزار سەربازی رووسیمان کوشتووە
 
سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا چەند ئامارێکی نوێی جەنگ بڵاودەکاتەوە و داواشی لە سوپا و خەڵکی وڵاتەکەی کرد لە بەرگەگرتن بەردەوام بن. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژی پێنجشەممە 3-3-2022 بڵاوکرایەوە رایگەیاند کە لەسەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا 9 هەزار سەربازی رووسی کوژراون. 
 
زیلێنسکی ئاماژەی بە تەمەنی ئەو سەربازانەکرد و گوتی "هەموویان" تەمەنیان لەنێوان 19 و 20 ساڵیدایە و دەڵێت کە ئەوان منداڵن و هەڵخەڵەتێنراون و بەکارهێندراون و دواشی لێیان کرد لەگەڵ هەموو سەربازانی دیکەی رووسیا بچنەوە ماڵەکانیان و ئۆکراینا جێبێڵن. 
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەشڵێت، شوێنی ئارام بۆ سووپای رووسیا ناهێڵن و لەهەر شوێنێک بن، رووبەڕووی بەرخودانی هێزە ئۆکراینییەکان دەبنەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:32

کرێملین: خێرسۆن لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای رووسیا دایە

شاری خێرسۆن لە ئۆکراینا. وێنە؛ Sergey BOBOK / AFP
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، سوپای رووسیا بەتەواوی دەستیان بەسەر شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینادا گرتووە.
 
ئیگۆر کۆناشینکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شارەکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ژیان لە خێرسۆن ئاساییە و هیچ کێشەیەکی کورتهێنانی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان نییە.
 
ئیگۆر کۆلیکاڤیڤ، سەرۆکی شارەوانیی خێرسۆن داوا لە سەربازانی رووسی دەکات تەقە لە خەڵکی سڤیل نەکەن، داواش لە خەڵک دەکات تەنیا لە کاتی رۆژدا بێنە دەرەوە.
 
رووسیا دەڵێت، شاری بێردیانسکشیان گرتووە، هەرچی شاری ماریۆپۆلە، سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت پاڵەوانەنە بەرپەرچی هێرشی رووسیایان داوەتەوە و نەیانهێشتووە بکەوێتە دەستیان.
 
هەریەک لە شارەکانی خێرسۆن، ماریۆپۆل و بێردیانسک شاری ستراتیژی بەندەرین، دەکەونە سەر دەریای رەش و سێ سەرچاوەی گەورەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئۆکراینان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:30

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داوایکرد شەڕی ئۆکراینا بوەستێنرێت

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی دۆخی ئۆکراینا ئەنجامدا و بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایێکی پەسەندکرد بۆ ئەوەی داوا لە رووسیا بکەن دەستبەجێ شەڕەکە بوەستێنێت. لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دامەزراوەیەکی بەهێزترە و دەسەڵاتی زیاتری هەیە، هەوڵێکی لەو جۆرە درا بەڵام رووسیا ڤیتۆی بەکارهێنا. 

لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە بە بەکارهێنانی ڤیتۆ نادرێت. 141 ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە دا کە داوا دەکات دەستبەجێ شەڕ رابووەستێنرێت و هەموو سەربازانی رووسیا لە ئۆکراینا بکشێنەوە. 

رووسیا، بێلاڕووس، کۆریای باکوور، سووریا و ئەریتریا دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگیاندا و 35 وڵاتی دیکەش بێلایەن مانەوە. 

ئێران و عێراق دوو لەو وڵاتانە بوون کە نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر دەنگیان نەدا. 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:02

رووسیا باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی دەرکرد

.

رووسیا باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی دەرکرد ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر دەرکردنی 12 دیپلۆماتکاری رووسی لە ئەمریکا. 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:38

ژێرزەمینەکانی خارکیێڤ بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ دانیشتووانی شارەکە

ژێرزەمینەکانی خارکیێڤ بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ دانیشتووانی شارەکە
ژێرزەمینەکانی خارکیێڤ بوونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ دانیشتووانی شارەکە
بەهۆی بەردەوامیی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەشێکی دانیشتووانی خارکیێڤ دەچنە ژێر زەمینەکان و لەترسی تۆپباران خۆیان حەشار دەدەن.
 
ژێرزەمینێکی شاری خارکیێڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پڕ بووە لە خەڵک. ئیکاتێرینا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و هاوڕێکانی لە بەشێکی ژێرزەمینەکە ماونەتەوە، ئەوان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە چاودێریی بارودۆخی شارەکەیان دەکەن.
 
ئیکاتێرنیا بابێنکۆ، دانیشتووی خارکیێڤە و دەڵێت، "ئێمە زۆر نیگەرانین. ئێرە زۆر ترسناکە. ئێمە منداڵی بچووک و کەسی بەساڵاچوومان لەگەڵە. راستیەکەی بارودۆخەکە زۆر ترسێنەرە." 
 
لە خارکیێڤ پەناگەیەک گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی لەدایکبوون، ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانە لەدایکبوونە بەرەو ئەو ژێرزەمینە گوازراونەتەوە. بەگوێرەی تەندروستیی خارکیێڤیش، تاوەکو ئێستا دوو منداڵ لەو پەناگەیەدا لەدایکبوون. 
 
لە شاری چێرنهیڤیش لە باکووری رۆژهەڵاتی کیێڤ، ژنێک ماڵەکەی بەهۆی بۆردوومانەوە ڕووخاوە و ئەوەی لە دەستی دایە، هەموو ئەو شتەیە کە لەگەڵ خۆی دەباتە پەناگەیەکی ئارام. ناو نەدراوە، باسی لەوە کرد، "تەنیا ئەمەم بۆ ماوەتەوە. داوا لە جیهان دەکەم ئەم شێتییە بوەستێنن. لێرە نۆرینگەیەکی منداڵان و خانووی سڤیلیان بۆردوومانکردووە. تاوانی ئێمە چییە؟ هیچیان بۆ نەهێشتووین." 
 
بەردەوام دەنگی تەقە و بۆردوومان لەچەند شارێکی ئۆکراینا دەبیسترێت. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار کەس دەربەدەربوون و ژمارەکەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:37

سزاکانی رۆژئاوا کەرتی دارایی رووسیا تووشی شۆک دەکات

سزاکانی رۆژئاوا کەرتی دارایی رووسیا تووشی شۆک دەکات
 
 
بەهۆی سزا داراییەکانی رۆژئاوا لەسەر رووسیا، بەهای روبڵی رووسی داڕماوە، بانکی ناوەندیی ئەوروپاش رایگەیاندووە، سبێربانگ کە گەورەترین بانکی رووسیایە لەبەردەم مەترسیی مایەپووچ بووندایە.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، رۆژی دووشەممە 01-03-2022 یەک دۆلار بە 119 روبڵ مامەڵەی پێوەکرا، رۆژی سێشەممەش یەک دۆلار بە نزیکەی 104 روبڵ مامەڵەی پێوەکرا. هاووڵاتییانی ئاسایی رووسیا لەبەردەم بانکەکان بە ریزەوە وەستاون و پارەکانیان دەردەهێنن.
 
ئاندرەیی کوردیاشێف، بۆیاخچییە لە رووسیا و دەڵێت، "پێموایە ئێمە دەگەڕێننەوە چاخی بەردین. ئەگەر سەرکردەکان رەوشەکە کۆنترۆڵ نەکەن، ئەمە راستییەکەیە."
 
مارگریتا نۆڤیکۆڤا، هاووڵاتییەکی رووسییە و باس لەوە دەکات، "هەموو شتێک وەک دۆزەخی لێهاتووە. لەمە باشتر ناتوانم هەڵوێستی خۆم دەرببڕم."
 
ڤلادمیر، گۆلیۆباتینکۆڤ، قوتابییە و ئاماژە بەوە دەکات، "100 دۆلارم هەبوو، دوو ساڵە خەرجم نەکردبوو، دامنابوو بۆ کاتی تەنگانە، بەڵام ئێستا پێموانییە ئەو بڕەیە فریام کەوێت."
 
ماریا لۆژکۆڤا، قوتابییەکی رووسییە و گوتی، "پێموایە هەموو شتێک بەرەو خراپی دەڕوات، نەک تەنیا بەس ئابووری، بەڵکو هەموو شتێک."
 
ئارتیۆم داڤیدۆفیش ڤیدیۆگرافەرە و دەڵێت، "ئەمە پێشبینیکراوبوو. لەبەر ئەوەی کردەوەکانی پێشەوا وەک هەر پێشەوایەکی دیکە وەک یەکن. ئەمە فاشیزمە. بە جینۆسایدکردنی ئۆکراینایە و خراپتریش دەبێت."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو جۆرە مامەڵەیەکی لەگەڵ بانکی ناوەندیی رووسیا راگرتووە و یەدەگی ئەو بانکە سڕدەکات. سویسرا کە وڵاتێکی بێ لایەنە رایگەیاندووە هەمان کار دەکات. بەریتانیاش بەهەمان شێوە.
 
لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا هەموو سامانێکی بانکە رووسییەکان بەهاوکاری هاوپەیمانەکانمان سڕ دەکەین."
 
دابڕانی رووسیا لە تۆڕی سویفت، ناوەندە داراییەکانی رووسیای رووبەڕووی شۆکێکی گەورە کردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:36

ئاوارەیەکی ئۆکراینی لە مەڵدۆڤیا: کەس وەکو ئێمەی بەسەر نەیەت

ئاوارەیەکی ئۆکراینی لە مەڵدۆڤیا: کەس وەکو ئێمەی بەسەر نەیەت
بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و رووسیاوە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی خەڵک لە ئەورووپا لەسەدەی 21 دا روویدا، نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، پێویستیان بە ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە بۆ ئاوارە ئۆکراینییەکان.
 
لە گوندی تیزابیکس لە رۆژهەڵاتی هەنگاریای هاوسنوور لەگەڵ ئۆکراینا، ئاوارە ئۆکراینییەکان بە ئۆتۆمبێلی نەفەرهەرڵگر دەچنە کەمپە کاتییەکان. ئەوان لە شەڕ هەڵاتوون و پەنایان بۆ هەنگاریا بردووە. لەوێ لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکان و حکومەتی هەنگاریاوە پێداویستیی سەرەتاییان پێدەدرێت.
 
لە خاڵی سنووری پالانکا لە مەڵدۆڤیاش تاوەکو ئێستا وڵاتەکە پێشوازی لەزیاتر لە 65 هەزار ئۆکراینی کردووە.
 
پەنابەرێکی ئۆکراینی دەڵێت، "بەڕاستی داوای ئاشتی دەکەین، بۆ سەرتاسەری جیهان نزا بۆ ئاشتی دەکەین. هیواخوازین هەموو خەڵک لە خۆشی و شادی بژین، هەرگیزیش شەڕ روونەدات، چونکە جەنگ قێزەونە. خەڵکینە، هەرگیز وەکو ئێمەتان بەسەر نەیەت. تەنانەت هەوڵیش مەدەن. مەهێڵن هیچ کەس بەقەد ئێمە بچەوسێنەوە."
 
لە گوندی ئیساچای رۆمانیاش، ئەو وڵاتە بووەتە پەناگەی دەیان هەزار ئاوارەی ئۆکراینی. لە ماوەی 24 کاژێردا هەزاران ئۆکراینی بەپێ لە ئۆکرایناوە چوونە نێو رۆمانیا، کەسانی خۆبەخش جلوبەرگ، خواردن و بەتانییان بۆ دابینکردوون.
  
پەنابەرێکی ئۆکراینی لە رۆمانیا باس لەوە دەکات، "من زۆر خەمبارم. زۆریش تووڕەم، چونکە من وڵاتی خۆمم خۆشدەوێت. خێزان و هاوژینەکەمم خۆشدەوێت. دایک و باوکم لە وڵاتەکەم ماونەتەوە، ئێمە ئەم شەڕەمان داوا نەکردبوو."
 
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نیو ملیۆن ئۆکراینی پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، ژمارەیان بەگوێرەی دابەشبوونیان بەسەر وڵاتان بەمشێوەیە؛
 
ژمارەی ئاوارەکانی ئۆکراینا
 
677.000 نێوخۆ
377.000  پۆڵەندا
134.000  رووسیا
90.000 هەنگاریا
65.000 مۆڵدۆڤیا
54.000 سلۆڤاکیا
38.000 رۆمانیا
500 بێلاڕووس
 
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، پێویستیان بە ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بۆ ئاوارە ئۆکراینییەکان فەراهەم بکەن. نەتەوەیەکگرتووەکان چاوەڕواندەکات لە رۆژانی داهاتوودا 12 ملیۆن ئۆکراینی لەنێوخۆی وڵات پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بێت، چوار ملیۆنیش لە وڵاتانی دراوسێ.
 
زیاتر بخوێنەوە

15:00

وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت شاری خێرسۆنی لە باشووری ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە

هێزی سەربازیی رووسیا لە شاری خێرسۆن. وێنە: Sergei Malgavko - Tass
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لەمیانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراینا، کۆنترۆڵی شاری خێرسۆن-ی لە باشووری ئۆکراینا کردووە.
 
ئۆپەراسیۆنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە حەوتەم رۆژیدایە. رۆژی چوارشەممە 02-03-2022 ئیگۆر کۆناشێنکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی رووسیا دەستیان بەسەر ناوەندی شاری خێرسۆندا گرتووە و بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵیاندایە".
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خزمەتگوزاریی گواستنەوە بەشێوەیەکی ئاسایی لە شارەکەدا بەردەستن، "شارەکە هیچ کێشەیەکی کورتهێنانی خواردن و کەلوپەلی سەرەتایی نییە".
 
بە گوتەی ئیگۆر کۆناشێنکۆ گفتوگۆ لەنێوان هێزەکانی سوپای رووسیا و دەسەڵاتی خۆجێیی شارەکە دەستیپێکردووە لەسەر پاراستنی خەڵک و بەردەوامیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
 
ئیگۆر کۆلیخایێڤ، سەرۆکی شارەوانیی خێرسۆن لە پۆستێکدا لە فەیسبووک رایگەیاندووە، "ئێمە هێشتا سەر بە ئۆکرایناین. هێشتا جێگیرین".
 
پێچەوانەی بانگەشەکانی رووسیا، سەرۆکی شارەوانیی خێرسۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، بەدوای دۆزینەوەی رێگەیەکدان بۆ "کۆکردنەوەی [تەرمی] کوژراوەکانی نێو شارەکە" و "چاککردنەوە و بەردەستکردنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، غاز، ئاو و هۆکارەکانی گەرمکردنەوە کە [بەهۆی شەڕەوە] زیانیان بەرکەوتووە".
 
ئیگۆر کۆلیخایێڤ ئەوەی نەشاردەوە و هۆشداریی دا لەوەی کە "تەواوکردنی ئەم کارانە بۆ ئەمڕۆ وەکو پەرچوو وایە (قورسە لە کاتێکی ئاوادا ئەو کارانە بکرێت)".
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپاکەی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا.
 
بە گوتەی ئیگۆر کۆناشێنکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا تاوەکو ئێستا سوپای وڵاتەکەی زیاتر لە 1500 بنکەی سەربازیی لە ئۆکراینا کردووەتە ئامانج، 58 فڕۆکە، 46 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 472 تانک و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازییان تێکشکاندوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:01

رووسیا باسی جەنگی سێیەمی جیهانی دەکات: بە چەکی ناوکی دەبێت

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا. وێنە: AFP
 
بۆ یەکەمجار وەزیری دەرەوەی رووسیا وەکو بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵات باس لە روودانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەکات و دەڵێت، بە چەکی ئەتۆم دەبێت و وێرانکەر دەبێت. پێشتریش سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە "هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی" وڵاتەکەی کرد لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن.
 
ئاژانسی هەواڵیی RIA رۆژی چوارشەممە 02-03-2022 بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، ئەگەر جەنگی سێیەمی جیهانی رووبدات، چەکی ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێندرێت و وێرانکەر دەبێت.
 
وەزیرە رووسییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رووسیا هەفتەی رابردوو دەستی بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت" کردووە دژی ئۆکراینا و رووبەڕووی "مەترسییەکی راستەقینە" دەبێتەوە ئەگەر کیێڤ چەکی ئەتۆمیی دەستکەوێت.
 
رۆژی 24-02-2022 بە فەرمانی راستەوخۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی داماڵینی ئۆکراینایە لە چەک و "بیرکردنەوەی نازی".
 
لاڤرۆڤ دەڵێت، "ئەمڕۆ ئەو مەترسییانەی کە رژێمی زێلێنسکی [سەرۆکی ئۆکراینا] بۆ وڵاتە دراوسێکانی و بەگشتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دروستکردووە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران لە کیێڤ دەستیان بە یارییەکی مەترسیدار کرد"، کە وەکو خۆی دەڵێت، "پەیوەندیی بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە هەیە".
 
وەزیرە رووسییەکە باسی لەوەش کرد، "ئۆکراینا هێشتا خاوەنی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی [سەردەمی یەکێتیی] سۆڤیەت و هۆکارەکانی بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکانەیە. ناتوانین هەروا دابینشین و وەڵامی ئەم مەترسییە راستەقینە نەدەینەوە"، داواش لە واشنتن دەکات کە ئەو بنکانەی چەکی ئەتۆمی کە لە ئەوروپا دایناون بیانگوازێتەوە.
 
پێشکێشکردنی ئەم گوتانەی لاڤرۆڤ لە دانیشتنێکدا بوو لە جنێڤ کە بەشێوەی ئۆنلاین تێیدا بەشداریی کرد، چونکە بەهۆی قەدەخەی فڕینی فڕۆکەی رووسیا بۆسەر ئاسمانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نەیتوانی ئامادەبێت. لاڤرۆڤ بەبێ ناوهێنانی هیچ وڵاتێکی دیاریکراوی یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتییەکەی تۆمەتبارکرد لە رێگری لە چوونی فڕۆکەکەی بۆ جنێڤ؛ لەکاتی قسەکانیشیدا بەشێکی بەرچاو لە دیپلۆماتکاران، لەنێویاندا فەرەنسا و بەریتانیا هۆڵەکەیان جێهێشت، ئەوەش وەکو ناڕەزاییەک دژی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
 
هەر لەو کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە جنێڤ، دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رووسیای بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکرد کە لەڕێگەی مووشەکبارانەوە بۆسەر وڵاتەکەی ئەنجامی دەدات.
 
تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 136 هاووڵاتیی مەدەنی لە هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کوژراون، کە 13یان منداڵن، لانیکەم 400 کەسی دیکەش برینداربوون. هەریەکە لە سوپای رووسیا و ئۆکرایناش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی دەستکەوتەکانیان بڵاودەکەنەوە.
 
رۆژی 27-02-2022 ڤلادیمیر پووتین فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد "هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی" بخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، ئەوەش چەند وڵاتێکی زلهێزی هێنایە دەنگ.
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ فەرمانی پووتینی بە خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی هێزی تایبەتی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بە "نابەرپرسیارانە" و " مەترسیدار" ناوبرد.
 
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیاش رایگەیاند، چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان دەخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، هۆشدارییشی دا لەوەی کە "چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی چەکی ئەتۆمی دەبێت".
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی هەڕەشەکەی پووتیندا رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە"؛ جین ساکی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپیش پووتینی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەڕەشەی هەڵبەستراو بەکاردەهێنێت بۆئەوەی پاساو بۆ "دەستدرێژیی زیاتر" بهێنێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:44

کاروانێکی سەربازیی رووسیا کە درێژییەکەی 64 کیلۆمەترە، بەرەو کیێڤ دەڕۆن

کاروانی هێزە سەربازییەکەی رووسیا کە بەرەو کیێڤ دەڕوات. وێنە: AFP
 
شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای رووسیا و سوپا و هێزە چەکدارە خۆبەخشەکانی ئۆکراینادا بەردەوامە. لە باکوورەوە، کیێڤی پایتەخت لەژێر گوشارێکی زۆری هێزەکانی رووسیایە کە لە دیوی باکوور و باکووری رۆژئاوای شارەکەوە بە دووریی کەمتر لە 20 کیلۆمەتر بەردەوامە.
 
سوپا سالاری ئۆکراینا رایگەیاندووە، پلانی رووسیا گەمارۆدانی کیێڤە لە باکوور و باکووری رۆژئاواوە، لە دوێنێ شەوەوە بۆردوومانی ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئانتانۆڤی کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 01-03-2022، وێنەکانی مانگە دەستکردەکان کاروانێکی سەربازیی نزیکەی 64 کیلۆمەتریی رووسیایان لە باکووری کیێڤ-یان دەرخست، لە دوێنێوە کاروانەکەی رووسیا بە هەزاران ئۆتۆمبیلی سەربازییەوە بە "هێواشی" بەرەو ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای کیێڤ دەجووڵێن.
 
هاوکات رووسیا بۆردوومانی ناوچەکانی باکووری کیێڤی کردووە و تاوەری تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج.
 
سەرچاوەکان باس لە چڕکردنەوەی بۆردوومانی ناوچەی "ژیتۆمیر" دەکەن کە دەکەوێتە بەری رۆژئاوای شارەکە و ئۆکراینا باس لە  کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خەڵکی سڤیل دەکەن، گەرچی رووسیا، وەکو رایگەیاندووە، "بۆردوومانی زۆر ورد و دروست"ی ئامانجەکانی دەکات تاوەکو بە گوتەی خۆی کەمترین زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیێنێت.
 
شاری کیێڤ بە رووباری "دنیپەر" بووەتە دوو بەش و بارەگای سەرۆکی وڵات و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت لە بەری رۆژئاوای شارەکەدان، بۆیە رووسیا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشەکانی بۆسەر ئەو بەشەی کیێڤ زیاتر دەکات و دەزانێت بە کەوتنی ئەو بەشە، رێگەی بۆ دەکاتەوە بە ئاسانی بەرەو دیوی رۆژهەڵاتی شارەکە بڕوات.
 
تاوەکو ئێستا کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و خارکیڤ کە دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتەیە، لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکراینادایە.
 
لە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، لە شاری خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتە، رووسیا بۆردوومان و تۆپبارانکردنەکانی زیاتر کردوون؛ هێزەکانی رووسیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی شارەکەدان.
 
لە هەندێک شوێن هێزەکانی رووسیا چوونەتە ناوەوەی شارەکە و شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئۆکراینییەکان بەردەوامە.
 
سوپای ئۆکراینا رایگەیاندووە، شەوی رابردوو هێزێكی رووسی بە پەڕەشووت دابەزیوونەتە نێو شاری خارکیڤ و هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەی سەرەکیی شارەکە، گوتیشی هێشتا شەڕ دژ بەو هێزانە بەردەوامە.
 
سوپای ئۆکراینا راشیگەیاند، رووسیا بە مووشەک بارەگای سەرەکیی پۆلیسی نیشتمانیی کردووەتە ئامانج.
 
لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کە هەرێمی دۆنباسە، هێزە چەکدارەکانی سەر بە هەردوو ناوچەی لوهانسک و دۆنێتسک چوونەتە پێشەوە، بەتایبەتی لە دۆنێتسک کە چەند ناوچەیەکیان لە دەستی سوپای ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووەتەوە و ئێستا زیاتر بەرەو باشووری وڵات دەڕۆن، واتە بە ئاراستەی شاری ماریۆپۆل لەسەر دەریای ئازۆڤ.
 
ماریۆپۆل دەکەوێتە نێوان هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵات و شاری سیخرون لە رۆژئاوا، نیمچە دوورگەی کریمیا کە روسیا لە ساڵی 2014وە کۆنترۆڵی کردووە دەکەوێتە باشووری سیخرون.
 
هەر لە رۆژی یەکەمی هێرشەکەی رووسیاوە، هێزەکانی ئەو وڵاتە هێرشەکانیان بەرەو سیخرون لە باکوور و لەوێوە بەرەو ماریۆپۆل لە رۆژهەڵات دەستپێکرد.
 
ماریۆپۆل لە دیوی رۆژئاوایەوە سوپای رووسیا گەمارۆی دەدات و لە دیوی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتیەوە بە هێزە چەکدارەکانی دۆنباسەوە گەمارۆ دراون و ئێستا ئەو هێزانە داوایان لە خەڵکی سیڤیل کردووە شاری ماریۆپۆل چۆڵ بکەن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەری.
 
ئێستا رێڕەوی مرۆیی دەکرێتەوە تاوەکو خەڵک لە شارەکە بچنە دەرەوە. بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینا، شاری خیسرون هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای وڵاتەکەیاندایە، بەڵام بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، هێزەکانیان کۆنترۆڵی هەموو شارەکە دەکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:17

بەرپرسانی ئۆکراینا: هەوڵێكی تیرۆرکردنی زێلێنسکیمان پووچەڵکردەوە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا. وێنە:AA
 
بەرپرسانی باڵای ئۆکراینی رایدەگەیێنن، هەوڵێکی تیرۆرکردنی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان پووچەڵ کردووەتەوە کە هێزێکی تایبەتی چیچانی بەنیازبوون ئەنجامی بدەن.
 
ئۆلیکسی دانیلۆڤ، راوێژکاری ئەنجوومەنی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکراینا پشتڕاستیکردەوە کە تیمێکی دەستەبژێری هێزەکانی چیچان، کە بە کادیرۆڤیت ناویان دەرکردووە، دەستیان لەپشت هەوڵی شکستخواردووی تیرۆرکردنی زێلێنسکییەوە هەبووە.
 
زێلێنسکی لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە چەندین جار گوتوویەتی، ئەو ئامانجی یەکەمی رووسیایە، هەفتەی رابردووش رایگەیاند "گرووپە گێرەشێوێنەکانی" رووسیا هاتوونەتە نێو کیێڤ و بەدوای ئەو و خێزانەکەیدا دەگەڕێن.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، "لەلایەن چەند ئەندامێکی خزمەتگوزاریی هەواڵگریی رووسی، ئەوانەی پشتگیری لە شەڕ ناکەن، زانیاری بە بەرپرسانی ئۆکراینی دراوە و لە هەوڵی تیرۆرکردنی زێلێنسکی ئاگادارکراونەتەوە".
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو، گرووپی کادیرۆڤیتیان بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە، یەکێکیان لە شارۆچکەی گۆستۆمێل تێکشکێندران و بەشەکەی دیکەشیان "لەژێر بۆردووماندان".
 
زیاتر بخوێنەوە

09:15

رۆژی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا

 
ئۆکراینا حەوتەم شەوی لە شەڕ و پێکدادان بەڕێکرد، دوو گەورەترین شاری ئەو وڵاتەش کە بریتین لە هەریەکە لە کیێڤ-ی پایتەخت و خارکیڤ لەژێر هێرشی چڕی هێزەکانی رووسیا و جوداخوازەکانی ئۆکراینا و چەکدارانی دیکەی پاڵپشتیاندان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشێکی زۆری گوتارەکەیی لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی بۆ پرسی ئۆکراینا تەرخانکرد.
 
دوایین پێشهاتەکان:
 
- هێزەکانی رووسیا هەوڵی چوونە نێو خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینا دەدەن و هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر شارەکە، بەو هۆیەشەوە تەنیا رۆژی سێشەممە 01-03-2022 دەیان کەس کوژران.
 
- بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی، شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا کەوتووەتە دەستی هێزەکانی رووسیا.
 
- جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فڕینی فڕۆکەی رووسیی لە ئاسمانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد، رایشیگەیاندووە، "پووتین لەوانەیە کیێڤ بە تانک گەمارۆ بدات، بەڵام هەرگیز دڵ و رۆحی گەلی ئۆکراینا بەدەستناهێنێت".
 
- بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا ئاوارە بوون.
 
- کۆمپانیاکانی بۆیینگ و ئێکسۆنمۆبیل وەکو دوایین کۆمپانیاکانی رۆژئاوا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا پچڕاند.
 
- بێلاڕووس، هاوپەیمانی رووسیا ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە سنووری باشووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بۆ دوو هێندە زیادکردووە. هێزەکانی رووسیا لە باکووری ئۆکرایناوە (لەنێو خاکی بێلاڕووسەوە) هێرشیان کردووەتە سەر خاکی ئۆکراینا.
 
- بەرپرسانی ئەمنیی ئۆکراینا دەڵێن، هەوڵێكی تیرۆرکردنی زێلێنسکی-یان پووچەڵکردووەتەوە.
 
- پووتین بڕیارێکی نوێی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، هیچ هاووڵاتییەکی رووسی ناتوانێت بە زیاتر لە 10 هەزار دۆلارەوە وڵاتەکە جێبهێڵێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:05

بڕیاری نوێی پووتین؛ هیچ رووسییەک بۆی نییە بە زیاتر لە 10 هەزار دۆلارەوە بچێتە دەرەوە

 
دوای سزای ئابووریی وڵاتانی جیهان بۆسەر وڵاتەکەی، سەرۆکی رووسیا لە نوێترین بڕیاریدا رێگری لە چوونە دەرەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بە زیاتر لە 10 هەزار دۆلارەوە.
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هیچ هاووڵاتییەکی رووسی بۆی نییە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار (حەوت هەزار و 500 یۆرۆ) لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوەی وڵات.
 
بڕیارە نوێیەکەی سەرۆکی رووسیا لە ئەمڕۆ چوارشەممە 02-03-2022ەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەو بڕیارەی پووتین لە کاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژئاوا چەندین سزای جۆراوجۆری ئابووریی رووسیایان داوە و بەهۆیەوە زیانی زۆر بە ئابووریی رووسیا کەوتووە، و بەهای دراوی ئەو وڵاتە (روبڵ) بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

05:25

سەرۆکی ئەمریکا: پاڵپشتیی ئۆکراینا دەکەین، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی سەربازیمان لەگەڵ رووسیا نابێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا، بەڵام هێزەکانیان ناچنە بەرەی جەنگ لە ئۆکراینا و راستەوخۆ رووبەڕووی رووسیا نابنەوە.
 
حەوت رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامن لە راگەیاندنی سزا بەسەر رووسیا. ئەمڕۆش چاوەکان لەسەر ئەوە بوون کە جۆ بایدن چ هەنگاوێکی نوێ بەرامبەر رووسیا یاخود ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکە دەگرێتە بەر.
 
تاوەکو ئێستا سزاکانی رۆژئاوا، رووسیای نەوەستاندووە و بەردەوام هێزی زیاتر رەوانەی ئۆکراینا دەکات. بایدن بەڵێنیدا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر رووسیا بسەپێنن. یەکێک لە سزاکانی ئەمریکا کە ئەمشەو بایدن رایگەیاند، قەدەخەی گەشتی فڕۆکەی رووسی بوو بۆ ئەمریکا.
 
هەروەها یەکێکی دیکە لە سزاکان ئەوە بوو کە دەست بەسەر سامان و موڵکی سەرمایەدارە رووسییەکان دەگرن.
 
جۆ بایدن کاژێر 21:00ـی رۆژی 01-03-2022 بە کاتی ئەمریکا چووە کۆنگرێس و ئەندامانی کۆنگرێس بە ئاڵای ئۆکرایناوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و لە کاتی قسەکردنیشیدا بەردەوام چەپڵەیان بۆ لێدەدا بە تایبەت ئەو کاتانەی کە باسی دۆخی ئۆکراینا و پاڵپشتیی لەو وڵاتە دەکرد.
 
وەکو بایدن دەڵێت، پووتین ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر "پەراوێزخراوە"، ئەو پەراوێزخستنەش بووەتە هۆی دابەزاندنی بەهای رۆبڵ بەخێراییەکی زۆر. لە ماوەیەکی کەمدا رۆبڵ 30%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، دابەزینەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو 40%ـی بەهاکەی لەدەستدەدات.
 
یەکێک لە چەکە قورسەکانی دەست وڵاتانی رۆژئاوا، بێبەشکردنی رووسیا بوو لە سویفت. یەدەگی رووسیا نزیکەی 630 ملیار دۆلارە، جۆ بایدن دڵنیایی دەدات لەوەی کە لە رێگەی رێگریکردن لە بانکی ناوەندی رووسی، ناهێڵن ئەو وڵاتە سوود لەو یەدەگە گەورەیە ببینێت.
 
هەروەها بایدن پێیوایە، وایان لە رووسیا کردووە کە دەستی بە تەکنەلۆژیاکان نەگات، ئەوەش لەڕووی سەربازییەوە ئەو وڵاتە لاواز دەکات.
 
جۆ بایدن لە قسەکانیدا زیاتر هێرشەکانی بۆ سەر پووتین بوو نەوەک رووسیا، تەنانەت لە کاتی باسکردنی دابەزینی بەهای رۆبڵ ئاماژەی بەوە دا، "پووتین بەتەنیا لەمە بەرپرسیارە".
 
ئۆکراینا بە وڵاتێکی دۆستی رۆژئاواییەکان هەژمار دەکرێت، هەرچەندە نە ئەندامی ناتۆیە و نە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتییەکی گەورەی ئۆکراینا دەکەن. بە گوتەی بایدن ئەمریکا لە پلانیدایە یەک ملیار دۆلار وەکو یارمەتیی پێشکێش بە ئۆکراینا بکات.
 
بەڵام گوتیشی، "هێزەکانمان لە شەڕدا نین و لە شەڕیشدا نابن لەگەڵ هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا. هێزەکانمان ناچن بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی لە ئۆکراینا شەڕبکەن، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ لەوێن ئەگەر پووتین بڕیاربدات بەرەو رۆژئاوا بکشێت. بۆ ئەم مەبەستە، جوڵەمان بە هێزی زەمینی ئەمریکی کردووە".
 
سەرۆکی ئەمریکا دیسانەوە رووی قسەکانی کردە پووتین و گوتی، "دیکتاتۆرێکی رووسی وڵاتێکی بیانی داگیربکات، لەسەر ئاستی جیهان باجی دەبێت. کرداری پێویستیش دەنوێنم بۆ ئەوەی دڵنیابم سزاکانمان، ئابووریی رووسیا دەکەنە ئامانج."
 
سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتێک کە نزیکەی 40%ـی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دابیندەکات بێ لێکەوت نابێت. دوای راگەیاندنی سزاکان، لە ماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە هەشت ساڵی رابردوودا و ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی برێنت 110 دۆلاری تۆمارکرد.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا لەگەڵ 60 وڵاتی دیکە کاری کردووە بۆ ئەوەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوت لە نەوتی یەدەگیان بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، هەروەها ئامادەن لەو بڕەش زیاتر هەناردە بکەن. بایدن پێیوایە بەم هەنگاوە دەتوانێت رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بگرێت.
 
بەرگریکردنی ئۆکراینا بووەتە رۆژەڤی میدیاکانی رۆژئاوا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام ستایشی رۆڵی سەرۆک و سەربازانی ئۆکراینا دەکرێن. لەو بارەوە بایدن دەڵێت، "ئۆکراینییەکان بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕدەکەن. بەڵام رۆژانی داهاتوو، هەفتەکانی داهاتوو، مانگەکانی داهاتوو قورس دەبێت بۆیان"، هەروەها گوتیشی، پووتین "وایدەزانی ناتۆ ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام پووتین هەڵەیە و ئێمە پێکەوە بەرەنگاری دەبینەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

23:34

سەرۆکی ئۆکراینا بۆ بایدن: پێویستە بە زوویی دەستدرێژیی رووسیا بوەستێنین

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
 
سەرۆکی ئۆکراینا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا و داوای لێکردووە کە "بە زوویی دەستدرێژیی رووسیا" بوەستێنن.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 01-03-2022 پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و لە پەیوەندییەکەدا بە بایدنی گوتووە، گرنگە "دەستدرێژیی" رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی بە زوویی بوەستێندرێت.
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەشڵێت، "سەرکردایەتیی ئەمریکا لە سزاکانی دژ بە رووسیا و هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرایناش [لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا] تاوتوێ کران".
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە 30 خولەک قسەیان کردووە.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدایە شەش رۆژە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

20:43

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: 223 عێراقی لە ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا



وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، 223 عێراقی لە ئۆکرایناوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا. 
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 1-3-2022 لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، 223 هاووڵاتیی عێراقی لە ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمیی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پۆڵەنداوە پێیاندراوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە بوخارست داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی رۆمانیا و فەرمانگەی کۆچ کردووە کە مانەوەی ئەو عێراقییانە لەو وڵاتە درێژبکاتەوە کە لەگەڵ ئۆکراینییەکان ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە تاوەکو دۆخەکە سەقامگیر دەبێت. 
 
ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش ئەحمەد سەحاف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکراینا، هەنگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا پاسپۆرتی پەڕینەوە دەدەنە ئەو عێراقییانەی کە پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە لەکاتی جێهێشتنی خاکی ئۆکراینا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، 5 هەزار و 537 عێراق لە ئۆکراینا نیشتەجێن، نزیکەی 450یان خوێندکارن و لە 37 زانکۆی ئۆکراینا دەخوێنن.
 
ئەحمەد سەحاف گوتیشی، باڵیۆزخانەی عێراق لە 14-2-2022  نووسراوی فەرمیی بۆ زانکۆکانی ئۆکراینا کردووە و داوای لێکردوون مۆڵەتی خوێندن بدەنە ئەو قوتابییانەی کە دەیانەوێت ئۆکراینا جێبهڵن بەهۆی ئەو دۆخەوە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و بەرەبەیانی ئەو رۆژە هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجامیان نەبووە.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:40

لەنزیک باڵەخانەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی کیێڤ تەقینەوەیەک روویدا

 
بەپێی زانیاییەکان، لەنزیک باڵەخانەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی کیێڤ لە پایتەختی ئۆکراینا، تەقینەوەیەک روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە باڵەخانەی کەناڵەکە راستەوخۆ کراوەتە ئامانج و زیانی بەرکەوتووە یاخود نا.
 
پێشتر وەزارەتی بەرگریی رووسیا هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی کیێڤ کە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا دەکات.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:26

ئۆکراینا: لە هێرشێکی رووسیادا 8 هاووڵاتیی مەدەنی کوژران

 
خزمەتگوزاریی ئیمێرجنسیی ئۆکراینا رایگەیاندووە، لە هێرشێکی ئاسمانیی رووسیادا بۆسەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سڤیل لە رۆژهەڵاتی شاری خارکیڤ هەشت هاووڵاتی کوژراون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "لە خارکیڤ بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی رووسیاوە، هەشت هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و شەشی دیکەش برینداربوون"، دوو کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکە بە زیندوویی رزگارکراون.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:22

شازادەی جێنشینی ئیمارات و سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئیمارات، لە پەیوەندییەکەدا جەختیان لە سەقامگیریی بازاڕی وزە کردووەتەوە.
 
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئیمارات رایگەیاند، لەبارەی پرسی ئۆکراینا، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا جەختی لە پێویستیی "چارەسەری ئاشتییانە" کردووەتەوە، "بە شێوەیەک کە گەرەنتیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی هەموو لایەک بێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

17:54

دوایین گوتەی سەربازێکی رووسی بۆ دایکی پێش کوژرانی: دایکە دەترسم

سێرگی کیسلیتسیا، باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
 
باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە باڵەخانەی رێکخراوەکە گفتوگۆی نێوان دایک و کوڕێکی خستەڕوو، وەکو ئەو دەڵێت، گفتوگۆی نێوان سەربازێکی رووسی و دایکیەتی پێش ئەوەی سەربازە رووسییەکە بکوژرێت. لە بەشێکی گفتوگۆکەدا کوڕەکە بە دایکی گوتووە "دایکە دەترسم".
 
سێرگی کیسلیتسیا، باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی دووشەممە 01-03-2022 قسەی کرد و پارچەیەک کاخەزی بەرزکردەوە و گوتی، ئەوە کۆپییەکە لە گفتوگۆی نێوان سەربازێکی رووسی و دایکی کە لە مۆبایلە زیرەکەکەیدا بووە.
 
بەپێی گێڕانەوەکەی باڵیۆزی ئۆکراینا، گفتوگۆی سەربازە رووسییەکە و دایکی بەم شێوەیە بووە:
 
دایک: ئەلیۆشا، چۆنی کوڕم؟ بۆچی وەڵامدانەوەت زۆر درێژەی کێشا؟ هەر بەڕاستی لە راهێنانی سەربازیت؟
 
کوڕ: دایکە، من چیتر لە [هەرێمی] کریمیا نەماوم. لە خولی راهێناندا نەماوم.
 
دایک: ئەی لە کوێیت؟ باوکت لێت دەپرسێت لەوەی کە بتوانین هەندێک شتومەکت بۆ بنێرین.
 
کوڕ: چ جۆرە شتومەکێک دایکە؟ دەتوانیت بۆم بنێریت؟
 
دایک: باسی چی دەکەیت؟ چی روویداوە؟
 
کوڕ: دایکە من لە ئۆکراینام. لێرە جەنگێکی راستەقینە هەڵگیرساوە. من دەترسم. ئێمە بۆردوومانی هەموو شارەکان پێکەوە دەکەین، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەکەینە ئامانج. ئێمە پێمان گوترا کە ئەوان [خەڵکی ئۆکراینا] پێشوازیمان لێدەکەن، بەڵام ئەوان خۆیان دەخەنە ژێر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانمان و رێگەمان نادەن تێپەڕین. ئەوان [ئۆکراینییەکان] بە فاشیست ناومان دێنن. دایکە، ئەمە زۆر سەختە.
 
باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای خوێندنەوەی قسەکانی دایک و کوڕەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "دوای ماوەیەک لەم گفتوگۆیە، سەربازە رووسییەکە کوژرا"، گوتیشی، "ئەگەر دەتانەوێت تەنیا وێنای ئەو تراژیدیایە بکەن، دەبێت وێنای تەنیشت خۆشتان بکەن، وێنای هەریەک لە وڵاتانی نێو کۆمەڵەی گشتیی [نەتەوە یەکگرتووەکان]".
 
باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان قسەکانی هاوتا ئۆکراینییەکەی رەتدەکاتەوە
 
لە بەرامبەردا ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "کردەوەکانی رووسیا شێوێندراون و ژمارەیەکی زۆر هەواڵی ساختە لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە".
 
باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو گفتوگۆیەی سەربازە رووسییەکە و دایکی، کە لەلایەن باڵیۆزی ئۆکراینا خرایەڕوو، بە "هەواڵی ساختە" ناوبرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

16:58

هۆشداریی رووسیا بۆ خەڵکی کیێڤ: لە باڵەخانە ئەمنییەکان دوورکەونەوە

 
رووسیا هۆشداری دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا کە لە نزیک باڵەخانە ئەمنییەکان دەژین و دەڵێت، "لێیان دوورکەونەوە".
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی سێشەممە 01-03-2022 رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێک دەکەنە سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئەمنیی ئۆکراینا لە کیێڤ و داوا لەو کەسانە دەکات کە لەنزیک ئەو شوێنانە دەژین، "دوورکەونەوە".
 
ئیگۆر کۆناشێنکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "داوا لە خەڵکی کیێڤ دەکەین، ئەوانەی لە نزیک باڵەخانە ئەمنییەکان دەژین، ماڵەکانیان جێبهێڵن".

 

زیاتر بخوێنەوە

16:52

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 1.7 ملیار دۆلار دەکات بۆ هاوکاریی مرۆیی ئۆکراینا

ژمارەیەک ئاوارەی ئۆکراینی. وێنە: AFP
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە داوایەکی بەپەلەدا داوای 1.7 ملیار دۆلار دەکات بەمەبەستی دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی ئۆکراینییەکان کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون و ماڵ و حاڵیان تێکچووە.
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێوخۆی ئۆکراینا 12 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی و پاراستنە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێدەچێت لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆکراینی لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا پێویستیان بە یارمەتی بێت.
 
مارتن گریفیس، بەرپرسی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "ئەمە تاریکترین کاتە بۆ گەلی ئۆکراینا. پێویستە دەستبەجێ هاوکارییەکانمان زیاد بکەین بۆ پاراستنی ژیان و شکۆمەندیی خەڵکی ئاسایی ئۆکراینا".
 
ئەو 1.7 ملیار دۆلارەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە، دەیەوێت 1.1 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی شەش ملیۆن کەسی نێو ئۆکراینا خەرجبکات لە ماوەی سێ مانگی سەرەتادا، کە هاوکارییەکانیش خۆی لە دابینکردنی ئاو، خواردن، کەلوپەلی تەندروستی، خزمەتگوزاریی پەروەردە و دابینکردنی شوێنی مانەوە و بونیادنانەوەی ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، خێزانەکانی ئۆکراینا و منداڵەکانیان خۆیان حەشاردەدەن یان لەترسی بۆردوومان و دەنگی ترسناکی تەقینەوەکان هەڵدێن، "ژمارەی قوربانییەکان بەشێوەیەکی خێرا روو لە هەڵکشانە".
 
ئۆکراینا رایگەیاندووە، 350 هاووڵاتیی سڤیل لە شەش رۆژی رابردوودا و لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە بۆسەر ئەو وڵاتە کوژراون.
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 660 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا لەو شەش رۆژەدا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، بەپێی خەمڵاندنەکانیش نزیکەی یەک ملیۆن ئۆکراینیی دیکەش لە نێوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارە بوون.
 
فیلیپۆ گراندی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان ئاوارەبوونی ژمارەی زۆری ئۆکراینییەکان بە "گەورەترین قەیرانی ئاوارەی ئەوروپا لە سەدەی 21" ناودەبات.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:37

سکرتێری گشتیی ناتۆ: ناچینە نێو هیچ ململانێیەکی سەربازییەوە

سکرتێری گشتیی ناتۆ: ناچینە نێو هیچ ململانێیەکی سەربازییەوە
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ داوای لە رووسیا کرد کە جەنگ کۆتایی پێبهێنێت، جەختیشیکردەوە کە هاوپەیمانێتیی ناتۆ نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشەکە و سەرباز و فڕۆکەی سەربازی نانێرێت بۆ پاڵپشتیی کیێڤ. 
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە پۆڵەنداوە لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا قسەی کرد، گوتی، "پووتین ئاشتی لە ئەوروپا تێکداوە."
 
سکرتێرەکەی ناتۆ جەختیکردەوە کە "بەرگری لە هەموو بستەخاکێکی" سەر بە ناتۆ دەکەن. 
 
لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا و پاڵپشتیی وڵاتەکە، ستۆڵتنبێرگ گوتی، "هێرشی رووسیا بەتەواوی قبووڵنەکراوە و لەلایەن بێلاڕووسەوە پاڵپشتی دەکرێت."
 
ئەمڕۆ شەش رۆژە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە. رووسیا هێزێکی زۆری بەرەو کیێڤ جووڵاندووە و بەیانیی ئەمڕۆ لە دەروازەکانی شاری خێرسۆن خاڵی سەربازییان دانا. هاوکات بە مووشەک نێوەڕاستی خارکیڤیان کردە ئامانج. 
 
هەر ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆکراینا هەوڵیداوە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. گوتی ئۆکراینا "هێشتا تەکنەلۆژیا و رێگەکانی سۆڤیەتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئەو چەکە بەدەستبهێنێت."
 
بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە، خەڵکێکی زۆر بوونەتە ئاوارە و کۆچبەر لە ئۆکراینا. لە دوایین ئاماریدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 660 هەزار کەس لە ئۆکراینا هەڵاتوون کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە. 
 
دوای بۆردوومانەکان، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشی سەر خارکیڤ "تیرۆریستییە" و داوای لە رووسیا کرد بەزووترین کات هێرشەکانی بووەستێنێت. 
زیاتر بخوێنەوە

13:03

ئۆکراینا: بەهۆی بۆردوومانەکەی خارکیڤ لانی کەم 20 کەس برینداربوون

 
بەرپرسانی فریاگوزاریی خارکیڤ ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی بۆردوومانی رووسیا لە نێوەڕاستی شارەکە بەلانی کەمەوە 20 کەس برینداربوون. 
 
کارمەندانی فریاگوزاری لە شوێنی بۆردوومانەکە لەنێو داروپەردووی بۆردوومانەکەدا دەگەڕێن و ناوچەکە پاکدەکەنەوە. 
 
تاوەکو ئێستا بەڕوونی دیارنییە کە ئایا هیچ کەسێک لە بۆردوومانەکەدا کوژراوە یان نا. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:17

شاری ماریوپۆڵ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کارەبای کوژاوەتەوە

 
دوای هێرشی رووسیا، شاری ماریوپۆڵ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کارەبای کوژاوەتەوە کە شارێکی ستراتیژییە و دەکەوێت سەر دەریای ئازۆڤ. 
 
پاڤلۆ کیریلێنکۆ، سەرۆکی هەرێمەکە ئاماژەی بەوە کرد، شارەکانی ماریۆپۆڵ و ڤۆلۆنۆڤاخا "هیی ئێمەن". دەشڵێت، ئەو دووشارە لەژێر گوشاری هێرشەکانی رووسیادان، "بەڵام خۆیان راگرتووە." لە ماریۆپۆڵیش کارەبا بڕاوە و شارەکە بێ کارەبایە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:14

نەتەوە یەکگرتووەکان: لانیکەم 160 هەزار کەس لە ئۆکراینا ئاوارەبوون

نەتەوە یەکگرتووەکان: لانیکەم 160 هەزار کەس لە ئۆکراینا ئاوارەبوون
 
لە ژێرزەمینێکی شاری خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، ئیکاتێرینا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و هاوڕێکانی ئاوارەبوون. بۆ منداڵەکان پارچە نانێک بۆ خۆراک و مۆبایلێک بۆ یاریکردن، هەموو ئەو شتەیە کە داوای دەکەن. دایکوباوکیشیان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە چاودێریی بارودۆخی شارەکە دەکەن.
 
ئیکاتێرنیا بابێنکۆ، دانیشتووی خارکیڤە و دەڵێت، "ئێمە زۆر نیگەرانین. ئێرە زۆر ترسناکە. ئێمە منداڵی بچووک و کەسی بەساڵاچوومان لەگەڵە. راستییەکەی بارودۆخەکە زۆر تۆقێنەرە." 
 
ئەمڕۆ سێشەممە هێرشی مووشەکیی رووسیا نێوەڕاستی خارکیڤی کردە ئامانج. رۆژی رابردووش چەند مووشەکێک ناوچە جیاوازەکانی ئەو شارەیان کردە ئامانج. 
 
پەناگەیەک لە شاری خارکیڤ گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی لەدایکبوون، ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانە لەدایکبوون بەرەو ئەوێ گوازراونەتەوە. بەگوێرەی تەندروستیی خارکیڤیش، تاوەکو ئێستا دوو منداڵ لەو پەناگەیەدا لەدایکبوون. 
 
لە شاری چێرنهیڤیش لە باکووری رۆژهەڵاتی کیێڤ، ژنێک ماڵەکەی بەهۆی بۆردوومانەوە ڕووخاوە و ئەوەی لە دەستی دایە، هەموو ئەو شتەیە کە لەگەڵ خۆی دەیباتە پەناگەیەکی ئارام. ئەو ژنە کە سەبەتەیەکی لەدەستدایە دەڵێت، "تەنیا ئەمەم بۆ ماوەتەوە.. داوا لە جیهان دەکەم ئەم شێتییە بوەستێنن. لێرە، نۆڕینگەیەکی منداڵان و خانووی سڤیلیان بۆردوومانکردووە. تاوانی ئێمە چییە؟ هیچیان بۆ نەهێشتووین."
 
بەردەوام دەنگی تەقە و بۆردوومان لە سەرتاسەری شاردا دەبیسترێت. ئاسانە بۆ ئەوەی پەناگەت دەستبکەوێت، بەو پێیەی بە زمانی ئۆکراینی بە نووسین دەستنیشانکراون.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تاوەکو ئێستا لانیکەم 160 هەزار کەس ئاوارەبوون و ژمارەکەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

10:53

خامنەیی: ئەمریکا بووە هۆی قەیرانی ئۆکراینا

 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، ئەمریکا هۆکارەکەی بووە. دەشڵێت، "ئێمە لایەنگری وەستانی شەڕین، بەڵام دەبێ رەگی قەیران چارەسەر بکرێت کە لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییەوەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خامنەیی بانگەشەی ئەوەی کرد کە "خەڵکی ئۆکراینا پشتگیری لە حکومەتی وڵاتەکەیان ناکەن." دەشڵێت، "ئەگەر خەڵک لە مەیداندابان، قەیران دروست نەدەبوو."
 
خامنەیی نموونەی عێراقی هێنایەوە و گوتی، کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر رژێمی سەدام، خەڵک پشتیوانی لە دەسەڵات نەکرد، بۆیە سەدام شکستی هێنا، بەڵام کاتێک داعش لە عێراق سەریهەڵدا، خەڵکی لە مەیدانبوون بۆ پشتیوانیی دەسەڵاتەکەیان و داعش شکستیهێنا. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:50

سوپای رووسیا گەیشتووەتە دەروازەکانی شاری خێرسۆن

 
 
ئیگۆر کۆلیخایڤ، سەرۆکی شارەوانیی خێرسۆن بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، سوپای رووسیا گەیشتووەتە دەروازەکانی شارەکە و سەرقاڵی دانانی خاڵی سەربازین. دەشڵێت، "خارسۆن ئۆکراینی بووە و هەر بە ئۆکراینیش دەمێنێتەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

08:15

ئەمریکا: بە رووسیامان گوتووە شەڕی ئەتۆم باجی وێرانکەری دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا پێی نایە رۆژی شەشەمەوە و ئەمریکاش دەڵێت، پێمانوایە هەڕەشەی وەگەڕخستنی هێزی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە مەترسیدارە و مەترسیی لێکدانەوەی هەڵە دروستدەکات، بۆیە "دەبێت خۆمانی لێ بەدووربگرین."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێویست ناکات ئەمریکییەکان لە شەڕی ئەتۆم بترسن یاخود نیگەران بن."
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆنیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "چەندین جار بە رووسیامان گوتووە کە لە شەڕی ئەتۆم هیچ لایێک براوە نابن و نابێت هەرگیز بەکاربهێندرێت."
 
جۆن کێربی ئەوەشی گوت کە دەمێکە لەگەڵ رووسیا رێککەوتوون شەڕی ئەتۆم باجی وێرانکەری بەدواوە دێت.
 
بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆنیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، دەڵێت واشنتن پێیوانییە هیچ  گۆڕانکاریێک لە پێگەی ئەتۆمی رووسیا روویدابێت، بەڵام ئەو بڕیارانەی پووتینیشی بە خۆشکردنی ئاگری شەڕ ناوبرد.
 
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا، درەنگانی شەوی رابردوو واشنتن 12 ئەندامی رووسیای لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکەی دەرکرد.
 
هەر رۆژی دووشەممە، رووسیا لە هەردوو پاڵەوانییەتیی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا ناسراو بە یوفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا دەرکرا. دەستەی تۆپی پێی ئەوروپاش رێککەوتنەکەی لەگەڵ گازپرۆمی رووسی کۆتاییپێهێنا.
 
یەکێتیی ئەوروپا لە دواین سزای بەسەر رووسیا ژمارەیەک بەرپرس لە نزیک پووتین دەخاتە لیستی رەشەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

08:07

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا لێدەدرێت

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا لێدەدرێت
 
ئەمڕۆ رۆژی شەشەمە لە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی. بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 1-3-2022 خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی کیێڤ بە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە خەبەریان بووەوە. 
 
رووسیا بەردەوامە لە ناردنی سەرباز و چەک بەرەو کیێڤ بەپێی وێنە سەتەلایتییەکانی ماکسار، کاروانێکی سەربازیی رووسیا بە درێژایی 60 کیلۆمەتر بەرەو کیێڤ پێشڕەوی دەکەن. لە شاری خێرسۆنیش چەند شایەتحاڵێک قسەیان بۆ بی بی سی کردووە و دەڵێن، سوپای رووسیا دەستیکردووە بە هێرشکردن. 
 
شەوی رابردووش دەنگی تەقینەوە و بۆردوومان لە ناوچە جیاوازەکانی کیێڤ بیستراوە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

00:51

سەرۆکی ئۆکراینا بە فەرمی داوای بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات

 
سەرۆکی ئۆکراینا فۆرمی بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا پڕکردەوە.
 
هێرشەکانی رووسیا بەردەوامن، تاوەکو ئێستا ئۆکراینا بەرگریی دەکات و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاش پاڵپشتیی لێدەکەن، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا پێیوایە ئەوە بەس نییە و داوا دەکات ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵکو بەو شێوەیە بتوانێت لە ژێر چەتری ئەو یەکێتییە سنوورەکەی تۆکمەتر بکات و هاوکاری و پاڵپشتیی زیاتر بکرێت.
 
شەوی سێشەممە 28-02-2022 ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا چەند وێنەیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و نووسی، فۆرمی بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا پڕکردووەتەوە، "دڵنیا بن ئەمە راستییە".
 
ئەمە لە پاڵ بوونە ئەندام لە ناتۆ، خەونێکی ئۆکراینایە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەریی هەژموونی رووسیا کەمتر بێتەوە لەسەری.
 
تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا وەڵامی ئەو داوایەی ئۆکراینای نەداوەتەوە، بەڵام ئورسولا ڤۆن دەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندبوو، ئۆکراینا "بەشێکە لە ئێمە، دەمانەوێت بێنە نێو ئێمەوە".
 
بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئاسان نییە، سەرەڕای ئەوەی کە ئۆرسولا دەڵێت، دەیەوێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە ئەندام زیاد بکات، تەنانەت ناشتوانێت ئەندامێک وەکو بەربژێر پێشنیاز بکات. ئەو کارە پێویستی بە دەنگی هەموو ئەندامانی یەکێتییەکە هەیە کە 27 وڵاتن. 
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتانە لە چەند ساڵی رابردوودا دژی ئەوە بوون کە یەکێتیی ئەوروپا لەوەی ئێستا فراوانتر بکرێت. بەم دواییانەش چالز مایکڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی زیادکردنی ئۆکراینا بۆ یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بۆچوونی جیاواز لە هەن لەبارەی فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ زێلێنسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەم "دەستبەجێ" ئۆکراینا بۆ یەکێتییەکەیان زیاد بکەن. هەروەها دەشڵێت، "دڵنیام کە شایەنی ئەوەین، دڵنیام کە مەحاڵ نییە".
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

23:20

ئەمریکا داوا لە 12 دیپلۆماتی رووسیا دەکات، وڵاتەکەی بەجێبهێڵن

باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، داوایان لێکراوە تاوەکو 07-03-2022 ئەمریکا بەجێبهێڵن.
 
ڤاسیلی نێبێزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، "ئەوە هەواڵێکی ناخۆشە". هەرچەندە تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ڤاسیلیش لە لیستی ئەو 12 کەسەیە کە داوایان لێکراوە ئەمریکا بە جێبهێڵن یان نا.
 
ریچارد میڵس، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەوە دەڵێت، ئەو 12 دیپلۆماتە رووسییەی کە لە ئەمریکا دەرکران، ژمارەیەک چالاکییان ئەنجامدابوو کە لەگەڵ بەرپرسیارێتیی و کاری دیپلۆماتی نەدەگونجا.
 
زیاتر بخوێنەوە

22:35

نێردراوی رووداو لە لڤیڤ: ئاگادارکراوینەتەوە کە ئەگەری هێرشی رووسیا هەیە

 
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە لڤیڤی ئۆکراینا رایگەیاند، قەدەخەی هاتووچۆی تووند پەیڕەودەکرێت و رێگە بە کەس نادرێت بچێتەدەرەوە. زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت و خەڵک ئاگادارکراونەتەوە کە شەوێکی سەخت بەڕێوەیە و ئەگەری هێرشی رووسیا هەیە. 
 
لە کاژێر 10:00 بەکاتی ناوخۆیی لڤیڤ قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و خەڵکی ئاگادارکراونەتەوە لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان بشارنەوە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

19:40

سەرۆکی ئۆکراینا: فۆڕمی بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپامان پڕکردەوە

 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، فۆڕمی بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپای پڕکردووەتەوە
زیاتر بخوێنەوە

18:36

دانوستاندنی رووسیا و ئۆکراینا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات

 
شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیازەکان، گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
زیاتر بخوێنەوە

18:31

ماکرۆن داوا لە پووتین دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل رابگرن

 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ڤلادیمیر پووتین کردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل رابگرن. هەروەها کرێملینیش دەڵێت، پووتین لەبارەی راگرتنی شەڕ، داوای کردووە ئۆکراینا چەک دانێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28-02-2022 لە پێنجەم رۆژی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا کە 90 خولەکی خایاندووە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ماکرۆن داوای لە پووتین کردووە، ژیانی خەڵکی سڤیل، خزمەتگوزارییەکانی خەڵک و رێگە و شەقامە سەرەکییەکانی ئۆکراینا بپارێزن.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکاتیی فەرەنسا، ڤلادیمیر پووتین ئامادەیی دەربڕیوە پابەندی ئەو داواکارییانەی ماکرۆن بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی کرێملین راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ڤلادیمیر پووتین دوو مەرجی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ داناوە، یەکەمیان ئەوەیە کە هێزەکانی ئۆکراینا چەکدانێن، دووەمیشیان ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا دان بە لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمیا بە رووسیا بنێن.
 
نیمچەدوورگەی کریمیا لە ئاداری 2014 بە بڕیارێکی بەپەلەی حکومەتی رووسیا، بەو وڵاتە لکێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی راپرسییەکی گشتی لە دوورگەی کریمیا ئەنجامدرا و، تێیدا رێژەی 95٪ـی دانیشتووانی دوورگەکە دەنگیان بۆ لکاندنیان بە رووسیا دا، ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی تووندی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا.
زیاتر بخوێنەوە

16:29

سەردانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ جنێڤ بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئەوروپا بەڕووی وڵاتەکەی، هەڵوەشایەوە

 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گەشتەکەی بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای بەسەر فڕۆکەوانیی رووسیا سەپاندووە و ئاسمانیان بەڕووی فڕۆکەکانیان داخستووە.
 
پێنج رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ بچێتە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێ بەشداریی کۆنفرانسێک لەبارەی چەکدانان بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئاسمانیان بەسەر رووسیادا داخستووە، گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە.
 
دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیرییان لە ئۆکراینا کرد و کۆمەڵێک سزایان بەسەر رووسیا سەپاند، تووندترین سزا، دەرکردنی رووسیا بوو لە سویفت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری ئەو ئۆکراینیانەی بڵاوکردەوە کە بەهۆی جەنگ لەو وڵاتە هەڵاتوون و ئاوارەبوون. بەپێی ئامارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.
 
هەروەها جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئێمە تەنانەت فڕۆکەی جەنگی [بۆ ئۆکراینا] دابیندەکەین. ئێمە تەنیا باسی چەک و تەقەمەنی ناکەین، ئێمە چەکی زۆر گرنگ دابیندەکەین بۆ جەنگی ئۆکراینا [لەگەڵ رووسیا]".
زیاتر بخوێنەوە

16:26

ئوسترالیا چەک و تەقەمەنی دەداتە ئۆکراینا

چەند سەربازێكی ئۆکراینا لە کیێڤ. وێنە: AFP

حکومەتی ئوسترالیا دەڵێت، هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاد دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هاوکارییەکانی ئوسترالیا بۆ ئۆکراینا خۆیان لە کەرەستەی سەرەتایی سەربازییدا دەبینییەوە. 
 
سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند: "هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە" بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. 
 
مۆریسن گوتی، لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا کاردەکەن بۆئەوەی لە رێگەی ناتۆوە پاڵپشتی بە ئۆکراینا بگەیێنن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت ئەوە "باشترین" رێگەیە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتەکە؛ بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە جۆرێتیی ئەو هاوکارییە سەربازییە و جۆری ئەو چەکانە نەکرد کە بڕیارە پێشکێشی ئۆکراینا بکرێن. 
 
رۆژی هەینی 25-2-2022 کە دەکاتە رۆژێک دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئوسترالیا کەرەستەی سەرەتایی سەربازی، هاوکاریی پزیشکی و بڕی 3 ملیۆن دۆلار پارەی کاشی لە رێگەی ناتۆوە بۆ ئۆکراینا دابینکرد. 
 
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی هێرشکرنە سەر ئۆکراینا،  ئوسترالیا سزای بەسەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و زیاتر لە 350 کەسایەتیی رووسیدا سەپاندووە. هەر بەهۆی "هاوکاریکردنی" سوپای رووسیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراینا، ئوسترالیا سزای بەسەر13 کەسایەتیی بێلاڕووسدا سەپاندووە، لەنێویشیاندا وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە. 
 
دەقی قسەکانی سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا
 
"دوێنێ رامگەیاند، هاوکاریی خۆمان بۆ ئاستی هاوکاریی چەک و تەقەمەنی بەرزدەکەینەوە. ئەوەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەرێگەی ناتۆوە ئەنجامدەدرێت. ئەو پلانە لە ماوەی 24 تا 36 کاژێری رابردوو کاری لەسەرکراوە و هەر لەسەر ئەو پرسە، سبەینێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ راپۆرتەکان بکات و رێگەمان بدات بۆ ئەوەی ژمارەیەک لەو دەستپێشخەریانە ئەنجام بدەین. ئەو دەستپێشخەریانە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیشەوە دەبێت. بۆیە نامەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە دەکرێت لیستێک ئامادە بکەین. لەو کاتەی کار لەسەر پرسەکان دەکەین، بیر لەوەش دەکەینەوە پاڵپشتیی چەک و تەقەمەنی ئێمە دەباتەوە ریزی هەموو وڵاتانی جیهان. دڵخۆشبووم کاتێک دوێنێ شەو نامەیەکی سەرۆکی ئۆکراینام پێگەیشت کە سوپاسی هەڵوێستی بەهێزی ئوسترالیای کرد، بەتایبەتی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانمان بۆ ئاستی چەک و تەقەمەنی."
زیاتر بخوێنەوە

15:31

ئۆکراینا: زیاتر لە 5000 سەربازی رووسیامان کوشتووە

 
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی رووسییان لەمیانی رووبەڕووبوونەوەی چوار رۆژی رابردوو لەگەڵیان کوشتوون.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاندووە، نزیکەی پێنج هەزار و 300 سەربازی رووسییان لە چوار رۆژی رابردوودا کوشتووە، هەروەها 191 تانک، 29 فڕۆکەی جەنگی، 29 هێلیکۆپتەر و 816 ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاندوون.
 
تاوەکو ئێستا ئەم ئامارانە لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش لەو باوەڕەدایە کە رووسیا لە پێکدادانەکاندا قوربانیی "زۆری" هەبووە.
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە کە هێزەکانی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام بەرپرسانی سوپای رووسیا هیچ ئامارێکیان لەبارەی ژمارەی قوربانیان نەخستووەتەڕوو.
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، توانیویانە پشتڕاستی ئەوە بکەنەوە کە لانیکەم 94 هاووڵاتیی سڤیل لە یەکەم رۆژی شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا کوژراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، داگیرکاریی ئۆکراینا بووەتە هۆی ئەوەی "دۆخی مرۆیی خراپتر ببێت" و ژمارەی قوربانییەکانیش بەپێی خەمڵاندنەکانیان زیاتر دەبێت.
زیاتر بخوێنەوە

15:29

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە نیو ملیۆن ئۆکراینی لە چوار رۆژدا ئاوارە بوون

ژمارەیەک لە خەڵکی ئۆکراینا لە کاتی ئاوارەبوونیان. وێنە: AFP
 
نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری ئەو ئۆکراینیانەی بڵاوکردەوە کە بەهۆی جەنگ لەو وڵاتە هەڵاتوون و ئاوارەبوون. بەپێی ئامارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.
 
فیلیپۆ گراندی، بەرپرسی ئاژانسی ئاوارەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە لە ئۆکرایناوە بۆ وڵاتانی دراوسێی بوون"، پێشتر ئاژانسەکە رایگەیاندبوو کە پلانیان هەیە مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارەدا بکەن ئەگەر دۆخەکە خراپتر ببێت.
 
زیاتر لە 280 هەزار ئاوارە چوونەتە پۆڵەندا
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە کۆی ئەو ژمارەیە لە ئاوارەکان [زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە]، زیاتر لە 280 هەزار کەسیان چوونەتە پۆڵەندا.
 
پاسەوانانی سنووری پۆڵەندا رایانگەیاندووە، 90%ی ئەو ئاوارانەی ئۆکراینا کە چوونەتە وڵاتەکەیان لەلایەن هاوڕێ و کەسوکاریانەوە پێشوازییان لێکراوە، بەڵام ناوەندی تایبەت بە ئاوارەشیان لەسەر سنوور ئامادەکردووە بۆ پێشوازی لە ئاوارەکان.
 
پۆڵەندا پێش دەستپێکردنی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، پێشوازیی لە 1.5 ملیۆن ئۆکراینی کردووە.
 
زیاتر لە 32 هەزار ئاوارەی ئۆکراینی چوونەتە رۆمانیا
 
بەپێی ئاژانسی ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 32 هەزار و 500 ئۆکراینی لە وڵاتەکەیانەوە چوونەتە رۆمانیا.
 
هەنگاریا پێشوازیی لە نزیکەی 85 هەزار ئاوارەی ئۆکراینی کردووە
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 85 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، چوونەتە هەنگاریا.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەنگاریا رایگەیاندووە، لە چەند شار و شارۆچکەیەکی سەر سنووری وڵاتەکەی، وەکو زاهۆنی، چەند باڵەخانەیەک تایبەتکراون بۆ پێشوازی لە ئاوارەکانی ئۆکراینا و خەڵک خواردن و جلوبەرگیان بۆ دابیندەکەن.
 
مۆڵدۆڤا پێشوازیی لە 70 هەزار ئاوارەی ئۆکراینی کردووە
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی مۆڵدۆڤا رایگەیاندووە، لانیکەم 70 هەزار ئۆکراینی چوونەتە وڵاتەکەی. ئاژانسی ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، زیاتر لە 36 هەزار ئاوارەی ئۆکراینی پەڕیونەتەوە بۆ مۆڵدۆڤا.
 
سلۆڤاکیا پێشوازیی لە 30 هەزار و بێلاڕووس پێشوازیی لە 300 ئاوارەی ئۆکراینی کردووە
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022ەوە سلۆڤاکیا پێشوازیی لە نزیکەی 30 هەزار ئاوارەی ئۆکراینی کردووە. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، رۆژی یەکشەممە 27-02-2022 شەش هەزار و 514 ئۆکراینی لەنێوان کاتەکانی نیوەشەو بۆ کاژێر 06:00ی بەیانی چوونەتە نێو وڵاتەکەی.
 
هاوکات بێلاڕووس، کە بە هاوپەیمانی رووسیا هەژماردەکرێت، پێشوازیی لە زیاتر لە 300 ئاوارەی ئۆکراینی کردووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 34 هەزار و 600 کەس لەوانەی ئۆکراینایان جێهێشتووە و چوونەتە وڵاتانی دیکە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەڕۆن.
 
لە ناوخۆی ئۆکرایناش نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارە بوون. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لانیکەم 100 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون.
زیاتر بخوێنەوە

12:25

بەریتانیا بۆ پووتین: چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی چەکی ئەتۆمی دەبێت

 
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە هێزی تایبەتی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد کە لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن؛ وەزیری بەرگریی بەریتانیاش رایگەیاند، چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان دەخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. هۆشدارییش دەدات لەوەی کە "چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی چەکی ئەتۆمی دەبێت".
 
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، پێیوانییە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا چەکی ئەتۆمی لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا بەکاربهێنێت، دەشڵێت، "چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان دەخەینە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە".
 
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت نیگەرانبین کە دەوڵەتێکی وەکو رووسیا باوەڕی وایە کە یاساکان بۆ ئەوان نین"، دەشڵێت، دەبێت خۆیان ئامادەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش.
 
بە گوتەی واڵاس، هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا لەژێر گوشاردان و خۆیان رێکدەخەنەوە، "ئۆکراینییەکان شەڕێکی زۆر سەخت دەکەن". وەزیرە بەریتانییەکە پێیوایە کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "هەڵسەنگاندنی هەڵە"ی کردووە لەوەی باوەڕی بەخۆی هێناوە گەلی ئۆکراینا چاوەڕوانی ئەوە بووبن ئازادبن [لەدەست حکومەتی وڵاتەکەیان].
 
ئەوەش پێدەچێت بەو مانایە بێت کە رووسییەکان پێویستیان بەوەیە کە پلان داڕێژنەوە و ئۆپەراسیۆنەکەیان خاو بکەنەوە. واڵاس دەپرسێت، "یەکێک لە ترسەکان کە هەموو کەسێک دەبێت هەیبێت ئەوەیە کە ئایا ئەو [پووتین] دەزانێت لە ئۆکراینا چی روودەدات؟ ئایا خەڵک راستییەکەی پێدەڵێن؟"
 
وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەشڵێت، "دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش کە لەوانەیە بۆردوومانی بێبەزەییانەی شارەکان، پێشڕەویی زیاتری سەربازی و کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەوەش ترسناکە".
 
"باشترین هاوڕێی پووتین، ئێستا سەرۆکی بێلاڕووسە"
 
بێن واڵاس دەڵێت، "نابێت [پووتین] ئەو راستییە لەبیربکات کە باشترین هاوڕێی ئەو لەم ساتەدا وادیارە کە سەرۆکی بێلاڕووسە.. پێویستە بزانێت کە لە بەرەیەکی هەڵەی مێژوودایە".
 
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ گۆڕانکارییەک لە پرسی ئەتۆمیی رووسیادا رووینەداوە، هۆشدارییش دەدات لەوەی کە وڵاتەکەی ئەویش خاوەنی هێزی ئەتۆمییە و پووتین دەبێت بزانێت کە چەکی ئەتۆمی وەڵامەکەی لەلایەن رۆژئاواوە بە چەکی ئەتۆم یان زیاتر دەبێت.
 
واڵاس دەشڵێت، بەریتانیا هیچ کارێک ناکات بۆ هەڵکشانی بابەتی ئەتۆمی، بەڵام "ئەمە شەڕی زارەکییە و پێویستە لەوە دڵنیابینەوە کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە".
زیاتر بخوێنەوە

11:28

ئۆکراینا: گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەوروپا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵماندایە

وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژا. وێنە: AFP
رووسیا دەڵێت دەستی بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژا گرتووە، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا، بەڵام ئۆکراینا ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
ئینێرگۆتۆم، کۆمپانیای ئەتۆمیی دەوڵەتی ئۆکراینا بە ئاژانسی هەواڵیی ئینتەرفاکسی راگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی رووسیا کە باس لەوە دەکەن دەستی بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژا گرتووە، "درۆیەکی شاخدارە و ساختەیە".
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 28-02-2022 رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی دەستیان بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژا-دا گرتووە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن.
 
جەنەراڵ ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "هێزەکانی رووسیا بەتەواوی کۆنترۆڵی ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژا دەکەن و پاسەوانیی دەکەن".
 
ئەو جەنەراڵە رووسییە ئاماژەی بەوەش کردووە، شارەزایانی بوارەکە کار لەسەر دۆخی تیشکدانەوەی وێستگەکە دەکەن و تیشکدانەوەکەشی ئاساییە.
 
پێشتر هێزەکانی رووسیا دەستیان بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-دا گرت و وەزارەتی بەرگریی رووسیاش رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-یان کردووە بەمەبەستی "پاراستنی لە تیرۆریستان".
زیاتر بخوێنەوە

10:22

سوێد هاوکاریی سەربازی دەداتە سوپای ئۆکراینا

ئەو جۆرە چەکەی سوێد بەنیازە بیداتە ئۆکراینا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بەو باوەڕە گەیشتووە کە پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سوپای ئۆکراینا باشترین خزمەت بە ئاسایش و گەلی سوێد دەکات.
 
ماگدەلینا ئەندرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت، هەرچەندە لە بنەمای کاری سوێددا نییە کەرەستەی سەربازی بنێرێتە دەرەوەی سنوورەکانی، بەڵام ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە ئەوروپا تێیکەوتووە، ناچاریان دەکات بڕیاری تایبەت دەربکەن.
 
ماگدەلینا ئەندرسن گوتی، نەک تەنیا ئەوروپا، بەڵکو سوێدیش لە دۆخێکی تایبەتدایە و ئەو بارودۆخەش پێویستی بە بڕیاری تایبەت هەیە، راشیگەیاند، لە پرەنسیپی سوێددا نییە کەرەستەی سەربازی هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی بکات و دوایین جار کە ئەمە روویدابێت کاتێك بوو یەکێتیی سۆڤێتی جاران لە ساڵی 1939 هێرشیکردە سەر فینلاند؛ گوتیشی: "بۆ من وەک سەرۆکوەزیران، یەکەم و دوا پرسیارم ئەوەیە کە چ شتێك خزمەت بە ئاسایشی سوێد و گەلەکەی دەکات و بەو ئەنجامەش گەیشتووم کە ئاسایشمان لە رێگەی پاڵپشتیکردنی تواناکانی ئۆکراینا بۆ بەرگریکردن لەخۆی دژی رووسیا، بە باشترین شێوە خزمەت دەکرێت".
 
سەرۆکوەزیرانی سوێد راشیگەیاند: " لەسەر ئەو بنەمایە، سوێد پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەنێرێت".
 
وەزارەتی بەرگریی سوێد رایگەیاندووە، 5 هەزار مووشەکی دژە تانک لە جۆری "پانسارسکۆت-86" پێشکێشی سوپای ئۆکراینا دەکات؛ هەروەها هاوکارییەکان 135 هەزار ژەمە خواردن، 5 هەزار کڵاوی سەربازی و 5 هەزار ئێلەکی سەربازیش لەخۆدەگرێت.
 
پێشتریش پیتەر هولتیگڤیست، وەزیری بەرگریی سوێد رایگەیاندبوو: " ئۆکراینا داوای لە حکومەتی سوێد کردووە سیستمی پێشکەوتووی دژە تانک لە جۆری "رۆبۆت-57"ی پێشکێش بکرێت و ئەو سیستمەی پانسارسکۆت-86"،  کە ئێمە پێشکێشی ئۆکرانییەکانی دەکەین ئەو توانایەی هەیە تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تێکبشکێنێت؛ گوتیشی بەکارهێنانی سیستمی پانسارسکۆت-86" ئاسانە و پێویستی بە راهێنان نییە و دەکرێت یەک سەرباز بە تەنیا بەکاری بهێنێت.
 
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، سوێد بە فەرمی کۆتایی بە سیاسەتی "بێلایەنی خۆیی" راگەیاند، هەرچەندە بە کرداری نەچووەتە نێو هیچ هاوپەیمانیەتییەکەوە و ئەندامی رێکخراوی ناتۆش نییە، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەتەی رابردووەوە بە یەکێك لە وڵاتە هاوبەشەکانی ناتۆ دادەنرێت.
زیاتر بخوێنەوە

08:27

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژە بڕیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی پەسندکرد

 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر پرۆژە بڕیارێک دەدات تاوەکو رێگە بە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە قەیرانی ئۆکراینا ببەستێت.
 
ڤاسیلی نێبینزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە دەنگی 11 ئەندام بە بەڵێ و یەک دەنگی دژ و سێ دەنگی نەدراو، "پرۆژە بڕیارەکە پەسندکرا".
 
بە پەسندکردنی پرۆژە بڕیارەکە، ئیدی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە 193 ئەندامەکەیەوە دانیشتنێکی نائاسایی تایبەت لەژێر ناونیشانی "یەکگرتن بۆ ئاشتی" ئەنجامدەدەن.
 
پێشبینی دەکرێت سەرووی 100 وڵات سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بکەن.
 
لیندا-تۆماس گرینفێلد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ یەکەمجار لەدوای چەندین دەیە، داوای بەستنی کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. ئەوانەی کە بە بەڵێ دەنگیان داوە، دەزانن کە بە کاتێکی ئاساییدا تێناپەڕین. پێویستە جووڵەیەکی تایبەتمان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیەی سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوەی کە لە دەستمان بێت پێشکێشی گەلی ئۆکراینای بکەین".
 
پەنابردن بۆ دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتانەدا دەبێت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەنگی لەئاست قەیرانێکدا نەبێت، وەکو ئەوەی کە لە هەفتەی رابردوودا روویدا و رووسیای ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڤیتۆی پرۆژە بڕیارێكی ئەمریکای کرد کە تێیدا "سەرکۆنەی" هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینای کردبوو.
 
بیرۆکەی بەستنی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە تشرینی دووەمی ساڵی 1950 لەدوای 4 مانگ لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور پێشنیاز کرا، تاوەکو دژی ڤیتۆکانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران بوەستن.
زیاتر بخوێنەوە

17:52

ئەڵمانیا و نەمسا بۆ ئاوارەکانی ئۆکراینا: بێ بەرامبەر دەتانهێنینە وڵاتەکانمان

 
هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانیا و نەمسا رایانگەیاندووە، ئامادەن بەبێ بەرامبەر ئاوارەکانی ئۆکراینا بە شەمەندەفەر لە پۆڵەنداوە ببەنە وڵاتەکانیان؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار ئۆکراینی چوونەتە پۆڵەندا.
 
هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە 27-02-2022 رایگەیاند، ئۆفەری ئەوەیان خستووەتە بەردەم ئەو ئاوارانەی ئۆکراینا کە چوونەتە پۆڵەندا، بۆئەوەی بەبێ بەرامبەر بیانبەنە وڵاتەکەیان. کۆمپانیای دۆیچە بان-ی ئەڵمانی دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە شەش شەمەندەفەر لە پۆڵەنداوە دێنە ئەڵمانیا، هەوڵیش دەدەن ئەو ژمارەیە زیاتر بکەن.
 
هاوکات هێڵی شەمەندەفەری نەمساش رایگەیاندووە، کۆمپانیای تایبەت بە هێڵی شەمەندەفەری وڵاتەکەی "OeBB" ئامادەیە بەبێ بەرامبەر ئەو کەسانە بباتە وڵاتەکەی کە لە جەنگی ئۆکراینا هەڵاتوون.
 
لیۆنۆری گێویسلەر، وەزیری گواستنەوەی نەمسا رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیای "OeBB" رێککەوتوون کە ئەو ئۆکراینیانەی کە لە جەنگ هەڵدێن، "بەبێ تیکت" بیانبەنە وڵاتەکەیان.
 
وەزیرەکەی نەمسا ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەم کاتانەدا گرنگە کە بەپەلە و سادەیی هاوکاری پێشکێش بکەین. ئەوەش ئەو کارەیە کە ئێستا ئێمە دەیکەین".
 
زیاتر بخوێنەوە

17:29

سەرۆکی ئۆکراینا: ئامادەین بەبێ هیچ پێشمەرجێک لەگەڵ شاندی رووسی کۆببینەوە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا. وێنە: AP
 
سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، ئامادەیە بەبێ مەرجی پێشوەخت لە شارێكی سنووریی لەنێوان ئۆکراینا و بێلاڕووس لەگەڵ رووسیا دانوستاندن بکات.
 
رۆژی یەکشەممە 27-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە بەرپرسانی ئۆکراینا کرد، لە بێلاڕووس دانوستاندنیان لەگەڵ بکەن. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش بە داواکە رازی بووە و دەڵێت، لە ناوچەیەکی سنووریی وڵاتەکەی لەگەڵ بێلاڕووس ئامادەی کۆبوونەوەن؛ ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی سەرۆکی ئۆکراینا بوو لەگەڵ ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، هاوتا بێلاڕووسییەکەی.
 
نووسینگەی زێلێنسکی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سیاسییەکان رازی بوون بەوەی شاندی ئۆکراینا لەگەڵ شاندی رووسی کۆببنەوە بەبێ هیچ پێشمەرجێک لە سنووری ئۆکراینا-رووسیا، لە نزیک رووباری پریپیات".
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی ئۆکراینادا هاتووە، "ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ بەرپرسیارێتیی گرتووەتە ئەستۆ کە هەموو ئەو فڕۆکە، هێلیکۆپتەر و مووشەکانەی لەسەر خاکی بێلاڕووس جێگیرکراون، لەکاتی گەشت، گفتوگۆ و گەڕانەوەی شاندی ئۆکراینادا لەسەر زەوی دەمێننەوە".
 
دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەو راستیەی کە رووسیا رازی بووە بە کۆبوونەوە لەگەڵیان بەبێ مەرجی پێشوەختە "سەرکەوتنە".
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، شاندی رووسیا ئێستا لە شاری گۆمێل-ی بێلاڕووسن. مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە 28-02-2022 لەنێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەدەچێت.
 
پێشتر زێلێنسکی رایگەیاند، ئامادە نییە لەگەڵ شاندی رووسیا لەسەر خاکی بێلاڕووس کۆببێتەوە، چونکە داگیرکاریی رووسیا بەشێکی لە بێلاڕووسەوە بووە.
 
تاوەکو ئێستا هیچکام لە رووسیا و بێلاڕووس هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانەوە نییە.
 
زیاتر بخوێنەوە

16:46

پووتین فەرمانی کرد: 'هێزی بەرپەرچدانەوە'ی ئەتۆمی لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: AFP
 
سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە "هێزی بەرپەرچدانەوەی [ئەتۆمی]" بخرێتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، فەرمانەکەیش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی رووسیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر پرسی ئۆکراینا روو لە هەڵکشانە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی یەکشەممە 27-02-2022 فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد، "هێزی بەرپەرچدانەوەی [ئەتۆمی]" بخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوا بە هەڵگرتنی هەنگاوی "نادۆستانە" دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات کە لە بەرامبەر داگیرکاریی مۆسکۆ بۆسەر ئۆکراینا گرتوویانەتەبەر.
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، فەرمانی بە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی و سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رووسیا کردووە "هێزی بەرپەرچدانەوەی [ئەتۆمیی]" سوپای رووسیا بخەنە ئامادەباشییەوە.
 
گرژییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا روو لە هەڵکشانن، فەرمانەکەی پووتینیش گرژییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
 
پووتین دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا هەر تەنیا بەرامبەر ئابووریی وڵاتەکەی "نادۆستانە" رەفتار ناکەن، بەڵکو "بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناتۆش راگەیێندراوی شەڕانگێزانەیان بەرامبەر وڵاتەکەمان هەیە". لە وەڵامی داواکەی سەرۆکی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە جەختی لە قسەکەی پووتین کردەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکەنە سەر ئۆکراینا، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
هێزە وشکانییەکانی رووسیا لە باکوور، رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرایناوە چوونەتە نێو وڵاتەکە و شەڕی سەخت لەنێوان سوپای هەردوو وڵاتدا روودەدات. سەرچاوەکانی رۆژئاوا باس لەوە دەکەن کە بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئۆکراینا، مۆسکۆی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:59

نوێترین زانیارییەکان چین؟

 
ئەگەر ئەمڕۆ هەواڵەکانت نەخوێندووەتەوە، ئەم چەند خاڵە گرنگترین هەواڵەکانی ئەمڕۆن
 
حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، خارکیڤیان بەتەواوی کۆنترۆڵکردووەتەوە، هێزەکانی رووسیایان لە شارەکە دەرکردووە. خارکیڤ دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە کە ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا چوونە نێوی.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لەگەڵ ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس قسەی کردووە.
 
ئەمڕۆ کرێملین پێشنیازی ئەوەی کرد کە لە بێلاڕووس لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا گفتوگۆ بکەن، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا رەتی کردەوە.
 
حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 210 کەسی سڤیل کوژراون و 1100 کەسیش بریندار بوون
 
کرێملین پێشنیاز دەکات لە بێلاڕووس دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بکات، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لە بێلاڕووس کۆنابێتەوە و ئەگەر دەیانەوێت دانوستاندن بکەن با لە یەکێک لەم شوێنانە بێت: وارشۆ، برایسلاڤا، بوداپێست، ئیستەنبووڵ و باکۆ".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان: تاوەکو ئێستا 368 هەزار کەس ئاوارە بوون
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا: هێشتا دەرگەی گفتوگۆمان بەسەر رووسیا دانەخستووە
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان داوا دەکات رێڕەوی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی ئۆکراینا بکرێتەوە
 
ئیتاڵیا گەشتی فڕۆکەوانی لەگەڵ رووسیا دادەخات
 
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت، لەبارەی دابینکردنی چەک و سووتەمەنی بۆ ئۆکراینا کۆدەبنەوە.
 
یۆنان کەلوپەلی سەربازی و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
 
زیاتر بخوێنەوە

13:58

ئەڵمانیا: دەرگەی گفتوگۆمان لەگەڵ رووسیا کراوەیە

 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، هێشتا دەرگەی گفتوگۆیان بەسەر رووسیادا دانەخستووە. هەروەها لەبارەی کاریگەریی سزاکانی وڵاتانی رۆژئاواش دەڵێت، هەفتەی رابردوو بازاڕی بۆرسەی رووسیا بە رێژەی 30٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، "ئەوەش کاریگەریی سزاکانمان دەردەخات."
 
شۆڵتز ئاماژە بەوەش دەدات، بە مافی خۆیانی دەزانن کە سزای زیاتریش بەسەر رووسیا بسەپێنن.
زیاتر بخوێنەوە

12:37

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: قەیرانەکانی ئۆکراینا لەوانەیە چەند ساڵێک بخایێنن

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: قەیرانەکانی ئۆکراینا لەوانەیە چەند ساڵێک بخایێنن
 
لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لەوانەیە دەستپێکێک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. 
 
لیز ترەس لە تەلەڤزیۆنی سکای نیوزی وڵاتەکەی قسەی کرد، گوتی، "ئەوەی دەیبینین بەرگرییەکی بەهێز و ئازایانەی ئۆکراینییەکانە" و بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی ئۆکراینا. 
 
ترەس گوتی، پووتین بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا "هەڵەیەکی ستراتیژیی کردووە" و بەهۆی سزاکانی رۆژئاواوە ئابوورییەکەی دادەڕمێت. 
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "ترسم هەیە ئەم جەنگە زۆر زۆر خوێناوی بێت و... چەند ساڵێک بخایێنێت، ترسم هەیە کە ئەم جەنگە بەزوویی کۆتایی نەیێت."

 

زیاتر بخوێنەوە

11:38

پووتین: ستایشی رۆڵی 'قارەمانانەی' سەربازانی وڵاتەکەی دەکات

 
ڤلادیمیر پووتین ستایشی سەربازەکانی وڵاتەکەی دەکات و پیرۆزباییان لێدەکات بەبۆنەی ئەو شەڕە "قارەمانانەنەی" کە لە ئۆکراینا دەیکەن. کۆشکی کرێملینیش جەخت دەکاتەوە کە ئامادەن لە بێلاڕووس دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بکەن، بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا رەتی دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارەم رۆژی هێرشی رووسیایە بۆ سەر ئۆکراینا. بەپێی بەرپرسانی ئۆکراینا ئەمڕۆ شاری نۆڤا خاکۆڤا بەتەواوی لەلایەن رووسیا کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی رووسیاش چوونەتە نێو خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە. هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، ماوەی 24 کاژێرە شارەکانی خێرسۆن و بێردیانسکیان گەمارۆ داوە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "پێزانینی تایبەتم بۆ ئەوانە هەیە کە بەشێوەیەکی قارەمانانە ئەرکە سەربازییەکانیان جێبەجێدەکەن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ خەڵکی کۆماری دۆنباس".
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئامادەن لە شاری گۆمێلی بێلاڕووس لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا دەست بە گفتوگۆ بکەن. بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا پێشتر رەتیانکردبووەوە کە لە بێلاڕووس دانوستاندن بکەن، چونکە ئەو وڵاتە رێگەی بە هێزەکانی رووسیا داوە کە بەنێو خاکەکەیان تێپەڕن و هێرشبکەنە سەر ئۆکراینا.
 
دواتریش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ رووسیا دانوستاندن بکەن، بەڵام نەک لە بێلاڕووس.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:17

سەرۆکی ئۆکراینا: لە بێلاڕووس دانوستاندن لەگەڵ رووسیا ناکەین

 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ رووسیا دانوستاندن بکەن، بەڵام نەک لە بێلاڕووس.
 
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئامادەن لە شاری گۆمێلی بێلاڕووس لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا دەست بە گفتوگۆ بکەن.
 
سەرۆکی ئۆکراینا چەند شوێنێکی دیاریکردووە بۆ ئەوەی دانوستاندنی تێدا بکەن کە ئەمانەن: وارشۆ، برایسلاڤا، بوداپێست، ئیستەنبووڵ و باکۆ".
زیاتر بخوێنەوە

11:00

ئۆکراینییەکانی هەولێر خۆپێشاندان دەکەن

ئۆکراینییەکانی هەولێر خۆپێشاندان دەکەن
 
 
رەوەندی ئۆکراینی لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر خۆپێشاندانیان کرد و بە درووشمی جیاواز داوای وەستاندنی شەڕەکەیان کرد. 
 
یەکێک لە خۆپێشاندەرە ئۆکراینییەکان کە قسەی بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو کرد، خۆی بە ئیڤا ناساند و لەبارەی داواکارییەکانیان و گردبوونەوەکەیان گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بە هەموو جیهان بڵێین رۆژی 24ـی شوبات پووتین دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەکرد بۆسەر وڵاتەکەمان، ئەوان منداڵان و ژن و هەموو کەسێک دەکوژن. دەمانەوێت بە هەموو خەڵکی جیهان بڵێین تکایە یارمەتیمان بدەن، پێویستیمان بە یارمەتیی ئێوەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان رزگاری ببێت.. تکایە تەنیا یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەو شەڕە بووەستێندرێت."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:12

ئۆکراینا: رووسیا شارێكی بەتەواوی کۆنترۆڵکردووە و چووەتە نێو دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکە

میدیاکانی ئۆکراینا دەڵێن، شاری نۆڤا کاخۆڤا لەلایەن رووسیاوە کۆنترڵکراوە. بەرپرسانی ناوچەیی خارکیڤیش دەڵێن، هێزەکانی رووسیا چوونەتە نێو شارەکەیان، هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، شارەکانی خێرسۆن و بێردیانسکیان لە گەمارۆداوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-02-2022 ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بەتەواوی شارەکانی خێرسۆن و بێردیانسکیان گەمارۆ داوە. خێرسۆن و بێردیانسک دوو شاری سەرەکین و دەکەونە رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەوە.
 
هەروەها ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، بەڕێوەبەری ئیدارەی خارکیڤ رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا چوونەتە نێو شارەکەیان کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە، بەڵام بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێزەکانی ئۆکراینا توانیویانە هێرشەکانی رووسیا تێکبشکێنن.
 
لەلایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر کۆڤالێنکۆ، سەرۆکی شارەوانیی نۆڤا کاخۆڤا رایگەیاند، شارەکەیان لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە و هەموو ئاڵاکانی ئۆکراینایان لەسەر باڵەخانەکان لابردووە. ئەو شارە دەکەوێتە باشووری ئۆکراینا لەسەر رووباری دنیپەر. 
زیاتر بخوێنەوە

09:33

'هێزەکانی رووسیا چوونە نێو خارکیڤ'

 
ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەیی خارکیڤ دەڵێت، هێزەکانی رووسیا چوونەتە نێو شارەکەیان کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە. هاوکات هێزەکانی ئۆکراینا توانیویانە هێرشەکانی رووسیا تێکبشکێنن.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

08:56

ترەمپ: کێشە ئەوە نییە پووتین زیرەکە، بەڵکو سەرکردەکانی ئێمە گەمژەن

ترەمپ: کێشە ئەوە نییە پووتین زیرەکە، بەڵکو سەرکردەکانی ئێمە گەمژەن
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی "ساختەکارییان تێدا نەکرایە" ئەو "کارەساتەی ئێستا" کە مەبەستی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بوو هەرگیز رووی نەدەدا. دەشڵێت، "کێشە ئەوە نییە پووتین زیرەکە، کێشە راستەقینەکە ئەوەیە سەرکردەکانی ئێمە گەمژەن".
 
رۆژی شەممە 26-2-2022 دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکدا لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا لەنێو لایەنگرانی پارتەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی جەنگی رووسیا و ئۆکراینای کرد کە ئەمڕۆ پێدەنێتە رۆژی چوارەمەوە و هەردوولا بە سەتان قوربانییان لە ریزەکانی یەکدی راگەیاندووە. 
 
ترەمپ هێرشەکەی رووسیای بۆ "لاوازیی" بایدن گەڕاندەوە و هاوکات ستایشێکی زۆری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای کرد. 
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە لە چەند بۆنەیەکدا سەرسامیی خۆی بۆ پووتین باسکردووە، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "وەکو هەمووان دەزانن ئەگەر هەڵبژاردنەکانمان نەدزرانایە، ئەم کارەساتە زۆر خراپە رووی نەدەدا." ئەو پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر هەر خۆی سەرۆک بووایە، بەشێوەیەکی دیکە لەگەڵ پووتین کێشەکانی چارەسەر دەکرد. 
 
ترەمپ تەنیا بایدنی نەکردە ئامانج، بەڵکو باسی ناتۆیشی کرد و گوتی، "کارێکی زیرەکانەیان نەکردووە بەوەی سزای بەسەردا بسەپێنن، بەڵکو دەبوو رووسیا پارچە پارچە بکەن، هیچ نەبێت لەڕووی سایکۆلۆجییەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی گوت کە "کێشەکە ئەوە نییە کە پووتین زیرەکە، کە بە دڵنیاییەوە کەسێکی زیرەکە، بەڵام کێشە راستەقینەکە ئەوەیە کە سەرکردەکانی ئێمە گەمژەن."
 
ترەمپ لە قسەکانیدا کە رووی دەمی لە جۆ بایدن بوو گوتی، "پێشتر ئێمە وڵاتێکی ژیربووین، ئێستا وڵاتێکی گەمژەین." هەروەها رایگەیاند، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووە، "رووسیا رێزی لە ئەمریکا گرتووە،" بەڵام ئێستا جۆ بایدن کەسێکی "لاوازە."

 

 
زیاتر بخوێنەوە

08:28

کۆریای باکوور: ئەمریکا 'سەرچاوەی قەیرانەکانی ئۆکراینایە' و رووسیا خەریکی بەرگریکردنە

 
کۆریای باکووری یەکەم هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا راگەیاند و ئەمریکای بە هۆکاری ئاڵۆزییەکان تۆمەتبار کرد، پیۆنگیانگ دەڵێت، ئەمریکا "سەرچاوەی قەیرانەکانی ئۆکراینایە" و رووسیا بەرگری لە خۆی دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارەم رۆژی هێرشی رووسیایە بۆ سەر ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا چەند جارێک لە میدیاکانی رووسیا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانیان چوونەتە نێو کیێڤ، بەڵام میدیاکانی ئۆکراینا رەتی دەکەنەوە. هێرشەکەی رووسیا کاردانەوەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و وڵاتانی رۆژئاوا هەریەکەیان بە جۆرێک گەمارۆیان خستە سەر رووسیا.
 
کۆریای باکوور لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی خۆی لەبارەی جەنگەکە دەربڕی و ئەمریکای بە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکان تۆمەتبار کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەمریکا بە ناوی "ئاشتی و سەقامگیری" دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان دەکات.
 
کۆریای باکوور دەڵێت، ئەو رۆژانە تێپەڕیون کە ئەمریکا لە هەموو جیهان باڵادەست بێت.
زیاتر بخوێنەوە

07:45

رۆژی چوارەمی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا؛ کۆگایەکی نەوتی کراوەتە ئامانج

 
رۆژی چوارەمی هێرشی رووسیایە بۆسەر ئۆکراینا. بەشێکی زۆر لە ئۆکراینییەکان شەوی رابردوو لە ژێرزەمین و پەناگەکاندا رۆژیان کردەوە. بەشێکی دیکەیشیان لە وڵاتەکە هەڵاتوون بەرەو سنووری پۆڵەندا. ئەمانە دوایین زانیارییەکانن:
 
سوپای رووسیا هێرشەکانی بۆسەر شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا چڕتر کردووە و سەرچاوە میدیاییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا ئاراستەی هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر شارۆچکەی ڤاسیلکیێڤ لە باشووری رۆژئاوای پایتەختەکە زیاتر کردووە.
 
شارۆچکەی ڤاسیلکیێڤ، بە دووریی 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کیێڤەوە.
 
سەرۆکی شارەوانیی ڤاسیلکیێڤ رایگەیاند، شەوی رابردوو و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-2، رووسیا بە مووشەکی بالیستی ناوەڕاستی شارۆچکەی ڤاسیلکیێڤ و فڕۆکەخانەکەی کردووەتە ئامانج و نیازیان هەیە هەموو ناوچەکە وێران بکەن.
 
سەرچاوە میدیاییە خۆجێییەکانی دیکەی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، بۆردوومان لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەختیش زیاتر بوون.
 
لەلایەکی دیکەوە چەند بەرپرسێکی ئۆکراینی کە قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە، باس لەوە دەکەن کە گوایە رووسیا هەوڵی داوە بەڕێگەی پەڕەشووت سەربازەکانی دابەزێنێتە باشووری رۆژئاوای کیێڤ و پێشبینیش دەکەن لە چەند کاژێری کەمی داهاتوودا رووسیا هێرشەکانی بۆسەر شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بکات.
 
هەر لە بەردەوامیی بۆردوومانەکانی رووسیا بۆسەر کیێڤ بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، وادەردەکەوێت کە مووشەک بەر کۆگایەکی نەوتی لە ڤاسیلکیێڤ کەوتووە، بەرپرسانی کیێڤیش هۆشداری دەدەن کە گڕگرتنی ئەو کۆگا نەوتییە هەوا پیس بکات و خەڵکی بەهۆی دووکەڵی ژەهراوییەوە نەخۆش بکەون، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی نزیکی کۆگاکەن. 
 
یەکێتیی ئەوروپا: رووسیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەراوێز دەخەین
 
ئۆرسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی هاوپەیمانانیان کار دەکەن بۆ زیاتر پەراوێزخستنی رووسیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێبەشکردنی بانکی ناوەندیی رووسیا لە سیستمی بانکیی سویفت.
 
ڤۆندێرلاین لە گوتارێکدا رایگەیاند، "تەنیا بە چەند کیلۆمەترێك لە سنووری رۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەوروپاوە، سوپای رووسیا لە هێرشەکەی بۆسەر ئۆکراینادا کردەی دڕندانە ئەنجامدەدات، بۆردوومانی ناوچەکە دەکات و مووشەکی پێدا دەکێشێت و خەڵکی بێتاوان دەکوژێت."
 
لەماوەی رابردوودا بە گوتەی ڤۆندێرلاین، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئۆکراینا توانای "لە رادەبەدەری خۆی" سەلماندووە.
 
ڤۆندێرلاین ئەوەشی راگەیاند کە یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە "سزادانی رووسیا تاوەکو ئەو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیستمی دارایی جیهان پەراوێز بخرێت و لەگەڵ ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا بیر لە وەڵامدانەوەیەکی تووند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکەینەوە و کار لەسەر پەکخستنی تواناکانی پووتین دەکەین تاوەکو نەتوانێت سەرچاوەی دارایی بۆ شەڕەکەی دابین بکات."
 
زیاتر بخوێنەوە

00:10

سەرۆکوەزیرانی یۆنان: 10 هاووڵاتیی سڤیلی یۆنانی لە بۆردوومانی فڕۆکەکانی رووسیا کوژراون

 
کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند، 10 هاووڵاتیی سڤیلی یۆنانی لە بۆردوومانی فڕۆکەکانی رووسیا لە ماریوپۆلی ئۆکراینا کوژراون و دەشڵێت؛ هەر ئێستا بۆردوومان راگرن.
زیاتر بخوێنەوە

20:47

رووسیا بۆ سوپاکەی: هێرشەکانتان فراوانتر بکەن

رووسیا بۆ سوپاکەی: هێرشەکانتان فراوانتر بکەن
 
سوپای رووسیا داوا لە هێزەکانی دەکات هێرشەکانیان فراوانتر بکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتان دژی هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و هەندێک وڵات هاوکاری سەربازییان پێشکێش بە ئۆکراینا کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.
 
ئیگۆر کۆناشینکۆف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەموو هێزەکانمان ئاگادارکردوونەتە بەوەی کە هێرشەکانیان بۆسەر ئۆکراینا فراوانتر بکەن و پابەند بن بەو پلانەی کە بۆیان دانراوە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییە ئۆکراینییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان لە دەریای رەش و بەگوتەی ئەو، "فڕۆکە چاودێرییەکانی ئەمریکا رێنیشاندەریان بوون."  هەرچەندە هێشتا ئەو هەواڵە لە ناوەندە میدیاییەکان پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
لە سێیەمین رۆژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کە بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت، هێزەکانی رووسیا لە پێشڕەوییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامن و ئەمڕۆ شەڕ و رووبەڕووبوونەوە نزیکبووەوەتە لە دەروازەکانی پایتەختی ئۆکراینا.
 
ئەمڕۆ شەممە ئۆکراینا بڵاویکردەوە، لەسەرەتای هێرشی رووسیاوە بۆسەر وڵاتەکەیان، لانیکەم تاوەکو ئێستا 198 کەسی سڤیل کوژراون، هەروەها بەگوتەی ئەوان، "بۆردوومانی رووسیا بۆسەر پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکە بەردەوامە."
 
ئیگۆر کۆناشینکۆف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی رووسیا هیچ بۆردوومانێک بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل ئەنجام نادەن.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئۆکراینای بەوە تۆمەتبارکرد کە ئەوان هانی خەڵکی مەدەنی دەدەن بەوەی کە چەک هەڵبگرن و دژی رووسیا شەڕ بکەن.
 
لەبارەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیاشەوە هەواڵگریی بەریتانیا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، هێزەکانی رووسیا لە پێشڕەویدان بەرەو کیێڤ، کە ئێستا 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری پایتەختی ئۆکرایناوە دوورن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "رووسیا تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئاسمانی ئۆکراینا بکات، بە پێچەوانەوە ئۆکراینا توانیویەتی جوڵەی فڕۆکەکان سنووردار بکات."
 
بەپێی هەوڵگریی بەریتانیا، سوپای ئۆکراینا بەرگرییەکی باش دەکات، هەروەها، "قوربانییانی هێزەکانی سوپای رووسیا زیاترن لەوەی کرێملین چاوەڕوانی دەکرد."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی ئەنجامداوە و رایگەیاندووە، "هەڵکشانی زیاتری گرژییه‌‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه." هەروەها داواشی كردووە رووسیا ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر ئۆكراینا بوەستێنێت.
 
ئەڵمانیا، چیک و ئەمریکا هاوکاری سەربازیی زیاتریان پێشکێشی ئۆکراینا کرد
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن، ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.
 
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پاکێجی ئەمجارەی هاوکارییەکانیان کەلوپەلی سەربازی بەرگریی نوێ لەخۆدەگرێت بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی زرێپۆش، فڕۆکە شەڕکەرەکان، هەلیکۆپتەر و هەڕەشەکانی دیکەی سوپای رووسیا.
 
هەر ئەمڕۆ جانا سیرنۆشۆڤا، وەزیریی بەرگریی چیک لە توویتەر رایگەیاند، بە بەهای 7.6 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی سەربازیی "چەکی قورس و سووک" هاوکاریی سەربازی سوپای ئۆکراینا دەکەن و بەردەوامیش دەبن. هەروەها گوتیشی، "ئەو هاریکارییانە لە ماوەیەکی کەمدا دەگەنە ئۆکراینا."
 
هەروەها ئەڵمانیاش ئەمڕۆ بە فەرمیی رایگەیاند، 400 موشەکی دژەتانک رادەستی سوپای ئۆکراینا دەکەن.
 
بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لە کیێڤ و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئۆکراینا، هەزاران خەڵکی ئەو وڵاتە ناوچەکانیان جێهێشتووە، بەشێکیان چوونەتە ژێر زەمینەکان و بەشێکیشیان ئاوارە بوون، ئەمڕۆ پۆڵەندا بە فەرمیی رایگەیاند، "115 هەزار کۆچبەری ئۆکراینی هاتوونەتە نێو خاکی وڵاتەکەمان."
 
زیاتر بخوێنەوە

18:54

رووسیا بۆ میدیا نێوخۆییەکان: دەستەواژەکانی 'داگیرکردن، هێرشبردن و راگەیاندنی شەڕ' بەکار مە‌هێنن


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی رێکخستنی پەیوەندییە تەلەڤزیۆنییەکانی رووسیا ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 ئاگادارینامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێت تەلەڤزیۆنەکانی وڵات ئەو دەستەواژانە لاببەن کە باس لە، "داگیرکردن، هێرشبردن، راگەیاندنی شەڕ و کوشتنی هاووڵاتییانی ئۆکراینی دەکات."
 
هەروەها لیژنەی پەیوەندییە تەلەڤزیۆنییەکانی رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت بە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی رووسیا ببەسترێت و زانیارییە راستەقینە و باوەڕپێکراوەکانی ئەوان بڵاوبکەنەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە، مۆسکۆ بە فەرمیی دەستوەردانەکەی لە ئۆکرانیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت" ناو بردووە کە ئامانج لێی "ئاشتی پارێزییە" و دەبێت لە میدیاکانیش هەر بەو ناونیشانەوە هەواڵەکان بڵاوبکرێنەوە.
 
ئەو ئاگادارینامەیە بۆ ژمارەیەک لە میدیای وەکو "نۆفایا، گاریتا، سایتی میدیازۆنا و کەناڵی دۆجد" نێردراوە کە پێشتر ئەو دەستەواژانەیان بەکارهێناوە.
 
هەروەها لیژنەکە کە کاری رێکخستن و پێدانی رێنوێنییە بە دەزگا میدیاییەکانی رووسیا، هۆشداریشیان داوەتە ئەو دەزگایانە و دەڵێن، "لە ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو دەستەواژانە، رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە."

 

زیاتر بخوێنەوە

18:27

شارەوانی کیێڤ قەدەخەی هاتووچۆ درێژ دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

شارەوانی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 بڵاویکردەوە رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە قەدەخەی هاتووچۆ درێژدەکرێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی شارەوانی کیێڤ، هەر کەسێک پێشێلی قەدەخەی هاتووچۆ بکات، وەکو "ئەندامێکی داگیرکاری سوپای رووسیا" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:43

چیک: بە بەهای 7.6 ملیۆن یۆرۆ ‌هاوکاریی سەربازی ئۆکراینا دەکەین

سەربازێکی ئۆکراینا لە بەردەم زرێپۆشێکی تێکشکاوی رووسیا
 
وەزیریی بەرگریی چیک رایدەگەیێنێت، بە بەهای 7.6 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی سەربازی پێشکێشی سوپای ئۆکراینا دەکەن.
 
جانا سیرنۆشۆڤا، وەزیریی بەرگریی چیک ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە توویتەر رایگەیاند، بە بەهای 7.6 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی سەربازیی "چەکی قورس و سووک" هاوکاریی سەربازی سوپای ئۆکراینا دەکەن و بەردەوامیش دەبن.
 
وەزیریی بەرگریی چیک هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "هاوکارییەکان دەگەیێنینە ئەو شوێنەی کە ئۆکراینا بیەوێت."
 
دواتر و لە بارەی وردەکاریی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا، وەزیری بەرگریی چیک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پاکێجی هاوکارییەکانیان بریتین لە؛ 30 هەزار دەمانچە، 7 هەزار تفەنگ، یەک ملیۆن فیشەک و چەندین پێداویستیی دیکەی سەربازیی.
 
هەروەها گوتیشی، ئەو هاریکارییانە لە ماوەیەکی کەمدا دەگەنە ئۆکراینا.
 
بەگوتەی وەزیری بەرگریی چیک، پێشتریش و لە مانگی کانوونی دووەمدا، وڵاتەکەی بە بەهای 1.5 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی پیشکێشی ئۆکراینا کردووە.
 
کۆماری چیک لە ساڵی 1999ـەوە بووەتە ئەندامی ناتۆ.
زیاتر بخوێنەوە

17:22

چاوشئۆغڵو بۆ لاڤرۆڤ: ئۆپەراسیۆنەکانتان لە ئۆکراینا بوەستێنن


مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا داوای وەستاندنی هێرشەکانی سەر ئۆکراینای کرد.
 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە راگەیێندراوەکەیدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا و هاوتا رووسییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی ئەنجامداوە و رایگەیاندووە، "هەڵکشانی زیاتری گرژییه‌‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه." هەروەها داواشی كردووە رووسیا ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر ئۆكراینا بوەستێنێت.
 
چاوشئۆغڵو هەروەها جه‌ختی له‌سه‌ر ئاماده‌باشی توركیا كرده‌وه‌ بۆ میوانداریكردنی شاندی رووسیا و ئۆكراینا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگەی دیالۆگ و دانوستان.
 
رووسیا بەردەوامە لە شەڕ و سەربازانی بەرەو ئۆکراینا لە پێشڕەویدان. وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە کە گرنگترینیان بریتین لە؛ نۆرد ستریم دوو، دارایی، نەوت و گاز، فڕۆکەوانی، بەرگریی و وەرزش. هاوکات ئەمریکا ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیای خستووەتە لیستی رەش؛ واتا ئەو دوو کەسایەتییە رووسییە ناتوانن گەشتی ئەمریکا بکەن.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:50

ئەنتۆنی بلینکن: هاریکاری سەربازیی زیاتر پێشکێشی ئۆکراینا دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە 26-02-2022 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار هاریکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن، ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.
 
هەروەها باسی لەوەش کردووە، "هاریکارییە سەربازییەکانمان بۆ ئۆکراینا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە."
 
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پاکێجی ئەمجارەی هاریکارییەکانیان کەلوپەلی سەربازی بەرگریی نوێ دەگرێتەوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی زرێپۆش، فڕۆکە شەڕکەرەکان، هەلیکۆپتەر و هەڕەشەکانی دیکەی سوپای رووسیا.
 
بلینکن لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، پشتیوانی گەلی ئۆکراینا دەکەن لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان.
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

15:43

چاوشئۆغڵو بۆ لاڤرۆڤ: ئۆپەراسیۆنەکانتان رابگرن

مووشەکبارانی کیێڤ لەلایەن رووسیاوە. وێنە: AFP
 
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیای گوت، ئۆپەراسیۆنەکانتان رابگرن و ئەو جەنگەی هەیە سوود بە هیچ لایەک ناگەیێنێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، چاوشئۆغڵو بە لاڤرۆڤی گوتووە، تورکیا ئامادەیە نێوەندگیری لە گفتوگۆکانی رووسیا و ئۆکراینادا بکات ئەگەر ئەوان ئارەزوویان لێبێت. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:12

قەدەخەی هاتووچۆ لە کیێڤ تووند دەکرێتەوە، سەرپێچیکاران 'وەک دووژمنن'

قەدەخەی هاتووچۆ لە کیێڤ تووند دەکرێتەوە، سەرپێچیکاران 'وەک دووژمنن'
 
 
بەرپرسانی کیێڤ رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ تووند دەکەنەوە و دەڵێن، ئەوانەی سەرپێچی بکەن وەکو "دووژمن" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 
 
ڤیتالی کلیتشکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، قەدەخەی هاتووچۆ لە کاژێر 05:00ـی ئێوارە تاوەکو 08:00ـی بەیانی دەبێت ئەوەش بە گوتەی ئەو بۆ "باشترکردنی سیستمی بەرگرییانە" لە کیێڤ. 
 
هەموو ئەو کەسە سڤیلانەی لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان دەبن، وەکو ڤیتالی کلیتشکۆ باسی کرد، "وەکو ئەندامانی  گرووپەکانی دووژمن" دادەنرێن. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

14:06

سەرۆکی ئۆکراینا: شکستمان بە هێرشی رووسیا هێناوە

 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، هێرشی سووپای رووسیایان بۆ داگیرکردنی کیێڤ شکستپێهێناوە و ئێستا کیێڤ و شارە سەرەکییەکانی دیکەی دەوروبەری "لەژێر دەستی سوپای ئۆکراینادان."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:32

پۆڵەندا: 100 هەزار ئۆکراینی هاتوونەتە سنوورەکەمان

پۆڵەندا: 100 هەزار ئۆکراینی هاتوونەتە سنوورەکەمان
 
پاوڵ زێفێرناکەر، جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا دەڵێت، لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە، 100 هەزار کەس لە سنووری ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتەکەیان.  
 
زیاتر بخوێنەوە

13:02

ستافی باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە مۆسکۆ دەچنە لاتیڤیا

 
وەزارەتی دەرەوەی لاتیڤیا دەڵێت، ستافی باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە مۆسکۆ لەسەر داوای خۆیان بەرەو لاتیڤیا چوونە و ئەوانیش رازی بوون. 
 
جانیس بێکاریس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لاتیڤیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان یارمەتیی ئەو ستافە دەدەن و کارئاسانییان بۆ دەکەن. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:52

سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ: شەوی رابردوو 35 کەس برینداربوون

سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ: شەوی رابردوو 35 کەس برینداربوون
 
ڤیتالی کلیتشێکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، شەوی رابردوو بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە 35 کەس برینداربوون کە دوو منداڵ لەنێو بریندارەکاندان. 
 
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ روونی نەکردەوە کە ئەو کەسانە مەدەنی بوون یان سەرباز. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هیچ هێزێکی رووسیا لە کیێڤ نین، بەڵام چەکداری سەربە رووسیا ماون. 
 
لەلایەکی دیکەوە وەزیری تەندروستیی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا 198 ئۆکراینی کوشتووە کە لەنێو کوژراوەکاندا سێ منداڵ هەن. 
 
تاوەکو ئێستا رووسیا هیچ شتێکی لەبارەی ئەو ئامارانە نەگوتووە. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:16

ئەمریکا بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا نووسراوێکی واژۆکردووە لەبارەی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلەی چەک بۆ ئۆکراینا کە بەهاکەی تاوەکو 600 ملیۆن دۆلار بێت.
 
نووسراوەکە ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو 250 ملیۆن دۆلار بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بەندێکی یاسایی بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
 
نزیکەی 350 ملیۆن دۆلاریش بۆ خزمەتگوزارییە سەربازییەکان، مەشق و راهێنان بە سەربازانی ئۆکراینی دابین بکرێت.
 
 
 
 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

10:13

ماکرۆن: جیهان خۆی بۆ شەڕێکی ماوە درێژ ئامادە بکات

 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا رایگەیاند، پێویستە جیهان خۆی بۆ جەنگێكی ماوە درێژ لە ئۆکراینا ئامادەبکات.
زیاتر بخوێنەوە

10:12

رووسیا بە مووشەک کیێڤ دەکاتە ئامانج

 
بەیانیی ئەمڕۆ دوو مووشەک ئاراستەی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا کران کە یەکێکیان بەر باڵەخانەیەکی نشیتەجێبوون کەوتووە و هێزەکانی فریاکەوتن بەرەو باڵەخانەکە دەچن. 
 
ئەو مووشەکانەی ئاراستەی کیێڤ کراون یەکێکیان بەگوتەی رۆیتەرز لە نزیک فڕۆکەخانەی ژولیانی کەوتووەتەخوارەوە. 
 
تاوەکو ئێستا زیانەکانی ئەو دوو مووشەکە نەزاندراون. 
 
پێشتر ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "شەوی رابردوو هێزەکانی رووسیای فیدراڵ بە مووشەکی دوورهاوێژ لە ئاسمان و دەریاوە ژێرخانە سەربازییەکانی سوپای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج."
زیاتر بخوێنەوە

10:06

وەزارەتی بەرگریی رووسیا: هێزەکانمان دەستیان بەسەر شاری مێلیتۆپۆڵدا گرتووە

 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بەسەر شاری مێلیتۆپۆڵ لە ئۆکراینا گرتووە.
 
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "شەوی رابردوو هێزەکانی رووسیای فیدراڵ بە مووشەکی دوورهاوێژ لە ئاسمان و دەریاوە ژێرخانە سەربازییەکانی سوپای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج."
زیاتر بخوێنەوە

09:47

سەرۆکی ئۆکراینا: چەکمان دانەناوە و بەرگری دەکەین

سەرۆکی ئۆکراینا: چەکمان دانەناوە و بەرگری دەکەین
 
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڤیدیۆیەکی لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکایەتی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، باوەڕ بە هەواڵی "ساختە" مەکەن، "سوپاکەمان خۆی بەدەستەوە نەداوە و بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین."
 
پێشتریش ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە کە زێلێنسکی پێشنیازێکی ئەمریکای رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیبەنە دەرەوە لە وڵاتەکە و گوتوویەتی، "پێویستم بە چەک و تەقەمەنییە، نەک بردنەدەرەوە."
 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:24

سوپای ئۆکراینا: سێ هەزار و 500 سەربازی رووسی کوژراون

سوپای ئۆکراینا: سێ هەزار و 500 سەربازی رووسی کوژراون
 
سوپای ئۆکراینا لە فەیسبووکی خۆی هەندێک ئاماری لەبارەی جەنگی رووسیا لەگەڵ وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، سێ هەزار و 500 سەرباز کوژراون و نزیکەی 200 سەربازیش بەدیل گیراون.
 
بە گوتەی سوپای ئۆکراینا بێت، رووسیا 14 فڕۆکە، هەشت هێلیکۆپتەر و 102 تانکی لەنێوچوونە. 
 
تاوەکو ئێستا رووسیا ئاماری بڵاونەکردووەتەوە و ئەو قسانەی سوپای ئۆکراینا بانگەشەن کە بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاستنەکراونەتەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:45

رووسیا ڤیتۆی پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئۆکراینا دەکات

رووسیا ڤیتۆی پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئۆکراینا دەکات
 
رووسیا ڤیتۆ دژ بە پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر ئۆکراینا، بەکاردەهێنێت.
 
دەقی پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن ئەمریکا و ئەلبانیاوە داڕێژرابوو و تێیدا بە تووندترین رستە "دووژمنکارییەکانی رووسیا"ـی بۆسەر ئۆکراینای "رەتکردەوە" و داوای کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە کرد.
 
لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، 11 یان بە بەڵی دەنگیاندا و هەر سێ وڵاتی چین، هیندستان و ئیمارات دەنگیان نەدا و رووسیاش ڤیتۆی بەکارهێنا.
 
لەکاتێكدا چین دەنگنەدانەکەی بۆ دژایەتیکردنی سەپاندنی سزاکان بۆسەر رووسیا گەڕاندەوە، هەردوو وڵاتی هیندستان و ئیمارات هۆکاری دەنگنەدانەکانیان باس نەکردووە.
 
بەرپرسێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، دەقی پڕۆژەبڕیارەکە سەرەتا وشەی "سەرکۆنەکردنی" تێدا بەکارهێندرابوو هەروەها دێڕێكی تێدا بوو کە باسی لە بڕگەی 7ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد کە تایبەتە بە "مۆڵەتدان بە بەکارهێنانی هێز،" بەڵام چەند کاژێرێک بەر لە دانیشتنەکە، وشەکە لە "سەرکۆنەکردن" بۆ "رەتکردنەوە" گۆڕدرا و رستەی تایبەت بە "بڕگەی حەوت"یش لە دەقەکە لادرا. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "بەکارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن رووسیاوە" پەڵەیەکی خوێنینە لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەوانەشیان کە پشتگیرییان لە پڕۆژەبڕیارەکە کرد ئەو راستییە دەردەخات کە "جیهان لەگەڵ ئۆکراینایە." گوتیشی، "راستی لەگەڵ ئێمەدایە و سەرکەوتنیش بۆ ئێمەیە."

 

زیاتر بخوێنەوە

08:40

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: کوژرانی هاووڵاتییەکمان لە ئۆکراینا پشتڕاست نەبووەتەوە

 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، کوژرانی هاووڵاتییەکی عێراقی لە ئۆکراینا پشتڕاست نەکراوەتەوە و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستخستنی زانیارییەکان لەبارەی ئەو رووداوە. 
  
لە راگەیێندراوێکدا، د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، زۆر گرنگی بە ئەم هەواڵە دەدەن کە بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرمی لە ئۆکراینا هاوئاهەنگی دەکەن و لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە کێیڤ لە پەیوەندیدان. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی، 25-2-2022 خوێندکارێکی کورد لە ئۆکراینا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، هاوڕێیەکی بەهۆی بۆردوومانەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
نێچیرڤان محەممەد، هاوڕێی ئەو خوێندکارەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە ئۆکراینا دەخوێنێت بە رووداوی راگەیاند، خوێندکارەکە "خەڵکی کەرکووکە و لە ئۆکراینا دەخوێنێت، لە بۆردوومانی سوپای رووسیا گیانی لەدەستداوە".
 
ئەو هاوڕێی خوێندکارە کوردەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بە وردی نازانێت لە چ شوێنێک گیانی لەدەستداوە، بەڵام پێموایە لە لڤێڤ بەر بۆردوومان کەوتووە". بە گوتەی نێچیرڤان محەممەد، ئەو خوێندکارە ناوی "ساری عەبدوڵڵا"یە.
 
دوو گەنجی دیکەی کورد لە ئۆکراینا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداویان راگەیاندووە، ئەو گەنجە لە خارکیڤ بووە و کوردی کەرکووک بووە.

 

زیاتر بخوێنەوە

08:24

چەند زانیارییەک لەبارەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵک

 
 
- زیاد لە 100 هەزار کەس ماڵوحاڵیان جێهێشتووە
 
- زیاد لە 50 هەزار کەس وڵاتیان جێهێشتووە
 
- دەکرێت نزیکەی 5 ملیۆن کەس ببنە ئاوارە و کۆچبەر
 
- پۆڵەندا 9 کامپ بۆ کۆچبەران دەکاتەوە 
 
- 29 هەزار کەس تەنیا پێنجشەممە چوونەتە نێو پۆڵەندا
 
- مۆڵدۆڤا کامپی لە شارەکانی پالانکا و ئۆکنیتا دروستکردووە
 
- تەنیا پێنجشەممە 4 هەزار کەس گەیشتوونەتە مۆڵدۆڤا 
 
- حکومەتی سلۆڤاکیا پشکنینی کۆرۆنای هەڵگرت 
 
- ئەڵمانیا چاوەڕێی کۆچبەران دەکات
 
- 200 هەزار تاوەکو 1 ملیۆن کەس چاوەڕێ دەکرێت بگەنە ئەڵمانیا 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:12

شەڕ گەیشتووەتە شەقامەکانی کیێڤ

شەڕ گەیشتووەتە شەقامەکانی کیێڤ
 
ئەمڕۆ سێیەم رۆژی هێرشی رووسیایە بۆسەر ئۆکراینا. نوێترینەکان ئەمانەن
 
لە نیوەشەوی شەممە، 26-2، شەڕ لە دەوروبەری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا گەرمتر بووە و کۆشکی سپی ئەمریکاش رایگەیاندووە " کەوتنی کیێڤ ئەگەرێكی راستەقینەیە."
 
هێرشی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆکراینا پێی نایە رۆژی سێیەم و شەڕ لە هەندێک شوێنی کیێڤ بووەتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان. 
 
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی شەڕەکە رایگەیاند، "کەوتنی کیێڤ ئەگەرێکی راستەقینەیە،" هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە "راستە ئێمە لەسەر زەوی بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوی هێزەکانی رووسیا دەبینین، بەڵام تەنانەت لەگەڵ بوونی ئەوەش هێشتا کەوتنی کیێڤ "ئەگەرێكی راستەقینەیە" و "بەرەوپێشچوونی هێزەکانی رووسیا بەرەو ناوەڕاستی کیێڤ بەردەوامە."
 
پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکی پێشبینی کەوتنی کیێڤیان لە ماوەی 24 تاوەکو 48 کاژێر بەدەستی هێزەکانی رووسیا کردبوو.
هاوکات شەوی رابردوو بەگوتەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی، دەنگی بەردەوامی تەقینەوەکان لە چەند گەڕەکێکی شارەکە دەبیسترا.
 
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە، دەنگی تۆپ و تۆپبارانکردن لە چەند ناوچەیەکی کیێڤ بیستراوە، دەشڵێن ئاراستەی دەنگەکان نەزانراوە، بەڵام روونە کە هێشتا لە ناوەڕاستی شارەکەوە دوورن.
 
سوپای ئۆکراینا لە راگەێندراوێكیدا گوتی، "هێزەکانیان توانییان هێرشێكی سوپای رووسیا لە شەقامی (سەرکەوتن) کە شەقامی سەرەکیی شارەکەیە، بەرپەرچبدەنەوە.
 
هێزەکانی ئۆکراینا لە فەیسبووک نووسیویانە، "هێرشەکە بەرپەرچدرایەوە." هاوکات ئاماژەیان بەوە کردووە، "هێزە رووسییەکان هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سەربازی لەنێو کیێڤ، بەڵام هێرشەکە بەرپەرچدرایەوە و هێزەکانیش پاشەکشەیان پێکرا؛ بەبێ ئەوەی زانیاریی وردتر لەبارەیەوە بدات."
 
هاوکات ئاژانسی ئینتەرفاکس ـی رووسی نزیک لە حکومەتی رووسیا ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو ژمارەیەک سەربازی رووسی هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێو شاری کیێڤدا بکەن.
 
سەرۆکی ئۆکراینا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی و خەڵکەکەی بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و پەیامەکانی، شەوی رابردوو لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و گوتی، پارێزگاری لە کیێڤ دەکەن و راناکات. 
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "چەندین شار لە وڵاتەکەمان لەژێر هێرشدان، چێرنیهیڤ، سومی، خارکێڤ، شارەکانی باشوور و باکووری وڵات بە تایبەتی کیێڤ. نابێت ئێمە کیێڤی پایتەخت لەدەست بدەین. لەسەر هەموو بەرەکانی شەڕدا دووژمن هەوڵدەدات هەموو هێزێکی خۆی بەکاربهێنێت تاوەکو هێزی بەرپەرچدانەوەمان بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆییانە بشکێنێت. ئەوان هێرشەکانیان زیاتر دەکەن، دەبێت هەموومان بزانین چ شتێک چاوەڕێی ئێمەیە، دەبێت توانای وەستان و بەرگریکردنمان هەبێت."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

22:33

سەرۆکی ئۆکراینا: لەگەڵ بایدن لەبارەی هاوکارییەکان و گەمارۆکانی سەر رووسیا قسەمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هاوکارییەکان و گەمارۆکان قسەی کردووە. 
زیاتر بخوێنەوە

22:32

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێزەکانی وەڵامدانەوەی ناتۆ چالاکدەکرێن

راهێنانێکی هێزەکانی ناتۆ
 
بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ چالاکدەکرێت. 
 
تۆد وۆڵتەرس، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ سەرجەم هێزە ئاسمانی، زەوینی، دەریایی و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئامادەکردووە و بەخێرایی دەتوانن پشتگیری لە وڵاتانی ناتۆ بکەن.
 
هەرچەندە چالاککردنی هێزەکانی ناتۆ بەو واتایە نییە کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکخراوەکە دەتوانن بچنە نێو ئۆکراینا، چونکە ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ نییە. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕوونی ئەوەی گوت کە هێزەکانیان بەرەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا جێگیردەکرێن، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان لە هێرشەکانی رووسیا نیگەران بوون.
 
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە سوپای ئۆکراینا کرد حکومەتەکەیان لەکارلابدەن و کە پووتین پێیوایە سەرکردەکانی "تیرۆرست" و "چەتەی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر و نازیی نوێن."
 
گفتوگۆکانی مینسک؟
 
کرملین دەڵێت پووتین ئامادەیە شاندێک بنێرێتە بێلاڕووس بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بکەن. سەرۆکی بێلاڕووسیش ئامادەیی خۆی راگەیاند کەشێکی لەبار بۆ ئەو دانوستاندنانە دروستبکات. 
 
گفتوگۆ لەسەر "خۆبەدەستەوەدانی ئۆکراینا"
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشنیاری کرد گفتوگۆ لەسەر خۆبەدەستەوەدانی ئۆکراینا بکەن. هەرەوەها پێداگرە لەسەر ئەوەی کە سوپای رووسیا ئۆکراینا لە "چەوساندنەوە" رزگاردەکات. 
 
ئۆکراینا داوای خۆبەخش دەکات
 
ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لەو ئەوروپییانە کرد کە ئەزموونی شەڕیان هەیە، وەکو خۆبەخش، دژی رووسیا بەرگریی لە ئۆکراینا بکەن. 
 
زێلێنسکی دەڵێت 137 "قارەمان"ی ئۆکراینی کوژراون و 317ی دیکەش برینداربوون. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە ئۆکراینایان جێهێشتووە، زۆرترینیان پەنایان بردووەتە بەر پۆڵەندا و مۆڵۆدۆڤا.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەژداریی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد بۆ تاوتێکردنی هێرشی رووسیا. دوای کۆبوونەوەکە، لە راگەیێندراوێکدا ناتۆ هاوسۆزی خۆی بۆ ئۆکراینا دەربڕی و پاڵپشتی خۆیشی بۆ سەروەریی و یەکگرتوویی خاکەکەی دووپاتکردەوە.
 
ناتۆ هەروەها هێرشەکەی رووسیای بە "هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە" ناوبرد. هاوپەیمانییە بەرگرییە رۆژئاواییەکە بڕیاریشدا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکات. 
 
یەکێتیی ئەوروپا رازیبوو سەرمایەی پووتین و لاڤرۆڤ سڕ بکات، هەروەها کۆمەڵێک سزای "گەورە"ی بەسەر کەرتەکانی دارایی، وزە و گواستنەوەی رووسیادا سەپاندن. 
 
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن ئاستی تیشکدانەوە لە زۆنی قەدەخەکراوی چێرنۆبڵ زیادیکردووە و هۆشدارییان دا لەوەی کۆنتڕۆڵکردنی وێستگە ئەتۆمییەکە لە لایەن رووسیاوە "لێکەوتی زۆر خراپی دەبێت."
 
ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەندامێتیی هەموو نوێنەرانی رووسیا لە بەژداریکردن لەو دامەزراوە ئەوروپییە هەڵدەپەسێرێت.
 
کۆمپانیای بریتیش ئەیروەیز هەموو گەشتەکانی خۆی بۆ مۆسکۆ وەستاندن و رێگەی فڕۆکەکانیشی لەسەر ئاسمانی رووسیا گۆڕی. مۆسکۆش بڕیاریدا ئاسمانی خۆی لە هەموو فڕۆکە بەریتانییەکان قەدەخە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی لەندەن ئاسمانی بەریتانیای لە کۆمپانیای ئەیرۆفلۆتی رووسی قەدەخەکرد. 
 
زیاتر بخوێنەوە

21:43

نوێترین زانیاری لە بارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا


هێزەکانی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەخت شەڕی هێزەکانی رووسیا دەکەن، دەنگی تەقەی چەکی سووک و تەقینەوەی گەورەش لە ناوچەی ئۆبۆلۆنسکی لە باکووری شارەکە دەبیسترێت.
 
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە سوپای ئۆکراینا کرد حکومەتەکەیان لەکارلابدەن و کە پووتین پێیوایە سەرکردەکانی "تیرۆرست" و "چەتەی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر و نازیی نوێن."
 
گفتوگۆکانی مینسک؟
 
کرملین دەڵێت پووتین ئامادەیە شاندێک بنێرێتە بێلاڕووس بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا بکەن. سەرۆکی بێلاڕووسیش ئامادەیی خۆی راگەیاند کەشێکی لەبار بۆ ئەو دانوستاندنانە دروستبکات. 
 
گفتوگۆ لەسەر "خۆبەدەستەوەدانی ئۆکراینا"
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشنیاری کرد گفتوگۆ لەسەر خۆبەدەستەوەدانی ئۆکراینا بکەن. هەرەوەها پێداگرە لەسەر ئەوەی کە سوپای رووسیا ئۆکراینا لە "چەوساندنەوە" رزگاردەکات. 
 
ئۆکراینا داوای خۆبەخش دەکات
 
ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لەو ئەوروپییانە کرد کە ئەزموونی شەڕیان هەیە، وەکو خۆبەخش، دژی رووسیا بەرگریی لە ئۆکراینا بکەن. 
 
زێلێنسکی دەڵێت 137 "قارەمان"ی ئۆکراینی کوژراون و 317ی دیکەش برینداربوون. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە ئۆکراینایان جێهێشتووە، زۆرترینیان پەنایان بردووەتە بەر پۆڵەندا و مۆڵۆدۆڤا.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەژداریی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد بۆ تاوتێکردنی هێرشی رووسیا. دوای کۆبوونەوەکە، لە راگەیێندراوێکدا ناتۆ هاوسۆزی خۆی بۆ ئۆکراینا دەربڕی و پاڵپشتی خۆیشی بۆ سەروەریی و یەکگرتوویی خاکەکەی دووپاتکردەوە.
 
ناتۆ هەروەها هێرشەکەی رووسیای بە "هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە" ناوبرد. هاوپەیمانییە بەرگرییە رۆژئاواییەکە بڕیاریشدا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکات. 
 
یەکێتیی ئەوروپا رازیبوو سەرمایەی پووتین و لاڤرۆڤ سڕ بکات، هەروەها کۆمەڵێک سزای "گەورە"ی بەسەر کەرتەکانی دارایی، وزە و گواستنەوەی رووسیادا سەپاندن. 
 
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن ئاستی تیشکدانەوە لە زۆنی قەدەخەکراوی چێرنۆبڵ زیادیکردووە و هۆشدارییان دا لەوەی کۆنتڕۆڵکردنی وێستگە ئەتۆمییەکە لە لایەن رووسیاوە "لێکەوتی زۆر خراپی دەبێت."
 
ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەندامێتیی هەموو نوێنەرانی رووسیا لە بەژداریکردن لەو دامەزراوە ئەوروپییە هەڵدەپەسێرێت.
 
کۆمپانیای بریتیش ئەیروەیز هەموو گەشتەکانی خۆی بۆ مۆسکۆ وەستاندن و رێگەی فڕۆکەکانیشی لەسەر ئاسمانی رووسیا گۆڕی. مۆسکۆش بڕیاریدا ئاسمانی خۆی لە هەموو فڕۆکە بەریتانییەکان قەدەخە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی لەندەن ئاسمانی بەریتانیای لە کۆمپانیای ئەیرۆفلۆتی رووسی قەدەخەکرد. 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:06

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێزەکانی وەڵامدانەوەی ناتۆ چالاکدەکرێن

 
بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ چالاکدەکرێت. 
 
تۆد وۆڵتەرس، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ سەرجەم هێزە ئاسمانی، زەوینی، دەریایی و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئامادەکردووە و بەخێرایی دەتوانن پشتگیری لە وڵاتانی ناتۆ بکەن.
زیاتر بخوێنەوە

20:06

سەرۆکایەتیی رووسیا: هەوڵەکان بۆ دانوستاندنمان لەگەڵ ئۆکراینا وەستاون

 
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بە مەبەستی دیاریکردنی شوێنێک بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەردوو وڵات وەستان. 
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022 رایگەیاند، هەوڵێک هەبوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەردوو وڵات، بەڵام ئێستا ئەو هەوڵانە وەستاون. 
 
بە گوتەی پێسکۆڤ، مۆسکۆ پێشنیازی ئەوەی کرد کۆبوونەوەکە لە میسنک، پایتەختی بێلاڕووس بەڕێوەبچێت و ئۆکرایناش پێشنیازی ئەوەی کرد لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا کۆببنەوە. 
 
گوتەبێژەکەی کریملن گوتی، لەو ماوەیەدا کە هەوڵ هەبووە کۆبوونەوە رێکبخرێت، ژمارەیەک لە ئۆکراینییەکان سیستمی مووشەکیان گواستەوە نێو هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک لەنێو شارە گەورەکان. 
 
پێسکۆڤ رایگەیاند، ئەوەی لە لایەن ئەو ئۆکراینیانەوە روویدا پێشهاتێکی مەترسیدار بوو. 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:28

پووتین بۆ سوپای ئۆکراینا: حکومەتە 'تیرۆریستەکەتان' بڕووخێنن

 
ڤلادیمیر پووتین داوا لە سوپای ئۆکراینا دەکات هاوکارییان بکەن لە رووخاندنی حکومەتی وڵاتەکەیان و دەڵێت، وا دیارە مامەڵەکردن لەگەڵ سوپای ئۆکراینا ئاسانترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە دا، داوا لە سوپای ئۆکراینا دەکات حکومەتی وڵاتەکەیان کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات بڕووخێنن.

زیاتر بخوێنەوە

17:32

بەشار ئەسەد پاڵپشتیی خۆی بۆ هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەردەبڕێت


سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی رووسیا قسەی کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی سەر ئۆکراینا دەربڕی.
 
سەرۆکایەتیی سووریا ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرۆک باسیان لە دۆخی ئۆکراینا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی رووسیا کردووە." 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی دۆنباس دەستیپێکراوە.
 
سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێت، "بەشار ئەسەد جەختی لەوە کردەوە کە سووریا شانبەشانی رووسیا دەبێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنچینەیەی کە هەڵوێستێکی راست و دروستی هەیە." 
 
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رووسیا و سووریادا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە رووسیا رێگەی نەداوە هیچ پڕۆژە بڕیارێکی تووند دژی حکومەتی سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت. لە ساڵی 2015یشدا رووسیا لە رێگەی سەربازییەوە یارمەتیدانی سوپای سووریای دەستپێکرد و ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی حکومەتی سووریا بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:30

نەتەوە یەکگرتووەکان: رووسیا زیاتر لە 1800 خۆپێشاندەری دەستگیرکردووە

دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرێک لەلایەن پۆلیسی رووسیاوە لە مۆسکۆ، وێنە، AFP
 
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی دەستگیرکردنی سەتان خۆپیشاندەر لەسەر دەستی پۆلیسی رووسیا دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئەو کارە پێشێلی تەواوی مافی ئازادی رادەربڕینە."
 
راڤینا شامداسانی، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پۆلیسی رووسیا زیاتر لە هەزار و 800 کەس لە خۆپێشاندەرانی دژ بە شەڕی رووسیا لە ئۆکراینای دەستگیرکردوون و مافەکانیان لە ئازادی رادەربڕین زەوتکردوون."
 
لە راپۆرتێکیدا کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سوێسرادا پێشکێشی کرد، شامداسانی رایگەیاند: "پۆلیسی رووسیا بە شێوەیەکی دڕندانە سەتان کەس لە خۆپێشاندەرانی دژ بە شەڕی رووسیای لە ئۆکراینا دەستگیرکردوون، هەروەها گوتیشی، " زانیارییەکانی بەردەستمان پێمان دەڵێن کە رووسیا زیاتر لە هەزار و 800 خۆپێشاندەری دەستگیرکردووە."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی رووسیا دەکات و دەڵێت: "ئەو کارە دڕندانەی کە دژ بەو خۆپێشاندەرانە ئەنجامیان داوە پێشێلی دیاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانەی خەڵک و بێبەشکردنی ناڕەوای خەڵکە لە ئازادییەکانیان."
 
لەلایەکی دیکەوە، چاودێرێكی سەربەخۆ کە ئاژانسی ئەی ئێف پی پشتی پێبەستووە، دەڵێت پۆلیسی رووسی لە 51 شار لە سەرانسەری رووسیا، خەڵکی دەستگیرکردوون و فۆکەسی سەرەکییان دەستگیرکردنی " کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن"ـی وڵاتن.
 
راڤینا شامداسانی، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتی رووسیا کرد" دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات کە تەنیا بەهۆی جێبەجێکردنی مافەکانیان، دەستگیرکراون."
 
زیاتر بخوێنەوە

16:43

کرملین: پووتین ئامادەیە شاندێک بۆ دانوستاندن بنێرێتە مینسک

چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی رووسی لە کریمیا. وێنە: AFP
 
دوای ئەوەی کە ئۆکراینا رایگەیاند، ئامادەیە دانوستاندن لەسەر بێلایەنبوونی خۆی بکات، کۆشکی کرملین رایگەیاند، پووتین ئامادەیە بۆ گفتوگۆ شاندێک بنێرێتە مینسک، پایتەختی بێلاڕووس. شاندەکەش وەزیرانی بەرگری و دەرەوە لەخۆدەگرێت. 
 
هاوکات ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس رایگەیاند، ئەوان ئامادەن کەشی گفتوگۆ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا دروستبکەن. 
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، بە تەنیا لە بەردەم هێرشی رووسیا بەجێهێڵراون و رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە لە سەپاندنی سزاکان بەسەر رووسیا و ناردنی پاڵپشتیی سەربازی بۆ ئۆکراینا، خێرا نەبوون. 
 
لە لایەنی مەیدانیشەوە، پێشڕەویی تانکە رووسییەکان بەرەو ناوەندی کیێڤ بەردەوامە. سوپای رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان بە پەڕەشووت دابەزیون و ژمارەیەک بنکەی ئاسمانییان لە نزیک کیێڤ کۆنتڕۆڵکردووە. 
 
سوپای رووسیا دەشڵێت، لە شەڕی فڕۆکەخانەی هۆستۆمیل لە نزیک کیێڤ 200 سەربازی هێزی تایبەتی ئۆکراینایان کوشتووە. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش، باس لەوە دەکات ئەوان لە گەمارۆدانی کیێڤ سەرکەوتوو بوون. 
 
سوپای ئۆکرایناش پشتڕاستیکردەوە کە شەڕ و پێکدادانی قورس لە باکووری کیێڤ لەگەڵ هێزەکانی رووسیا بەردەوامە، هەروەها راشیگەیاند، لە سەرەتای هێرشی رووسیاوە تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار سەربازی رووسیا کوژراون.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی شاریی کیێڤ رایگەیاند، شارەکەیان چووەتە قۆناخی "بەرگرییەوە" و تانک و زرێپۆشەکانی ئۆکراینا بۆ ئەو مەبەستە چوونە نێو شارەکە. 
 
سوپای رووسیاش دەڵێت، ئەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە بۆردوومان ناکەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی کوژرانی 25 کەسی سڤیل دەکات. 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:20

پووتین: ئامادەین دانوستاندن بکەین

کۆشکی کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە شاندێک بۆ دانوستاندن لەبارەی هێرشکردنەسەر ئۆکراینا بنێرێتە مینسک، پایتەختی بێلاڕووس.

زیاتر بخوێنەوە

13:04

رووسیا: چێرنۆبیل لە 'تیرۆریستان' دەپارێزین

 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیێنێت، سەربازانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-یان کردووە بەمەبەستی "پاراستنی".
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، ئەو کارە بۆ ئەوە دەکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی "گرووپە نەتەوە پەرستەکان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە نەتوانن دۆخەکە لە ئۆکراینا بقۆزنەوە" بۆ مەبەستی دیکە.
 
رووسیا راشیگەیاندووە، دۆخەکە لە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکە ئاساییە و ستافێک بەردەوام چاودێریی ئاستەکانی تیشکدانەوەی دەکەن.
 
هێزەکانی رووسیا رۆژی پێنجشەممە دەستیان بەسەر وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبیل-دا گرت.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لە دەستکەوتەکانی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک پێشڕەوییان کردووە، 150 سەربازی ئۆکراینی خۆیان بەدەستەوە داوە و دەیان پێگە و ژێرخانی سەربازی و چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکراینیش خاپوورکراون.
 
هاوکات هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەڵێن، هێزەکانی رووسیا "هیچ سەرکەوتنێکیان" بەدەستنەهێناوە و بەرپەرچیان داونەتەوە.
 
جێگەی سەرنجە کە بانگەشەکانی هیچکام لەو دوو لایەنە تاوەکو ئێستا لەلایەن سەرچاوەیەکی بێلایەنەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:00

سوپای ئۆکراینا: بەبێ رەچاوکردنی تەمەن، هەموو کەس لە سوپا وەردەگرین

لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا
 
سوپای ئۆکراینا جارێکی دیکە داوا لە خەڵک دەکات بچنە ریزەکانی سوپا، ئەمجارە رایگەیاندووە، پێویستیان بە هەموو کەسێکە لە هەموو تەمەنێکدا کە بچێتە ریزەکانی سوپاوە.
 
لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا داوا لە خەڵک کراوە کە بچنە ریزەکانی هێزەکانی ئۆکراینا، دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە "رەچاوی تەمەن ناکرێت" و هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت دەتوانێت چەک هەڵگرێت.
 
ئەو راگەیێندراوە بەو مانایە دێت کە کەسانی مێرمنداڵانیش دەتوانن بچنە ریزەکانی سوپای ئۆکرایناوە.
 
یوری گالوشکین، فەرماندە لە سوپای ئۆکراینا رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ ئۆکراینا پێویستی بە هەموو شتێکە، هەموو رێکارەکان بۆ چوونە نێو سوپا سووک و سادە کراون. تەنیا پاسپۆرتەکەتان و ژمارەی ناسنامەکەتان بێنن [بۆ وەرگرتنی چەک]".
 
ئەو فەرماندەیە لە سوپای ئۆکراینا دەشڵێت، "هیچ سنووردارکردنێکی تەمەن نییە"، دەشڵێت، ئەگەر تووشی کێشەی خۆتۆمارکردن بوونەوە، لە تویتەرەوە پەیوەندییان پێوە بکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:31

فەرەنسا: یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت 'هەموو پەیوەندییەکی' رووسیا و سیستمی دارایی جیهان بپچڕێنێت

وەزیرانی دارایی فەرەنسا و ئەڵمانیا. وێنە: AFP
 
وەزیری دارایی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت هەموو جۆرە پەیوەندییەکی نێوان رووسیا و سیستەمی دارایی جیهانی بپچڕێنێت، ئەوەش دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کە رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەستیپێکرد.
 
برونۆ لو-مارین، وەزیری دارایی فەرەنسا لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا "دەیەوێت هەموو پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و سیستەمی دارایی جیهان بپچڕێنێت.. دەمانەوێت رووسیا لەڕووی داراییەوە داببڕین.. دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی وشک بکەین".
 
چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی سزاکانی بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆسەر رووسیا، برونۆ لو-مارین رایگەیاند، مۆسکۆ "هاوبەشێکی ئابووریی گرنگی پلەی دوو"ە بۆ فەرەنسا.
 
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئۆکرایناوە نرخی سەرچاوەکانی وزە بەرزبوونەتەوە، وەزیری دارایی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، پاریس خەڵکی وڵاتەکەی لە هەر ئەگەرێکی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سووتەمەنی دەپارێزێت؛ کە ئەوەش نیگەرانییەکی سەرەکیی ئەوروپا، چونکە زۆرینەی گازی سرووشتییەکەی لە رووسیاوە بەدەستدەهێنێت.
 
کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا دەڵێت، بانکەکانی رووسیایان پێشتر گەمارۆ داون و "مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا وەستاوە".
 
هەردوو وەزیرانی دارایی فەرەنسا و ئەڵمانیاش دەڵێن، پرسی پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان رووسیا و سیستمی دارایی جیهان لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:05

هێزەکانی رووسیا چوونە نێو گەڕەکێکی باکووری کیێڤ

باڵەخانەیەکی کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا دوای بۆردوومانکردنی. وێنە: AFP
 
لەدوای راگەیاندنی جەنگ لە دژی ئۆکراینا لەلایەن ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سوپای رووسیا لە چەند شوێنێکەوە دەستی بە هێرش کردووە و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج. هێزەکانی رووسیا لە باکوورەوە چوونە نێو گەڕەکێکی کیێڤی پایتەخت.
 
بەگوتەی چەند بەرپرسێکی سەربازی ئۆکراینا، رووسیا هەر لە سەرەتاوە بە مووشەکی جۆری کروز و بالیستی، فڕۆکەی سەربازی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت و چەند بنکەیەکی دیکەی کردە ئامانج.
 
فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئۆکراینا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاوە کراونەتە ئامانج و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی فڕۆکەوانی ئۆکراینا گەیاندووە. هاوکات سوپای رووسیا دەیان بنکەی سەربازیان لە شاری کراماتورسک لە هەرێمی دۆنباس کردە ئامانج.
 
هێرشە مووشەکییەکان، هاوکات بوون لەگەڵ بیستی دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری خارکیێڤی سەر بە  هەمان هەرێم، کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە و یەکێکە لەو ناوچانەی کە جوداخوازەکانی دۆنباس داوای دەکەن ببێتە بەشێک لە "کۆماری گەلی لوهانسک".
 
شاری دینیپرۆ لە ناوەڕاستی ئۆکراینا، یەكێکە لەو شوێنانەی کە لە خولەکە سەرەتاییەکانی دەستپێکردنی شەڕ، بە مووشەکی بالیستی و کروز کرایە ئامانج.
 
لەڕووی سەربازییەوە هێزەکانی رووسیا لە کەنار دەریاکانی ئۆکراینا لەسەر دەریای رەش، کە دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە، چوونەتە نێو شاری ئۆدیسا.
 
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن پێکدادانی تووندی سەربازی لە شاری خیرسون لە باشووری ئۆکرینادا لەنێوان سوپای رووسیا و هێزە بەرگریکارەکانی ئۆکراینا روویداوە.
 
بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاندووە، هێزەکانی رووسیا لە سێ ناوچەی سەرەکییەوە چوونەتە نێو ئۆکرایناوە، لە باکوور و باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتەوە، کە سنووری ئۆکراینایە لەگەڵ رووسیا، هێز چووەتە ئەو وڵاتە.
 
لە باکوور و باکووری رۆژئاواوە کە سنووری بێلاڕووسە. هەروەها لە نیمچە دوورگەی کریمیا لە دەریای رەش کە دەکەوێتە باشووری ئۆکراینا هێزەکانی رووسیا چوونەتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە.
 
هێرشەکان سەرەتا کرانە سەر پاسەوانانی سەر سنوور، بنکە سەربازی، گەشتە سەربازییە گەڕۆکەکان و خاڵەکانی پشکنینی سەر بە سوپای ئۆکراینا.
 
شوێنە گەورە و گرنگەکان بە مووشەکی کرووز و بالیستی کراونەتە ئامانج، شوێنەکانی دیکە کە گرنگی کەمتریان هەبووە بە تۆپی زیرەک و مووشەکی مامناوەند کراونەتە ئامانج.
 
بەرگری ئۆکراینا رایگەیاندووە، زۆربەی هێرشە مووشەکییەکان، ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینای گرتووەتەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئۆکراینا، کیێڤی پایتەخت بە مووشەکی بالیستی بۆردوومان دەکرێت و هێزەکانی رووسیاش چوونەتە نێو گەڕەکی ئۆبلۆن لە باکووری کیێڤ. ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند "کەسانی تێکدەر هاتوونەتە نێو کیێڤی پایتەختەوە"
 
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمریکا رایگەیاندووە هێزەکانی رووسیا لە بێلاڕووسیاشەوە دەیانەوێت گەمارۆی کیێڤ بدەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:58

ئۆکراینا: رووسیا 33 ناوچەی سڤیلی وڵاتەکەمانی لە 24 کاژێری رابردوودا کردوونەتە ئامانج

 
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی سوپای رووسیا دەیان ناوچەی سڤیلیان کردوونەتە ئامانج، لە 24 کاژێری رابردووشدا بۆردوومانی 33 ناوچەی سڤیل کراون.
 
ڤادیم دێنیسێنکۆ لە وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "رووسییەکان دەڵێن ناوچە و شوێنی سڤیل بۆردوومان ناکەن، بەڵام 33 ناوچەی سڤیل لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا کراونەتە ئامانج".
 
هێزەکانی رووسیا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا نزیکبوونەتەوە، ئەوەش دوای پێشڕەوییەکی خێرای سوپای رووسیا لە چەند بەرەیەکی باکوور، رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرایناوە لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراینا.
 
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، ئۆپەراسیۆنی رووسیا گەیشتووەتە دەوروبەری کیێڤ، داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکات کە بە بۆمبی دەستکرد رووبەڕوویان ببنەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:35

بزووتنەوەی تاڵیبان هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ئۆکراینا ئاشکرا دەکات

 
بزووتنەوەی تاڵیبان کە چەند مانگێکە لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ئۆکراینا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین"، نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی کەوتنەوەی قوربانیی سڤیل دەربڕیوە.
 
بزووتنەوەی تاڵیبان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی ئۆکراینا دەکات و نیگەرانین لە کەوتنەوەی قوربانیی مەدەنی [بەهۆی جەنگەوە]".
 
لە راگەیێندراوەکەیدا تاڵیبان داوای لە هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆکراینا کردووە "دان بە خۆیاندا بگرن"، ئاماژەی بەوەش کردووە "هەموو لایەنەکان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لەوەی ببنە هۆی زیادبوونی تووندوتیژی".
 
تاڵیبان داوای لە رووسیا و ئۆکراینا کردووە کە کێشەکەیان لەڕێگەی "دایەلۆگ و هۆکاری ئاشتییانە چارەسەر بکەن".
 
هاوکات داوای لە لایەنەکانی بەشدار لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکراینا کردووە کە سەلامەتیی ژیانی قوتابیانی ئەفغانستان و کۆچبەران لە ئۆکراینا لەبەرچاو بگرن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:34

بەریتانیا: هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا 'وەحشیگەرانە و بێ پاساوە'

 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بە "وەحشیگەرانە و بێ پاساو" ناودەبات و جەخت لە پاڵپشتیی وڵاتەکەشی بۆ کیێڤ دەکاتەوە. وەزیری دەرەوەی فەرەنساش نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر دوو دەوڵەتی دیکە کە پێشتر سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت بوون.
 
لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هاوسۆزیی خۆی بۆ دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا و گەلەکەی دەربڕیوە و دەشڵێت، "هێرشی پووتین بۆسەر ئۆکراینا وەحشیگەرانە، بێ پاساو و بێڕێزییەکی گەورەیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ".
 
وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پووتین بە بەرپرسیار دەزانن لە دەرەنجامەکانی جەنگەکە و بەردەوامیش دەبن لە پاڵپشتیی ئۆکراینا.
 
فەرەنسا: پووتین دەیەوێت ئۆکراینا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە
 
هاوکات ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەوە تۆمەتباردەکات کە هەوڵی وێرانکردنی دەوڵەتی ئۆکراینا دەدات و هۆشداری دەدات لەوەی "ئاسایشی" ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە مەترسیدا بووە.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "ئەوەی [لە ئۆکراینا] روودەدات جەنگێکی تەواوە. پووتین بڕیاری داوە ئۆکراینا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە".
 
لۆدریان ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرەنسا "نیگەرانە" لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رووسیا دژی مۆڵدۆڤا و جۆرجیا، کە دوو دەوڵەتن پێشتر سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت بوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:33

بانکی ناوەندیی ئۆکراینا گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی رادەگرێت

بانکی ناوەندیی ئۆکراینا
 
بانکی ناوەندیی ئۆکراینا کۆتوبەند دەخاتە سەر گواستنەوەی پارەی دیجیتاڵی، ئەوەش وەکو یەکێک لە دوایین رێکارەکان کە پەیوەندیی بە راگەیاندنی یاسای سەربازی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە هەیە.
 
بانکی نیشتمانیی ئۆکراینا داوای لە ناوەندەکانی دابەشکردنی پارەی ئەلیکترۆنی کردووە، دەرکردنی پارەی ئەلیکترۆنی و پڕکردنەوەی جزدانی ئەلیکترۆنی بە پارەی ئەلیکترۆنی هەڵپەسێرن.
 
ئەگەر هەیە باسکردنی پارەی ئەلیکترۆنی ئاماژەبێت بۆ ئەو دراوانەی حکومەت دەریکردوون و لە هەژمارە دیجیتاڵییەکان و لە پلاتفۆڕمەکانی وەکو ڤێنمۆ و پەیپاڵ هەڵگیراون. ئەمەش یەکێکە لەو یاسا نوێیانەی بانکی ناوەندیی ئۆکراینا دەریکرد دوای ئەوەی هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە.
 
رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی ئۆکراینا راگەیێندراوێکی دەرکرد و تێیدا چەند چارەسەرێکی خستەڕوو، لەوانە فەرمانی هەڵپەساردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، سنووردارکردنی دەرهێنانی پارەی کاش و قەدەخەکردنی دەرکردنی دراوی بیانی لە هەژمارە بانکییە تاکە کەسییەکان.
 
لە ساڵی 2021ـدا ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆکرد کە رێگەی بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکە خۆشکرد دراوی دیجیتاڵیی خۆی دەربکات، بەم دواییانەش زێلینسکی و پەرلەمان رەزامەندییان دەربڕی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ بەیاساییکردن و رێکخستنی دراوی دیجیتاڵی لەو وڵاتەدا.
 
بەپێی میدیای نێوخۆیی وڵاتەکە، بەر لە هێرشی رووسیا، ئۆکرانیا پلانی هەبوو بازاڕی دراوی دیجیتاڵی بۆ بزنس و وەبەرهێنەران بکاتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:30

یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای بەسەر رووسیادا سەپاند

ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. وێنە: AFP
 
یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند و سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێت: "سزاکان لە 70٪ی بازاڕی تایبەت بە مامەڵە بانکییەکانی رووسیا و گەورە کۆمپانیاکانی حکومەت لەنێویشیاندا کەرتی سەربازیمان کردووەتە ئامانج".
 
لە دوای کۆبوونەوەیەکی 6 کاژێری، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا سزای نوێی بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
 
لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئۆرشۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا یەکگرتووە و سەرکردەکانی ئەوروپاش یەکگرتوون لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە دڕندە و ناڕەوایانەی کە رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کردوویەتی، ئێمە سزای سەرۆکایەتی رووسیا دەدەین و ئەو کۆمەڵە سزا قورسانەی کە سەرکردەکانی ئەوروپا پەسەندی کردن، بەڵگەن لەسەر ئەو سزادانە".
 
سەبارەی بە کاریگەریی سزاکان لەسەر رووسیا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا گوتی: "ئەو سزایانە گەورەترین کاریگەرییان بۆ سەر ئابووریی رووسیا و کەسانی دەستەبژێری ئەو وڵاتەدا دەبێت".
 
ڤۆن دێرلاین راشیگەیاند: "ئەم کۆمەڵە سزایانە، سزای داراییش دەگرێتەوە، کە رووسیا لە چوونە نێو بازاڕە گرنگەکان بێبەش دەکات و ئەو وڵاتە لە 70٪ی بازاڕی تایبەت بە مامەڵە بانکییەکانی رووسیا و گەورە کۆمپانیاکانی حکومەت لەنێویشیاندا کەرتی سەربازییان کردووەتە ئامانج. سزاکان خەرجی قەرزەکانی رووسیا زیاتر دەکەن و هەڵاوسان زیاتر دەکات و بنەما پیشەسازییەکانی لەناو دەبات".
 
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی ئۆکراینا، گفتوگۆی خێرا و راشکاوانەم لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا کرد تاوەکو لەلایەک داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی بهێنێت و هەروەها پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینای بۆ بکەم  بەڵام بەگوتەی ماکرۆن، هیچکام لەو هەوڵانەی فەڕەنسا سوودیان نەبوو، چونکە دەبینن کە رووسیا رێگەی شەڕی هەڵبژاردووە.
 
جگە لەو ئەوروپا، ئەمریکاش کۆمەڵێک سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند و گوتی، "پووتین خۆی ئەم شەڕەی هەڵبژاردووە و دەبێت خۆی و وڵاتەکەیشی بەرگەی ئەنجامەکانی بگرن."
 
بایدن لە قسەکانیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیای بۆ سەر ئۆکراینا کرد و کۆمەڵێک سزای "قورستر"ـی بەسەر رووسیادا سەپاند لەوانە سنووردارکردنی ئەوەی چی هەناردە بکرێت بۆ رووسیا. 
 
بایدن لەبارەی سزاکان گوتی، "ئەمانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئابووری رووسیا دەبێت، جا چ کاریگەریی یەکسەری یان ماوەدرێژ بێت. ئێمە بە مەبەست ئەم سزایانەمان دیاریکردووە تاوەکو لە ماوەیەکی دوورودرێژدا کاریگەری لەسەر رووسیا هەبێت."
 
ئەو سزایانەی بایدن رایگەیاند بریتیبوون لە:
 
- سنووردارکردنی تواناکانی رووسیا بۆ بازرگانیکردن بە دۆلار، یۆرۆ، پاوەند و یەن و بوونە بەشێک لە ئابووریی جیهان.
 
- وەستاندنی تواناکانی رووسیا بۆ دابینکردنی پارە و بەرەوپێشبردنی سوپاکەی.
 
- کوشتنی تواناکانی رووسیا بۆ کێبڕکێکردن لە ئابووریی سەدەی 21. 
 
- ئەمریکا سزا بەسەر ئەو بانکە رووسیانەدا دەسەپێنێت کە پێکەوە نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار سەرمایەی نەختینەییان هەیە. 
 
بایدن جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کاریگەریی سزاکان لە ماوەی داهاتوودا "بەڕوونی دەبیندرێت." بەڵام لە هەمانکاتدا بایدن سزای دیکەش ماون بیانسەپێنێنت، لەوانەش سزا لەسەر خودی پوتین، سەرۆکی رووسیا و دوورخستنەوەی سیستەمی دارایی رووسیا لە سیستەمی سویفتی جیهانی.
 
ئەو لایەنانەی بەر سزای دارایی ئەمریکا کەوتوون برینین لە سبیربانک، گەورە بانکی حکومەتی رووسیا، ڤی تی بی بانک، دووەم گەورەترین بانکی حکومەتی رووسیا. سزادانی 25 کۆمپانیای گەورە کە لەگەڵ بانکی سبیربانک کار دەکەن، سزادانی ژمارەیەک کەسایەتیی رووسی و ئەندامانی خێزانەکانیان و سڕکردنی پشکە داراییەکانیان لە ئەمریکا.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە: "بانکە رووسییەکان رۆژانە لەسەر ئاستی جیهان بە بەهای نزیکەی 46 ملیار دۆلار مامەڵە دەکەن".
 
ئەو سزایانەی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکەی ئۆکرایناوە بەسەر رووسیایدا سەپاندوون لە ماوەی 30 رۆژدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:22

ئەمریکا: پووتین بۆ ماوەیەکی درێژ ئۆکراینا داگیردەکات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت ئەو ئۆپەراسیۆنەی رووسیا دەستیپێکردووە، ئامانج لێی داگیرکردنی ئۆکراینایە بۆ ماوەیەکی درێژ.
 
شەوی پێنجشەممە 24-2-2022 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەیدا، ئەنتۆنی بلینکن گوتی لە گوتەکانی پووتین وا دەردەکەوێت پێشتر پلانی بۆی داناوە و دەشڵێت پووتین دەیەوێت جارێکی دیکە ئۆکراینا بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی و "ئیپراتۆرییەتێکی وەکو یەکێتیی سۆڤیەت بونیاتبنێتەوە". 
 
ماوەی چەند مانگێکە کۆشکی سپی  بەردەوام زانیاریی هەواڵگری لەبارەی رووسیا و ڤلادمیر پووتینی سەرۆکی وڵاتەکە بڵاودەکاتەوە و بەردەوام هۆشداریی لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا داوە. 
 
بلینکن هۆشداری دەداتە رووسیا و دەڵێت ئەگەر هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی ناتۆ، وەکو ئەوە وایە هێرشی کردبێتە سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە سزاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و گوتی کە بەیەکەوە  و بەشێوەیەکی خێرا سزای "قورسیان" بەسەر رووسیادا سەپاندووە. بلینکن دەشڵێت خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی زیاتری رووسیا ئامادە دەکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:16

تاوەکو ئێستا چی هەیە؟

تاوەکو ئێستا چی هەیە؟
 
ئەمڕۆ هەینی رۆژی دووەمە کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا؛ لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا ئەوە یەکەمجارە هێرشێکی لەو جۆرە ئەوروپا بگرێتەوە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکی ئۆکراینا قسەی بۆ هاووڵاتییانی کرد و پشتڕاستی کردەوە کە چەندین شوێنی کیێڤ و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەی بۆردوومان کراون. 
 
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ ئۆکراینا باسی لەوە کرد خەڵک ترسێکی زۆریان لێنیشتووە و لە دڵەڕاوکێدا دەژین، هێزەکانی رووسیاش لە ئانوساتدایە کە کیێڤ داگیربکەن. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی خەڵکی کیێڤ بە دەنگی بۆردوومان و زەنگی ئاگادارکردنەوە خەبەریان بووەوە. لە کیێڤ نزیکەی 2.8 ملیۆن کەس دەژین و بەشێکیان بەهۆی ترس لە جەنگ، ماڵەکانیان جێدەهێڵن. 
 
دوای ئەوەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەرەوپێشچوونی زۆری بەدەستهێنا، رووسیا هێرشەکانی لەسەر کیێڤ چڕکردووەتەوە. هاوکات لە شاری خارکیڤ، کە دووەم گەورەشاری ئۆکراینایە شەڕ و پێکدادانی سەخت هەیە. 
 
ئۆکراینا دەڵێت، بەلانی کەم 137 کەسی مەدەنی و سەربازیان لە یەکەم رۆژی هێرشەکەی رووسیادا کوژراون. 
 
ئەمریکا دەڵێت، دوای ئەوەی شەڕێکی قورس لە چێرنۆبڵ روویدا و رووسیا دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت، بەشێک لە سەربازانی ئۆکراینی لەو شوێنە دەستبەسەرکراون. 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

09:55

سەرۆکی ئۆکراینا بۆ رووسیا: تاوەکو زووتر کۆتایی بە شەڕ بێنن بۆ خۆتان باشترە

 
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، مۆسکۆ "درەنگ یان زوو" دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ کیێڤ بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ؛ ئەوەش لە کاتێکدایە رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا و بە ئاراستەی داگیرکردنی پایتەختی ئەو وڵاتە دەڕوات.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "رووسیا درەنگ یاخود زوو دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە بکات. گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی کۆتاییهێنان بە جەنگ و وەستاندنی ئەم داگیرکارییە. تاوەکو گفتوگۆکانیش زووتر دەستپێبکەن، ژمارەی قوربانییەکانی رووسیا کەمتر دەبن".
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، هێزە داگیرکەرەکانی رووسیا ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج، ستایشی سەربازانی وڵاتەکەشی دەکات بۆ "کاری پاڵەوانانەیان"، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی "هەموو کارێکی پێویست" بۆ پاراستنی خەڵکەکەی دەکات.
 
زێلینسکی دەڵێت، "ئەوان [رووسیا] دەڵێن شوێنە مەدەنییەکان ئامانجی ئەوان نییە، بەڵام ئەمە درۆیەکی تریانە. لەڕاستیدا جیاوازی لەنێوان هیچکام لەو شوێنانە ناکەن کە ئۆپەراسیۆنی تێدا دەکەن".
 
سەرۆکی ئۆکراینا خەڵکی وڵاتەکەی بە "پاڵەوان" ناودەبات کە ناڕەزایی دژی داگیرکاریی رووسیا دەردەبڕن، ستایشی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەشی دەکات و دەڵێت، "هەموو هێزەکانمان هەموو کارێکی پێویست دەکەن بۆ پاراستنی خەڵک".
 
زیاتر بخوێنەوە

08:37

سەرۆکی ئۆکراینا: لە شەڕی دژی رووسیا تەنیا جێهێڵدراین

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
 
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە شەڕی وڵاتەکەیدا لە دژی رووسیا "تەنیا جێهێڵدراون". ئەوەش لە کاتێکدایە کە سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین هێرشی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکردووە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان لانیکەم 130 ئۆکراینی لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا کوژراون.
 
درەنگانی شەوی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بە گەلەکەیی راگەیاند، "ئێمە بە تەنیا جێهێڵدراوین بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتەکەمان" و شەڕی دژی رووسیا.
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەپرسێت "کێ ئامادەیە لەگەڵمان شەڕ بکات؟ هیچ کەسێک نابینم. کێ ئامادەیە گەرەنتیی بوونە ئەندامی ئۆکراینا لە ناتۆ بکات؟ هەمووان دەترسن".
 
زێلینسکی دەڵێت، 137 ئۆکراینی لە هێزە سەربازییەکان و هاووڵاتیی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر وڵاتەکەی کوژراون و لانیکەم 316 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت "گرووپە تێکدەرەکانی" رووسیا چوونەتە نێو کیێڤ-ی پایتەخت و داوا لە خەڵکی وڵاتەکەشی دەکات کە هۆشیاربن.
 
زێلینسکی ئەوەشی خستەڕوو کە خۆی و خێزانەکەی لە ئۆکراینان و دەشڵێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە "ئامانجی ژمارە یەک"ی رووسیان.
 
سەرۆکی ئۆکراینا جەخت لەوە دەکاتەوە کە رووسیا "دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئۆکراینا خاپوور بکات، ئەوەش لەڕێگەی کوشتنی سەرۆکی دەوڵەتەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

08:32

ئۆکراینا: رووسیا 'هێرشێکی ترسناکی' مووشەکی دەکاتە سەر پایتەختەکەمان

 
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-02-2022 رووسیا دەستی بە هێرشێکی مووشەکیی "ترسناک" کردووە بۆسەر کیێڤ-ی پایتەختی وڵاتەکەی.
 
دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تویتەر رایگەیاندووە، "رووسیا دەستی بە هێرشێکی ترسناکی مووشەکی بۆسەر کیێڤ کردووە".
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، لە ساڵی 1941ـەوە وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی لەو شێوەیە نەبووەتەوە "کاتێک لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە هێرشی کرایەسەر".
 
ئانا پەینتەر، جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاندووە، "ئێستا هێزە چەکدارەکانمان بەشێوەیەکی خۆنەویستانە لە ئەرکدان"، دەشڵێت، "جەنگاوەرەکانمان بەهێزن و ناشکێن.. سەرکەوتن بۆ خۆمانە".
 
زیاتر بخوێنەوە

08:18

ئۆکراینا؛ بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە خوێندکارێکی کورد کوژرا

 
هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان کە پیشەی خوێندکارە، بەهۆی بۆردوومانەکانی رووسیا بۆسەر کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا گیانی لەدەستدا.
 
نێچیرڤان محەممەد، هاوڕێی ئەو خوێندکارەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە ئۆکراینا دەخوێنێت بە رووداوی راگەیاند، خوێندکارەکە "خەڵکی کەرکووکە و لە ئۆکراینا دەخوێنێت، لە بۆردوومانی سوپای رووسیا گیانی لەدەستداوە".
 
ئەو هاوڕێی خوێندکارە کوردەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بە وردی نازانێت لە چ شوێنێک گیانی لەدەستداوە، بەڵام پێموایە لە کیێڤ بەر بۆردوومان کەوتووە".
 
زیاتر بخوێنەوە

07:09

دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لە پایتەختی ئۆکراینا بیستران

 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-02-2022 دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا بیستران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی رووسیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکراینا، لە پایتەختی ئەو وڵاتە نزیکبوونەتەوە.
 
سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی کیێڤ کە خەڵکی سڤیلیان تێدا دەژین، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا بەرپەرچی "دوو هێرشی مەرگەساتبار"ی داوەتەوە.
 
ڤیتالی کلیتسچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاندووە، دوای هێرشێکی مووشەکی بۆسەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون، سێ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
 
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ وێنەیەکی لە تویتەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە بەشێک لە دیوارەکانی باڵەخانەیەک بەهۆی بۆردوومانەوە رووخاون و ئاگرکوژێنەوەش لە شوێنەکەن.
 
سوپای رووسیا دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 لەلایەن ڤلادیمیر پووتینەوە فەرمانی هێرشکردنی بۆسەر ئۆکراینا پێکرا، دەستی بە مووشەکبارانی شارەکانی ئۆکراینا کرد، بەو هۆیەشەوە ترس لەنێو خەڵکدا بڵاوبووەوە و بەشێک لە خەڵک هەڵدێن و بەشێکی دیکەشیان پەنایان بردووەتە بەر وێستگەکانی میترۆ.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دەدات لەوەی کە "گرووپە تێکدەرەکان"ی رووسیا چوونەتە نێو کیێڤ و داوا لە خەڵکی وڵاتەکەشی دەکات هۆشیاربن.
 
بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا نزیکەی 140 سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنیی وڵاتەکەی کوژراون.
 
زیاتر بخوێنەوە

23:47

بۆریس جۆنسن: رێگری لە بانکەکانی رووسیا دەکەین لە دەستکەوتنی پارە

 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا 275 کەسیان سزاداوە، هەروەها دەشڵێت: "چەند رێوشوێنێکی دیکەشمان راگەیاندووە کە بانکەکانی رووسیا سزا دەدەین."
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا شەوی چوارشەممە 24-02-2022 لە بارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا گوتی: "ئێمە 275 کەسمان سزاداوە. چەند رێوشوێنێکمان راگەیاندووە کە سزا بەسەر چەند بانکێک دەسەپێنێت، بانکێکیان بە بەهای 50 ملیار دۆلار و ئەوی دیکەشیان بە بەهای37 ملیار دۆلار سزایان بەسەردا دەسەپێنین." 
 
ئەو هەنگاوەی رووسیا سەرکۆنەکردنی تووندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەدوای خۆیدا هێنا. هەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکا و ژمارەیەکی دیکەی وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریان بەسەر رووسیادا سەپاند. 
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەروەها باسی لەوەش کردووە: "جگە لەو سزایانە، سزای زیاتریشمان دەبێت و رێگریی لە رووسیا و کۆمپانیاکانی دەکەین لە دەستکەوتنی پارە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا."

 

زیاتر بخوێنەوە

23:25

وەزیری تەندروستیی ئۆکراینا: 57 کەس کوژراون و 169 بریندارن

وەزیری تەندروستیی ئۆکراینا: 57 کەس کوژراون و 169 بریندارن
 
ڤیکتۆر لیاشکۆ، وەزیری تەندروستیی ئۆکراینا ئاماری قوربانییانەی جەنگی وڵاتاکەی لەگەڵ رووسیا بڵاوکردەوە و گوتی، "57 کەس کوژراون و 169 کەسیش بریندارن."
 
بە گوتەی لیاشکۆ، سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە سەقامگیرە و کارەکانی بە باشی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە خەڵک دەکات کە زۆر پێویست نەبێت نەچنە نەخۆشخانەکان تاوەکو تەختەی خەواندنی نەخۆشخانە بۆ ئەوانەبێت کە پێویستیان پێیە یان پێویستیان پێدەبێت، وەکو سەربازەکان. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

23:05

وەزارەتی بەرگریی رووسیا: فڕۆکەیەکمان تێکشکا و سەرنشینەکانی مردن

 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئەنتۆنۆڤ An-26 کە کەلوپەلی سەربازی هەڵگرتووە لە هەرێمی ڤۆرۆنێژ لە نزیک ئۆکراینا تێکشکاوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە ئەو فڕۆکەیە پلانی هەبووە کەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای رووسیا بگوازێتەوە. تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی هۆکاری تێکشکانەکە و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئاشکرا نەکراوە.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

22:12

بایدن سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند

بایدن سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند و گوتی، "پووتین خۆی ئەم شەڕەی هەڵبژاردووە و دەبێت خۆی و وڵاتەکەیشی بەرگەی ئەنجامەکانی بگرن."
 
بایدن لە قسەکانیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا کرد و کۆمەڵێک سزای "قورستر"ـی بەسەر رووسیادا سەپاند لەوانە سنووردارکردنی ئەوەی چی هەناردە بکرێت بۆ رووسیا. 
 
بایدن لەبارەی سزاکان گوتی، "ئەمانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئابووری رووسیا دەبێت، جا چ کاریگەریی یەکسەری یان ماوەدرێژ بێت. ئێمە بە مەبەست ئەم سزایانەمان دیاریکردووە تاوەکو لە ماوەیەکی دوورودرێژدا کاریگەری لەسەر رووسیا هەبێت."
 
ئەو سزایانەی بایدن رایگەیاند:
 
- سنووردارکردنی تواناکانی رووسیا بۆ بازرگانیکردن بە دۆلار، یۆرۆ، پاوەند و یەن و بوونە بەشێک لە ئابووریی جیهان.
 
- وەستاندنی تواناکانی رووسیا بۆ دابینکردنی پارە و بەرەوپێشبردنی سوپاکەی.
 
- کوشتنی تواناکانی رووسیا بۆ کێبڕکێکردن لە ئابووریی سەدەی 21. 
 
- ئەمریکا سزا بەسەر ئەو بانکە رووسیانەدا دەسەپێنێت کە پێکەوە نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار سەرمایەی نەختینەییان هەیە. 
 
بایدن جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کاریگەریی سزاکان لە ماوەی داهاتوودا "بەڕوونی دەبیندرێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، "پووتین دەزانێت کارێکی هەڵەی کردووە و ئەوەی دەیکات کاریگەریی ئابووری دەبێت لەسەر وڵاتەکەی."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، سزایان بەسەر چوار بانکی دیکەی رووسیدا سەپاندووە، ئەوەش مانای ئەوەیە هەموو ئەو سەرمایەیە کە لە ئەمریکا هەیانە، سڕدەکرێن. 
 
لەگەڵ ئەو سزایانەشدا، ئەمریکا و وڵاتانی G7 رووسیایان لە سیستمی پارەدانی SWIFT  دەرنەکرد کە سیستمێکی نێودەوڵەتییە و وڵاتان لە رێگەی بانکەکانەوە پەیوەندیی بازرگانی ئەنجامدەدەن. 
 
بایدن نەیشاردەوە کە وەکو "بژارەیەک" بیری لەو پرسە کردووەتەوە، بەڵام ئێستا جێبەجێی ناکەن.
 
لەبارەی ناردنی سەربازەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن دەڵێت، 7 هەزار سەرباز دەنێرن بۆ ئەڵمانیا، بایدن گوتی، بەرگریی لە هەموو بستە خاکێکی ئەندامانی ناتۆ دەکەن، بەڵام هێز نانێرنە ئۆکراینا. بایدن رایگەیاند، لە ئۆکراینا شەڕیان لەگەڵ رووسیا "نەکردووە و نایکەین."
 
زیاتر بخوێنەوە

21:42

کەنەدا سزا بەسەر 58 کەس و لایەنی رووسیدا دەسەپێنێت


جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، کە سزای ئابووری بەسەر 58 کەس و لایەنی رووسی دا دەسەپێنێت، ئەوەش وەک کاردانەوە دژی هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکراینا. 
 
ترودۆ ئەو هێرشە بە "هەڕەشەیەکی ئێجگار گەورە" بۆسەر ئاسایش و ئاشتیی جیهان ناودەبات. 
 
سزاکە بەرپرسانی رووسی و خێزانەکانیان، گرووپی واگنەر کە گرووپێکی سەربازییە و بانکەکان دەگرێتەوە. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:32

ڤلادیمیر پووتین: هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ بەرگری لە رووسیا جگە لە هێرشکردن

ڤلادیمیر پووتین: هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ بەرگری لە رووسیا جگە لە هێرشکردن
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە جگە لە داگیرکردنی ئۆکراینا تاوەکو دڵنیابێتەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی رووسیا. 
 
گوتەکانی پووتین لەکاتێکدایە زیاتر لە 12 کاژێر بەسەر هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت. 
 
پووتین رایگەیاند، "ئەوەی روویدەدا هیچ بژارەیەکی دیکەی بۆمان نەهێشتەوە" و هیچ رێگەیەکی دیکە نەبوو بۆ بەرەوپێشچوون. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:23

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا: رووسیا نزیکەی 400 شوێنی بۆردوومان کردووە

 
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا 392 شوێنیان بۆردوومان کردووە. دەشڵێت، هێزەکانیان لە "پاسەوانی نیشتمانی، هێزەکانی سەرسنوور و سەربازەکانمان وڵاتەکەمان دەپارێزن و سەرکەوتن بۆ ئێمەیە."
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:00

لە ئۆکراینا چی روودەدات؟

لە ئۆکراینا چی روودەدات؟
 
شتەکان لە ئۆکراینا بە خێرایی دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی هەیە دەنگی بۆردوومانی سوپای رووسیا و تەقینەوە لە نزیک شارە سەرەکییەکانی ئۆکراینا دەبیسترێت کە بەشێکیان بنکە و بارەگا سەربازییەکان دەکەنە ئامانج. رووسیا خۆی دەڵێت، زیاتر لە 70 ئامانجیان خاپوورکردووە. 
 
سوپای ئۆکرایناش بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەلانی کەمەوە شەش فڕۆکەی رووسی خستووەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە. 
 
بەپێی زانیاریی میدیاکان کە لە نزیکەوە رووماڵی جەنگەکە دەکەن، شەڕەکە لە بەشی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا سەختە و پێکدادانیش لە شارەکانی ئۆدێسە و ماریوپۆل بەردەوامە. 
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی رووسیا بەرەو چێرنۆبڵ دەچن، هێزەکانی وڵاتەکەیشی بەرەنگارییەکی باش دەکەن تاوەکو کارەساتێکی دیکەی ئەتۆمی روونەدات. 
 
تاوەکو ئێستا ئامارێکی روون لەبەردەستدا نییە کە چەند کەس و سەرباز کوژراون لە هەردوولای بەشدار لە جەنگەکە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆش لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و لەلای خۆیەوە سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی راگەیاند. 
 
بڕیارە ئەمشەو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش بکات و چاوەڕوان دەکرێت سزای نوێ بۆسەر رووسیا رابگەیێنێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:55

سەرکردەکانی G7: پووتین خۆی خستە بەرەیەکی هەڵەی مێژووەوە

سەرکردەکانی G7: پووتین خۆی خستە بەرەیەکی هەڵەی مێژووەوە
 
دوای کۆبوونەوەیان بەشێوەی ئۆنلاین، سەرکردەی وڵاتانی G7 لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرشی رووسیایان بۆسەر ئۆکراینا بە فەرمای ڤلادیمیر پووتین کرد و گوتیان، "پووتین خۆی خستووەتە بەرەیەکی هەڵەی مێژووەوە."
 
بەگوتەی ئەو سەرکردانە، پووتین، "شەڕی بە کیشوەری ئەوروپا ئاشناکردووەتەوە." دەشڵێن، سەرکۆنەی ئەو سەرکەشییەی سەرۆکی رووسیا دەکەن کە بەردەوام رێگەی گفتوگۆی رەتکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەی پێشنیازی جۆراوجۆریان پێداوە. 
 
لە راگەیێندراوی ئەو وڵاتانەدا کە بریتین لە: کەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ژاپۆن هاتووە، "ئێمە بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان."
 
بەپێی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاندووە. 
 
هەر لەکاتی کۆبوونەوەکەدا بوو کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکیدا بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا بە گشتی گوتی، "ئەگەر ئەمڕۆ یارمەتیمان نەدەن، سبەی جەنگ لەبەردەم دەرگەکەتان دەبێت."
 
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، "ئەمە شەڕە دژی هەموو ئەوروپا."
 
زیاتر بخوێنەوە

19:26

هەردوو ماڵپەڕی کۆشکی کرملین و حکومەتی رووسیا لەکارکەوتن

 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، هەردوو ماڵپەڕی کۆشکی کرملین و حکومەتی رووسیا لەکارکەوتن و تاوەکو ئێستاش هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

19:25

خاچی سوور: ژمارەی قوربانییەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا مەترسیدار دەبێت

خاچی سووری نێودەوڵەتی هۆشداری لە زۆریی ژمارەی قوربانییانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەدات و دەڵێت، "زۆر لەوە ترسناکتر دەبێت کە بیری لێبکرێتەوە."
 
پیتەر ماورێر، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "من ترسم لە زیادبوونی ئازارچەشتن هەیە لەگەڵ ئەگەری تێکشکانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی خەڵک وەکو ئاو و کارەبا."
 
هاوکات باسی لەوەشکرد کە ئەگەری هەیە خەڵکێکی زۆر ئاوارە دەبن، تووشی تراوما دەبن و ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی خێزان رەنگە لێک جیاببنەوە."
زیاتر بخوێنەوە

19:24

سەرۆکی ئۆکراینا: ئەو داگیرکارییە مۆسکۆ لە تەواوی جیهان دادەبڕێت


سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، داگیرکاریی رووسیا، مۆسکۆی لە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاندووە. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ گوێبیستی دەبین چییە؟ ئەمە تەنیا تەقینەوەی مووشەک و شەڕ و دەنگی فڕۆکەی جەنگی نییە، ئەمە دەنگی پەردەیەکی نوێی ئاسنە کە باڵ بەسەر رووسیادا دەکێشێت و مۆسکۆ لە هەموو جیهانی شارستانی دادەبڕێت." 
زیاتر بخوێنەوە

19:15

وه‌زیرانی به‌رگریی توركیا و ئۆكراینا په‌یوه‌ندییه‌كی تەلەفۆنی ئەنجامدەدەن


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی شوباتی 2022، خولوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگریی توركیا و ئۆلێكسی رێزنیكۆڤ هاوتا ئۆكراینییه‌كه‌ی، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا و له‌ میانیدا دوایین پێشهاته‌كانی ئۆكراینایان تاوتوێ كرد. 
 
له‌ راگەیێندراوێکدا كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه ‌كراوه‌ خولوسی ئاكار په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ ئۆلێكسی رێزنیكۆڤ ئه‌نجامداوه‌. بەپێی راگەیێندراوەکە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئاکار و رێزنیكۆڤ تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی ئۆكراینا و قسەیان لە بارەوە کردووە." 
 
هەر ئەمڕۆش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجامدا. هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و دوایین پێشهاتەکانییان تاوتوێ کردووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ئەردۆغان بە زێلێنسکی راگەیاندووە، "تورکیا پشتیوانی لە خەباتی ئۆکراینا دەکات بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی." 
 
ئەمڕۆ لووتكه‌ی ئه‌منیی تورکیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆکكۆمار ئەنجامدرا. تورکیا رایگەیاند دژی هێرشەکەی رووسیایە بۆ سەر ئۆکراینا. لە لوتکەکەدا ئاماژه‌ به‌وه ‌درا‌وە هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانە و قبوڵكراو نییه‌، هەروەها جەخت لە پاڵپشتی تورکیا بۆ یەکڕیزی سیاسیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کراوەتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:59

فوئاد حوسێن بە تەلەفۆن هەواڵی عێراقییەکانی ئۆکراینا دەپرسێت


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا کرد و جەختیان لەگرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی عێراق لەو وڵاتە کردووتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی شوباتی 2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ حوسێن عەباس، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا قسەیکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "فوئاد حوسێن هەواڵی هاووڵاتییانی عێراقی لەو وڵاتە و کادیری دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی عێراقی پرسیووە، جەختی لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە گونجاوەکان کردووەتەوە کە تێیدا ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی عێراق و ئەندامانی نێردەی عێراقیی پارێزراوبن."
زیاتر بخوێنەوە

18:45

دوای هێرشی رووسیا نرخی گەنم گەیشتە بەرزترین ئاستی 7 ساڵی رابردووی


لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، نرخی شمەک و پێنوێنی بازاڕەکان هەڵبەز و دابەزی گەورەی تێکەوت.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ یەکەمینجار لە دوای ساڵی 2014ـەوە بۆ سەرووی 103 دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە. هەروەها نرخی گەنم گەیشتە بەرزترین ئاستی 7 ساڵی رابردوو، لە کاتێکدا بەگوێرەی رێکخراوی چاودێریی ئابووری (OEC) ئۆکراینا و رووسیا لە ساڵی 2019، 25.4٪ـی تەواوی گەنمی جیهانیان بەرهەمهێناوە. 
 
هاوکات نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوو بەرزبووەوە. لە بەرامبەریشدا پێنوێنی بازاڕەکانی رووسیا بە رێژەی 29٪ داکەوت.
 
هەروەها رووبڵی رووسی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی. لە هەمان کاتیشدا، دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین نرخەکەی بۆ 35 هەزار دۆلاری ئەمریکی دابەزی.
زیاتر بخوێنەوە

18:42

رووسیا هۆشداری لە ئەنجامدانی خۆپێشاندان دەدات

 
رووسیا هۆشداری لەبارەی گرتبوونەوە و خۆپیشاندانی خەڵکی لە دژی داگیرکردنی ئۆکراینا دەدات و دەڵێت، هەر کەسێک ئەو کارە بکات سزای تووند دەدرێت. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی رووسیا کە بەشێکی لە حکومەت و لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان دەکات، هۆشداری داوەتە هاووڵاتیی رووسەکان لەوەی بەشداری هەر خۆپیشاندانێکی پەیوەست بە "بارودۆخی گرژی سیاسەتی دەرەوە" بکەن، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵمەتێکی سەرکۆنەکردن و داواکردن بۆ خۆپێشاندان لە دژی داگیرکاریی رووسیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رووسیا بەڕێوەچێت. 
 
ئاژانسە رووسییەکە رایگەیاند، دەبێت هەموو کەسێک لە لێپێچینەوەی یاسایی نەرێنی ئاگاداربێت کە لەشێوەی دادگایی کردن تاوەکو سزادان بەگوێرەی یاسای ئەنجامدانی تاوانکاری لەخۆدەگرێت. 
 
هاوکات، وەزارەتی نێوخۆی رووسیا رایگەیاند، هەموو رێکارێک دەگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رووسیا یاسای تووندی لە دژی خۆپێشاندان هەیە و هەر کاتێک خۆپێشاندان ئەنجامدرابێت، بە دەستەسەرکردنی دەیان خۆپێشاندەر کۆتایی هاتووە.
 
بەشێک لە رووسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە خەڵکی دەکەن بچنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی لە دژی داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە ببنەوە. 
 
هەر رۆژی پێنجشەممە بەشێکی خەڵکی لە چەند ناوچەیەکی رووسیا هەوڵی خۆپێشاندانیان دا. بەگوێرەی ئاژانسێکی مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا، تاوەکو ئێستا 27 کەس لە سەرتاسەری رووسیا بەهۆی ئەنجامدانی خۆپێشاندانەوە دەستبەسەرکراون. 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:30

رووسیا: کاردانەوەی 'تووندمان' بۆ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت

 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە وەڵامی "تووندیان" بۆ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت ئەوەش بە پشتبەستن بە "یاسا نێودەوڵەتییەکان."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:16

چیک پێدانی ڤیزە بە خەڵکی رووسیا رادەگرێت

 
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دژی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بەردەوامن و سەرۆکوەزیرانی چیک دەڵێت، پێدانی ڤیزەیان بە هاووڵاتییانی رووسی راگرتووە.
 
پێتر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیک رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 رایگەیاند، وەکو ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپا پێدانی ڤیزەیان بە هاووڵاتییانی رووسی راگرتووە.
 
سەرۆکوەزیرانی چیک رایگەیاندووە، "لە سەرجەم ئۆفیسەکانمان پرۆسەی پێدانی ڤیزەمان راگرتووە، جگە لە هەندێک حاڵەتی مرۆیی نەبێت"، واتە هەندێک حاڵەت کە جیاوازبێت ڤیزەی پێدەدرێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:15

شەڕی رووسیا و ئۆکراینا گەیشتووەتە نزیک بنکەیەکی ئەتۆمی لە چێرنۆبڵ

 
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا گەیشتووەتە چێرنۆبڵ لە نزیک بنکەیەکی ئەتۆمی. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، هێزەکانی ئۆکراینا شەڕ دەکەن بۆ ئەوەی "چێرنۆبڵێکی دیکە" روونەدات. 
 
"کارەساتی چێرنۆبڵ" لە نیسانی ساڵی 1986 لە وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە پریپیات لە ئۆکراینا روویدا کە کارەساتێکی ئەتۆمی بوو و بەهۆیەوە تەنۆچکەی تیشکدەرەوە بەسەر ناوچەکاندا باری و ژمارەیەکی زۆر خەڵک گیانیان لەدەستدا. هاوکات زیاتر لە 350 هەزار کەسیش لە ناوچەکە بەهۆی کاریگەریی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان گوێزرانەوە. 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:45

هۆشداری لە بەکار‌هێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە دەدرێت


رێکخراوێکی دژە ئەتۆم هۆشداری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە لایەن رووسیاوە لە جەنگی ئۆکراینا دەدات و دەڵێت، ئەو هەڕەشانەی ڤلادمیر پووتین لەبارەی هەوڵی لەبەردەم وەستان و رێگریکردن لێی لە جیهان کردنی، مەبەستی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم بووە. 
 
لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو خاکی ئۆکراینا، رۆژی پێنجشەممە ڤلادمیر پووتین پەیامێکی ڤیدیۆیی پێشکەشکرد و هۆشداریدا لەوەی هەرکەسێک هەوڵبدات بیانوەستێنێت و هەوڵبدات هەڕەشە لە رووسیا و خەڵکەکەی بکات، دەبێت بزانێت کە وەڵامی رووسیا کتوپڕ دەبێت و ئەوەش سەردەنێتە دەرهاوێشتەی وەهاوە کە لە مێژوودا وێنەیان نەبووبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 بیتریس فین، سەرۆکی جێبەجێکاری گروپێکی دژە ئەتۆم کە هاوکات براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، هۆشداری لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە دا. بە ئاماژەکردن بە تاقیکردنەوەی ئەمدواییانەی رووسیا لەبارەی هاوێشتنی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ و هایپەرسۆنیک، فین هەروەها گوتی، "لە بنەڕەتدا بەو کردەوانەی سوپای رووسیا راهێنان لەسەر کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵكی سڤیل دەکات." 
 
رێکخراوەکە هۆشداریش دەداتە ناتۆ و داوا دەکات چەک مەنێرن بۆ ئۆکراینا، چونکە وەکو خۆی دەڵێت خەڵکی ئۆکراینا پێویستی بە پاراستنە نەک هەڵگیرساندنی جەنگ. داواش لە هەموو کەسێک دەکات لە دژی رووسیا بوەستن و بە شێوەیەک لە شێوەکان گوشار بخەنە سەر رووسیا بۆ ئەوەی جەنگ لە دژی ئۆکراینا بوەستێنێت.  
زیاتر بخوێنەوە

17:38

رووسیا: زیاتر لە 70 ئامانجی سەربازیمان لە ئۆکراینا تێکشکاندووە


ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ، گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی ئامانجەکانی هێرشی وڵاتەکەی بۆسەر ئۆکراینا رایگەیاند، زیاتر لە 70 ئامانجی سەربازییان لە ئۆکراینا تێکشکاندووە لەنێویاندا 11 گۆڕەپانی نیشتنەوەی فڕۆکە هەن. 
 
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە ئەنجامدراون، 74 بنکەی سەربازیی ئۆکراینا کراونەتە ئامانج و "لەنێوبراون". هاوکات گوتیشی، "لەو ژمارەیە 11 بنکەی سەربازیی تایبەت بە فڕۆکەوانیی جەنگی بوون کە کراونەتە ئامانج."
 
بە گوتەی ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان تێکشکاندووە. 
 
لای خۆشیەوە، سوپای ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 50 "داگیرکاری" رووسیایان کوشتووە و لانیکەم 6 فڕۆکەی جەنگیی رووسیایان خستووەتە خوارەوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، رووسیا داوا لە سووپای ئۆکراینا دەکات چەک دابنێن و بچنە ماڵەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

17:18

ئەفریقای باشوور بۆ رووسیا: دەستبەجێ هێزەکانت لە ئۆکراینا ببەرەدەرەوە

 
ئەفریقای باشوور لە راگەیێندراوێکدا داوا لە رووسیا دەکات "دەستبەجێ" هێزەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور لەبارەی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، "نیگەرانبووین" بەو دۆخەی هاتووەتە کایەوە، بەڵام هیوای خۆیشی پێشانداوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ کێشەکە و دەڵێت، "دەرگەی دیپلۆماسی نابێت هەرگیز دابخرێت."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:13

لاتڤیا کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی رووسیا لە وڵاتەکەی قەدەخە دەکات

 
لاتڤیا سێ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی رووسیای لە وڵاتەکەی قەدەخەکرد و دەڵێت، ببوونە هۆی "دروستبوونی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی".
 
لاتڤیا پێشتر سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 1.9 ملیۆن کەسە، ساڵی 2004 چووەتە نێو یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆ، ژمارەی رووسییەکانی ئەو وڵاتە نزیکەی یەک لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووانە.
 
ئەنجوومەنی میدیای ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی لاتڤیا کەناڵی تەلەڤزیۆنیی "Rossiya RTR"ی بۆ ماوەی پێنج ساڵ، "Rossiya 24"ی بۆ ماوەی چوار ساڵ و "TVCI"ی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەخەکردوون.
 
ئەو ئەنجوومەنە داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دەکات هاوشێوەی ئەوان هەمان بڕیار بدەن بۆ قەدەخەکردنی کەناڵەکانی رووسیا لە وڵاتەکانیان.
 
هێشتا سێ کەناڵی دیکەی تەلەڤزیۆنی لە لاتڤیا پەخش دەکەن، بڕیارەکەی لاتڤیا کاریگەریی لەسەریان دەبێت.

 

زیاتر بخوێنەوە

17:07

رووسیا: 70 ئامانجی سەربازی و 11 شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەمان لە ئۆکراینا تێکشکاندوون

 
رووسیا رایگەیاندووە، لەمیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان بۆسەر ئۆکراینا، 70 ئامانجی سەربازی و 11 شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەیان لەو وڵاتە تێکشکاندوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:03

رووسیا ژمارەیەک رادار و سیستەمی دژە مووشەکی ئۆکراینا تێکدەشکێنێت


وێنەی زیانە ماددییەکانی سوپای ئۆکراینا لە ئەنجامی هێرشی رووسیا بڵاوکرانەوە. دیمەنەکان پێشانیدەدەن کە ژمارەیەک رادار و سیتەمی دژە مووشەکیی ئۆکراینا بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا تێکشکێنراون. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-02-2022، بەهۆی تۆپبارانەکانی ئۆکرایناوە 40 کەس لە ئەنجامی مووشەک و تۆپبارانەکانی رووسیا کوژراون. هێزی پاسەوانی سنووری ئۆکراینا ژمارەیەک تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە بەگوتەی خۆی ساتی دەربازبوونی بارهەڵگرە سەربازییەکانی رووسیا بۆ نێو سنووری ئۆکراینا پێشاندەدەن. 
 
لە هەریەکە لە کیێڤی پایتەخت و خارکیڤ لە رۆژهەڵات و ئۆدێسا لە رۆژئاوا، دەنگی تەقینەوەی گەورە بیسترا. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کیێڤ جانتا و کەلوپەلەکانیان هەڵگرتووە و بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەرەو رۆژئاوای وڵات هەڵدێن. کیێڤ دەڵێت ئەوەی رووسیا دەیکات هێرشێکی بەرفراوانە بۆ داگیرکردنی سەرتاسەریی ئۆکراینا. 
 
مۆسکۆش دەڵێت ئەوان تەنیا پێگە سەربازییەکانی ئۆکراینا و حکومەتی کیێڤ بە ئامانج دەکەن و شارەکان و خەڵکی سڤیلی ئۆکراینا بە ئامانج ناگرن. 
زیاتر بخوێنەوە

17:02

یەکێتیی ئەوروپا بۆ بێلاڕووس: بەشداری لە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا نەکەن

 
سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە بێلاڕووس کرد "نەبێتە بەشێک" لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەبچێت بۆئەوەی بڕیاربدەن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا لەسەر کردەوە داگیرکارییەکانی لە ئۆکراینا.
 
چارلس میشێل، سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، "بژارەی ئەوەتان هەیە کە نەبنە بەشێک لە کردەوە وێرانکەرەکانی رووسیا. بژارەی ئەوەتان هەیە کە نەبنە بەشێک لەم تراژیدییە ناپێویستە دژی ئۆکراینای دراوسێتان".
 
بێلاڕووس هاوپەیمانێکی رووسیایە و لە باکوورەوە سنووری لەگەڵ ئۆکراینا هەیە، پێشوازیی لە دەیان هەزار سەربازی رووسیا کرد کاتێک لە ساڵی 2020 خۆپێشاندان لەو وڵاتە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی ئێستای بیلاڕووس سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن راگەیاند.
 
زیاتر بخوێنەوە

16:53

رووسیا هۆشداری دەداتە خەڵکەکەی: خۆپێشاندان دژی جەنگ نەکەن

 
بەرپرسانی رووسیا هۆشداری دەدەنە خەڵکی وڵاتەکەیان کە بەشداری لە خۆپێشاندانی "دژی جەنگ" نەکەن و بۆ ئەو مەبەستە گردنبوونەوە سازنەکەن.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی داوە بە رووسییەکان لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە هەر خۆپێشاندانێک کە پەیوەندیی بە "دۆخی سیاسیی دەرەوەی رووسیا" هەبێت.
زیاتر بخوێنەوە

16:37

بۆریس جۆنسن: ڤلادمیر پووتین دیکتاتۆرە

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا, وێنە، AFP

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی روویسا دیکتاتۆرە، هەروەها دەشڵێت، لە بەرامبەر داگیرکردنی ئۆکراینادا رووبەڕووی سزای "گەورەی" رۆژئاوا دەبێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا و لەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، " ئێمە ناتوانین و رووی خۆشمان لەمە وەرناگێڕین". 
 
جۆنسن ئۆکراینای لە پاڵشتیی بەریتانیا دڵنیاکردەوە و گوتی، "کە خراپترین ترسمان ئێستا بوونەتە راستی و هەموو هۆشدارییەکانیشمان بەشێوەیەکی تراژیدی وردبوونی خۆیانیان سەلماندووە." 
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی وڵاتانی گرووپی 7، بۆریس جۆنسن رایگەیاند کە وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر پاکێجێکی سزای ئابووریی "گەورە" بۆ لێدان لە ئابووری رووسیا رێکدەکەون. گوتیشی، "دەبێت هەمووان بە یەک دەست چیدی پشت بە نەت و گازی رووسیا نەبەستن، کە وایکردووە بۆ ماوەیەکی درێژ هەژموونی رووسیا لەسەر سیاسەتی رۆژئاوا بەهێز بکات." 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بۆریس جۆنسن بە زمانێکی هەڕەشە ئامێزەوە گوتی، دەبێت لە هەموو لایەکی دیپلۆماسی، سیاسی، ئابووریی و سەربازی "ئەم سەرکێشییە قێزەون و هۆڤانەی ڤلادمیر پووتین بە شکست کۆتایی بێت." 
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، بۆریس جۆنسن ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە هەموو بۆمب و تانک و مووشەکەکانی، باوەڕم وا نییە دیکتاتۆری رووسی بتوانێت هەستی نیشتیمانیی ئۆکراینییەکان و ئەو باوەڕەی کە بۆ ئازادیی وڵاتەکەیان هەیانە دابمرکێنێتەوە." 
زیاتر بخوێنەوە

16:12

بلینکن: یەکگرتووین لە وەڵامدانەوەی رووسیا


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ کردووە و سەرکۆنەی هێرشی رووسیایان کردووە بۆ سەر ئۆکراینا، هاوکات لەگەڵ هاوپەیمانەکە گفتوگۆیان دەربارەی وەڵامێکی بەکۆمەڵ بۆ هێرشەکەی رووسیا کردووە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-02-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە کە ئەوان یەکگرتوو دەبن لە وەڵامدانەوەی رووسیا و هاوکات ناتۆش لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهێزدەکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:08

ماکرۆن: بەپەلە لووتکەی ناتۆ بکرێت

ماکرۆن: بەپەلە لووتکەی ناتۆ بکرێت
سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن داوا دەکات هەرچی زووە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ رێکبخرێت لەسەر پرسی ئۆکراینا.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامبدەن، ئەوەش ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا رایگەیاند، "سەرۆک [ماکرۆن] هیواخوازە کە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ هەرچی زووە رێکبخرێت، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاریکردن و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان".
 
پێشتر هەریەکە لە بەریتانیا و پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەی ناتۆیان کردبوو. ناتۆ دەڵێت، "هەنگاوی زیاتر" دەنێن بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانیان لەدوای هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین ئاسایش و "ئاشتیی ئەوروپای خستووەتە مەترسییەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

14:01

سەرۆکایەتیی ئۆکراینا: 40 سەرباز و 10 هاووڵاتیمان کوژراون

یاریدەدەرێکی سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، زیاتر لە 40 سەرباز و 10 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە هێرش و پەلامارەکانی رووسیا و جوداخوازەکانی ئۆکراینادا کوژراون.

ئۆلێکسی ئاریستۆڤیچ، یاریدەدەری سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "دەزانم تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 سەربازمان کوژراون و دەیانی دیکەش بریندارن". بە گوتەی ئەو یاریدەدەرەی سەرۆکی ئۆکراینا، نزیکەی 10 هاووڵاتیی سڤیلی ئۆکراینیش بەهۆی هێرش و پەلامارەکانەوە کوژراون.

ئۆکراینا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ رووسیا دەپچڕێنێت

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ پچڕاندووە لە وەڵامی ئەو هێرشە داگیرکارییەی رووسیا دەیکاتە سەر ئۆکراینا، کە ئەوەش لە سەربەخۆبوونی ئۆکرایناوە یەکەم جارە پەیوەندیی نێوانیان دەپچڕێت.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، کیێڤ دەیەوێت کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بەردەوامی پێبدات، چونکە پێویستی بەوەیە کە هاوکاریی نزیکەی سێ ملیۆن ئۆکرانی بکات کە لە رووسیا دەژین.

بڕیارەکەی زێلینسکی چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاریدا بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا.
زیاتر بخوێنەوە

13:14

سەرۆکی بێلاڕووس: سوپاکەمان لە داگیرکردنی ئۆکراینا بەشدار نییە

سەرۆکی بێلاڕووس: سوپاکەمان لە داگیرکردنی ئۆکراینا بەشدار نییە
سەرۆکی بێلاڕووس رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بەشدار نییە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا؛ بەڵام کیێڤ دەڵێت، هیزەکانی سوپای رووسیا لە بێلاڕووسەوە چوونەتە نێو ئۆکراینا.
 
ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس و یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، "سوپای وڵاتەکەمان بەشدار نییە لەم ئۆپەراسیۆنە[ی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا]". ئەوەش لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ دەیان هەزار سەربازی وڵاتەکەیی لە بێلاڕووس جێگیرکردوون.
 
پاسەوانی سنووری ئۆکراینا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەلایەن تۆپخانەکانی رووسیاوە لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکە لەگەڵ رووسیا و بێلاڕووس هێرشی کراوەتەسەر.
 
مینسک رایگەیاندووە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پەیوەندیی بە لوکاشێنکۆوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە مۆسکۆ دەست بە هێرشی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا دەکات.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی، لۆکاشێنکۆ رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا پووتین زانیاریی لەبارەی "پەرەسەندنەکان" پێڕاگەیاندووە.
 
سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، پووتین پێی گوتووە، "ئامانجەکەی" لەو ئۆپەراسیۆنە بۆ "راگرتنی جینۆسایدی خەڵکە لە کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسک".
 
ئەلێکساندەر لۆکاشێنکۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەشێوەیەکی تایبەتی و کەسی" پێشنیازی مانەوەی "ژمارەیەک لە سەربازانی رووسیای" لە باشووری وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی.
 
پووتین رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:42

خەڵکی کیێڤ بەرەو رۆژئاوای وڵات هەڵدێن

خەڵکی کیێڤ بەرەو رۆژئاوای وڵات هەڵدێن
لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا خەڵک دەستی بە بەجێهشتنی شارەکە کردووە و بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بەرەو رۆژئاوای وڵات دەڕۆن. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە کیێڤ هۆشداری بە ئەمریکییەکانی ئۆکراینا دا کە بچنە پەناگەکانەوە.
 
باڵیۆزخانەکە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "هەواڵ هەیە کە رووسیا هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە چەند شارێکی گەورەی ئۆکراینا لە نێویشیاندا کیێڤ، خارکیڤ، ئۆدێسا، ئیڤانۆ فرانکیڤسک و ماریوپۆل. ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی ئەمریکا لە ئۆکراینا دەکەین بچنە پەناگەکانەوە".
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ داوا لە ئەمریکییەکانی ئەو وڵاتە دەکات، چەند رێنماییەک جێبەجێ بکەن، لەوانە: 
 
- ئەگەر گوێتان لە دەنگی تەقینەوە یان زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو، دەستبەجێ بچنە پەناگەیەک. 
- لە نێو خانوو یان باڵەخانەکاندا، بڕۆنە خوارووترین نهۆم کە کەمترین دیواری دەرەکی، پەنجەرە و دەرگای هەبێت؛ دەرگاکان دابخەن و لە نزیک دیواری نێوەوە و دوور لە پەنجەرەکان بوەستن. 
- ئەگەر لە دەرەوە بووی، دەستبەجێ پەنا ببە بەر شوێنێکی پتەو، ئەگەر ئەوە نەکرا، لەسەر زەوی رابکشێ و بە دەستەکانت سەرت بپارێزە. 
 
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچە جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەکات بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، خەڵکی سڤیل بپارێزن.
 
سەرۆکی رووسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتبار کرد کە داوایدەکرد نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ و هاوکات گەرەنتی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات. 
 
دوای راگەیاندنی شەڕ لەلایەن رووسیاوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باری نائاسایی لە وڵات راگەیاند و داوای لە خەڵکەکەی کرد نەترسن و جەختی لەوە کردەوە کە "سەردەکەون".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:37

وەزیری بەرگریی ئۆکراینا داوا لە خەڵک دەکات چەک هەڵگرن

وەزیری بەرگریی ئۆکراینا داوا لە خەڵک دەکات چەک هەڵگرن
وەزیری بەرگریی ئۆکراینا لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کردووە چەک هەڵگرن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکراینا مەرسوومێکی واژۆ کرد و رێگەی بە خەڵکی سڤیل دا کە چەک هەڵگرن.
 
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، "دووژمن هێرشی کردووە، بەڵام سوپاکەمان ناشکێت. هەرکەس کە ئامادەیی تێدایە دەتوانێت چەک هەڵگرێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ دەستخستنی چەک، دەبێت پەیوەندی بە بنکە سەربازییەکانی ناوچەکانتانەوە بکەن. بۆ دەستخستنیشی تەنیا پێویستت بەوەیە کە خاوەنی پاسپۆرت بیت".
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی پاسەوانی سنووری ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا سێ سەربازی ئۆکراینی بەهۆی هێرشی داگیرکاریی رووسیاوە کوژراون.
 
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا ژێرخانە سەربازییەکان و کۆگاکانی خۆراکیان دەکەنە ئامانج.
 
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا راگەیاند و گوتی، بەرپرسیارێتیی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆکراینا. پووتین ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتباکرد کە داوای دەکرد ئۆکراینا نەبێتە ئەندام لە ناتۆ؛ هاوکات گەرەنتیی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
 
پووتین گوتیشی، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ ئەوەیە دڵنیاببنەوە کە "ئۆکراینا" لە چەک دادەماڵن.
 
سەرۆکی رووسیا داوای لە هەموو ئۆکراینییەکان کرد، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە، دەتوانن لە رێوشوێنی سەلامەتدا ناوچەکانی جەنگ بەجێبهێڵن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:08

پاسەوانی سنووری ئۆکراینا: هێزی زەمینیی رووسیا لە چەند شوێنێکەوە هاتنە نێو خاکی وڵاتەکەمان

دوای چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر ئۆکراینا لەلایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە؛ پاسەوانی سنووری ئۆکراینا رایگەیاند، هێزی زەمینیی رووسیا لە چەند شوێنێکەوە چوونەتە نێو خاکی وڵاتەکەی.
 
پاسەوانی سنووری ئۆکراینا رایگەیاندووە، هێزەکانی رووسیا بە تانک و چەکی قورسی دیکەی سەربازییەوە سنووری رووسیا و ئۆکراینایان بەزاندووە و لە چەند شوێنێکەوە چوونەتە نێو خاکی وڵاتەکەیان.
 
هاوکات پاسەوانی سنووری ئۆکراینا گیانلەدەستدانی یەکەمین سەربازی لە سنووری وڵاتەکەی راگەیاندووە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-02-2022 بەهۆی داگیرکاریی رووسیاوە کوژرابێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:39

خەڵکی لوهانسک پارەکانیان لە بانک دەردەهێنن

خەڵکی لوهانسک پارەکانیان لە بانک دەردەهێنن
هاووڵاتیانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکراینا لە لوهانسک، بەیانی ئەمڕۆ بە ریز روویان لە بەنزینخانەکان و ئامێرەکانی راکێشانی پارە کرد، دوای ئەوەی کە رووسیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئەنجامدەدات.
 
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچە جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەکات بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، خەڵکی سڤیل بپارێزن.
 
رۆژی دووشەممە 21-02-2022، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لە سەرۆکەکانی هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆهانسکی هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد و بە فەرمی دانی بە سەروەریی هەردوو ناوچەکەدا نا، وەکو "کۆماری گەلی سەربەخۆی لۆهانسک" و "کۆماری گەلی سەربەخۆی دۆنیتسک".
 
بەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بەرپرسیارییەتی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆکراینا و دەڵێت؛ ئەم ئۆپەراسیۆنەشی لە وەڵامی ئەم هەڕەشانە راگەیاندووە کە لە ئۆکرایناوە دێن.
 
سەرۆکی رووسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتبار کرد کە داوایدەکرد نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ و هاوکات گەرەنتی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
 
لە دوای راگەیاندنی شەڕ لەلایەن رووسیاوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باری نائاسایی لە وڵات راگەیاند و داوای لە خەڵکەکەی کرد نەترسن و جەختی لەوە کردەوە کە "سەردەکەون".
 
زیاتر بخوێنەوە

09:59

سوپای ئۆکراینا: پێنج فڕۆکەی جەنگیی رووسیامان خستوونەتە خوارەوە

سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، پێنج فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەرێکی رووسیایان لە هەرێمی لوهانسک خستوونەتە خوارەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا فەرمانی کرد بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ئەو وڵاتە. رووسیاش دەڵێت، بنکەی ئاسمانی و بەرگریی ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
 
پاسەوانی سنووری ئۆکراینا راگەیاندووە، وڵاتەکەیان لە سنووری باکوور و باشووری وڵاتەوە لەژێر هێرشی ئاسمانی و داگیرکردندایە و ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی ئۆکرایناش وەڵامیان دەدەنەوە.
 
هەروەها پاسەوانانی سنووری ئۆکراینا ئەوەی خستووەتەڕوو، هێزەکانی رووسیا لەلایەن بێلاڕووسییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە کریمیاوە هێرش ئەنجامدراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی پاسەوانانی سنووری ئۆکراینا، "هێرش بۆسەر یەکەکانی سەر سنوور، خاڵە جیاکەرەوەکانی سنوور و خاڵەکانی پشکنین لەلایەن تۆپخانەکانی رووسیاوە بە چەکی قورس و سووک هێرشیان کراوەتەسەر".
 
هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، رووسیا چەند بنکەیەکی سەربازی و بەرگریی ئۆکراینای تێکشکاندووە.
 
ئۆکراینا باری لەناکاوی راگەیاندووە
 
باری لەناکاو لە ئۆکراینا راگەیێندراوە و بەپێی هەندێک سەرچاوە، جوداخوازەکان کە لەلایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، دوو گوندیان کۆنترۆڵ کردووە بە ناوەکانی میلاڤۆی و گرادیشچیا کە دەکەونە هەرێمی لوهانسک.
 
گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکانی ئۆکراینا بەهۆی مەترسی لەسەریان راگیراون.
 
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پێویستە هەر ئێستا پێکدادانەکان لە ئۆکراینا رابگیرێن".
 
زیاتر بخوێنەوە

09:48

نەتەوە یەکگرتووەکان تکا لە پووتین دەکات 'سەربازەکانی بگەڕێنێتەوە'

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک تکای لە پووتین کرد شەڕەکە بووەستێنێت و سەربازانی وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "خەمناکترین کات" لە مێژووی کارەکەی تێپەڕدەکات، هۆشدارییش دەدات لە کەوتنەوەی "کارەساتی مرۆیی گەورە" و بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکان لە ئەنجامی دروستبوونی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی جیهان.
 
ئەو گوتارەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا راگەیاند و گوتی، هەر وڵاتێک دەستوەربدات لە هێرشەکەی، "باجی وا دەدات، هەرگیز لە مێژوودا نەیبینیبێت".
 
ڤیلادیمیر پووتین لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆکراینا و دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەشی لە وەڵامی ئەو هەڕەشانە راگەیاندووە کە لە ئۆکرایناوە بە ئاراستەی وڵاتەکەین.
 
پووتین ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخوستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتباکرد کە داوای دەکرد ئۆکراینا نەبێتە ئەندام لە ناتۆ و هاوکات گەرەنتیی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
 
سەرۆکی رووسیا گوتیشی، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ ئەوەیە دڵنیاببنەوە کە "ئۆکراینا" لە چەک دادەماڵن.
 
پووتین داوا لە هەموو ئۆکراینییەکان دەکات، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دەتوانن لە رێوشوێنی سەلامەتدا ناوچەکانی جەنگ بەجێبهێڵن.
 
رۆژی دووشەممە 21-02-2022، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لە سەرۆکەکانی هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆهانسکی هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد و بە فەرمی دانی بە سەروەریی هەردوو ناوچەکەدا نا، وەکو "کۆماری گەلی سەربەخۆی لۆهانسک" و "کۆماری گەلی سەربەخۆی دۆنیتسک".
 
 
زیاتر بخوێنەوە

09:42

لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕە قسە لە نێوان نوێنەرانی رووسیا و ئۆکراینا دروستبوو

.
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاساییش، شەڕە قسە لە نێوان نوێنەرانی رووسیا و ئۆکراینادا دروستبوو. 
 
سێرگی کیسلیستسیا، باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هاوتا رووسیەکەی کرد کە رووسیا شارە ئۆکراینییەکان بۆردوومان و تۆپباران نەکات. 
 
باڵیۆزی ئۆکراینا بە باڵیۆزی رووسیای گوت: تۆ موبایلێکی زیرەکت پێیە. دەتوانی تەلەفۆن بۆ بەرپرسانی مۆسکۆ بکەی. 
 
فاسیلی نیبینزیا، باڵیۆزی رووسیا لە وەڵامدا گوتی: "ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دەیزانم، گوتوومە" گوتیشی نایەوێت وەزیری دەرەوەی رووسیا بەخەبەر بێنێت. 
 
باڵیۆزی رووسیا جەختی لەوە کردەوە ئەوەی روودەدات جەنگ نییە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە. 
 
سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا راگەیاند و دەڵێت، هەر وڵاتێک دەستوەربدات لە هێرشەکەی "باجی وا دەدات هەرگیز نەیبینیبێت."
 
بەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بەرپرسیارییەتی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆکراینا و دەڵێت؛ ئەم ئۆپەراسیۆنەشی لە وەڵامی ئەم هەڕەشانە راگەیاندووە کە لە ئۆکرایناوە دێن.
 
سەرۆکی رووسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتباکرد کە داوایدەکرد نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ و هاوکات گەرەنتی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
 
لە دوای راگەیاندنی شەڕ لەلایەن رووسیاوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باری نائاسایی لە وڵات راگەیاند و داوای لە خەڵکەکەی کرد  نەترسن و جەختی لەوە کردەوە کە "سەردەکەون".
 
هێرشەکەی رووسیا راستەوخۆ کاردانەوەی وڵاتانی رۆژئاوای بەدواداهات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سپیدا گوتی "سەرۆک پووتین جەنگێکی پلانبۆداڕێژراوی هەڵبژارد کە کارەسات و مەینەتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە."
 
بایدن گوتی، رووسیا بە تەنیا بەرپرسیارە، مردن و کەوتنەوەی وێرانکاری بەهۆی ئەم هێرشەوە، ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی یەکگرتووانە و یەکلاییکەرەوانە وەڵام دەدەنەوە." بایدن ئەوەشی گوت کە "جیهان رووسیا بە بەرپرسیار دەزانێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دەدات، لە کۆشکی سپی چاودێری دۆخی ئۆکراینا دەکات و بەردەوام لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی زانیاریی نوێی پێدەدرێت.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوایەکی لە پووتین کرد و گوتی " سەربازانت بووەستێنە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش یەک بەدوای یەک داوایان لە رووسیا کرد خۆی لە "جەنگی ئۆکراینا" بەدووربگرێت. 
 
نیکۆلاس ریێڤیە، نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رووسیای تۆمەتبارکرد کە "رێزی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناگرێت."
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتیشی "ئێمە دەمێکە هۆشداریمان داوە کە رووسیا دەیەوێت هێرش بکات" نوێنەری بەریتانیاش: گوتی "دەبێت رووسیا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بهێنێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

09:41

سەرۆکی ئۆکراینا بۆ خەڵکەکەی: مەترسن، سەردەکەوین

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای دەرکرد، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە خەڵکەکەی کرد کە "نەترسن" و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "سەردەکەون".
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا هێرشی کردووەتە سەر "ژێرخانی سەربازی"ی و پاسەوانانی سنووری وڵاتەکەی، داوا لە خەڵکی وڵاتەکەشی دەکات کە نەترسن و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەردەکەون.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هێرشی سەربازیی دژی ئۆکراینا راگەیاند، سەرۆکی ئۆکرایناش دەڵێت پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە. گوتەبێژێکی کۆشکی سپی دەڵێت، ناوەرۆکی پەیوەندییەکە دواتر بڵاودەکەنەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا کە لەلایەن میدیا رووسییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رووسیا "ژێرخانی سەربازی، بنکەی ئاسمانی، فڕۆکەخانەی سەربازی و فڕۆکەوانیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بە چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو کردوونەتە ئامانج".
 
لە کیێڤ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا
 
ئەوەش لە کاتێکدایە لە سەنتەری کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی هێرشی ئاسمانی لێدراوە.
 
میدیاکانی جیهان باس لەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چەند شارێکی دیکەی نزیک لە بەرەکانی پێشەوە بیستراون. ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، لە بەندەری دەریای رەش لە شاری ئۆدیسا دەنگی تەقینەوە بیستراوە، کە ناوچەیەکی نزیک لە ناوچەکانی ژێر دەستی جوداخوازەکانە.
 
ئۆکراینا رێگەی ئاسمانیی بۆ فڕۆکەی سڤیل داخستووە و دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، وڵاتەکەی رووبەڕووی "داگیرکاریی تەواو" بووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆ وێرانکردنی دەوڵەتی ئۆکراینایە".
 
بەپێی سەرچاوەکان، بڕیارە باڵیۆزی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بکەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، جیهان بەرپرسیارێتیی هێرشی سەربازی دژی ئۆکراینا دەخاتە ئەستۆی رووسیا و هۆشداری دەدات لەوەی کە هێرشە سەربازییەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی زۆر کەس کە بە "کارەسات" ناویدەبات، ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشی رووسیا "بێ پاساوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

08:27

رووسیا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا و بایدن دەڵێت، هێز نانێرنە ئەو وڵاتە

سیا بەچڕی چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا بۆردوومان دەکات و ئۆکراینا دەڵێت، لە هەندێک ناوچە قوربانیی سڤیل هەن. وێنە
سیا بەچڕی چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا بۆردوومان دەکات و ئۆکراینا دەڵێت، لە هەندێک ناوچە قوربانیی سڤیل هەن. وێنە
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا راگەیاند و دەڵێت، هەر وڵاتێک دەستوەربدات لە هێرشەکەی "باجی وا دەدات هەرگیز نەیبینیبێت."
 
بەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بەرپرسیارییەتی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی "رژێمی" ئۆکراینا و دەڵێت؛ ئەم ئۆپەراسیۆنەشی لە وەڵامی ئەم هەڕەشانە راگەیاندووە کە لە ئۆکرایناوە دێن.
 
سەرۆکی رووسیا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی رووسیا تۆمەتباکرد کە داوایدەکرد نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ و هاوکات گەرەنتی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.
 
پووتین گوتیشی، ئامانج لە  ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ ئەوەیە دڵنیاببنەوە کە "ئۆکراینا" لە چەک دادەماڵن. سەرۆکی رووسیا داوای لە هەموو ئۆکراینییەکان کرد ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دەتوانن لە رێوشوێنی سەلامەتدا ناوچەکانی جەنگ بەجێبێڵن.
 
هێرشەکەی رووسیا راستەوخۆ کاردانەوەی وڵاتانی رۆژئاوای بەدواداهات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سپیدا گوتی "سەرۆک پووتین جەنگێکی پلانبۆداڕێژراوی هەڵبژارد کە کارەسات و مەینەتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە."
 
بایدن گوتی، رووسیا بە تەنیا بەرپرسیارە، مردن و کەوتنەوەی وێرانکاری بەهۆی ئەم هێرشەوە، ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی یەکگرتووانە و یەکلاییکەرەوانە وەڵام دەدەنەوە." بایدن ئەوەشی گوت کە "جیهان رووسیا بە بەرپرسیار دەزانێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دەدات، لە کۆشکی سپی چاودێری دۆخی ئۆکراینا دەکات و بەردەوام لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی زانیاریی نوێی پێدەدرێت.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوایەکی لە پووتین کرد و گوتی " سەربازانت بووەستێنە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش یەک بەدوای یەک داوایان لە رووسیا کرد خۆی لە "جەنگی ئۆکراینا" بەدووربگرێت. 
 
نیکۆلاس ریێڤیە، نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رووسیای تۆمەتبارکرد کە "رێزی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناگرێت."
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتیشی "ئێمە دەمێکە هۆشداریمان داوە کە رووسیا دەیەوێت هێرش بکات" نوێنەری بەریتانیاش: گوتی "دەبێت رووسیا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بهێنێت."
 
ئەم بەیانییە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانا دەنگی تەقینەوە بیستران و دواتریش کامێراکان دیمەنی بڵاوبوونەوەی دووکەڵیان بە ئاسمانی پایتەختی وڵاتەکە بڵاوکردەوە. سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا بەنیازی "جەنگێکی گەورەیە لە دژی ئەوروپا."
 
سەرۆکی رووسیا هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی کە "ئامانجی رووسیا داگیرکردنی خاکی ئۆکراینا" نییە.
 
رۆژی دووشەممە 21-2-2022، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازی لە سەرۆکەکانی هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆهانسکی هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد و بە فەرمی دانی بە سەروەریی هەردوو ناوچەکەدا نا، وەک "کۆماری گەلی سەربەخۆی لۆهانسک" و " کۆماری گەلی سەربەخۆی دۆنیتسک".
زیاتر بخوێنەوە