سەرۆکی ئۆکراینا: رووسیا 40 مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکەمان کرد

24-01-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن جەنگی رووسیا و ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا بە یەک جار 40 مووشەکی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا کردووە، هەرچەندە زۆرینەی مووشەکەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام 18 کەس بەهۆی بۆردوومانەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 130 کەسیش بریندار بوون.
 
بەرەبەیانی رۆژی (چوارشەممە، 24-1-2024) ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەمڕۆ، رووسیا نزیکەی 40 جۆری جیاوازی مووشەکی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا کرد."
 
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەی توانیویەتی زۆرینەی مووشەکەکان بخاتە خوارەوە، بەڵام هێشتا 130 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و 130 کەسیش بریندار بوونە.
 
لەبارەی ئاماری کوژراوان، زیلینسکی دەڵێت، 18 کەس کوژراون و پێشبینیی دەکرێت ژمارەکە بەرزببێتەوە، چونکە گومان دەکرێت خەڵک لەژێر داروپەردوودا هەبن لە شاری خارکیێڤ.
 
سەرۆکی ئۆکراینا بە گەلەکەی راگەیاند، لەسەر ئاستێکی باڵا لە هاوئاهەنگی و دانوستاندن بەردەوام دەبن بۆ بە‌هێزترکردنی سیستەمی بەرگریی ئۆکراینا.
 
رۆژی 4-1-2024، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، کاری هەر لە پێشینەیان بریتییە لە بەهێزترکردنی سیستەمی بەرگری و مووشەکی، چونکە چەندین ناوچە بەر هێرش و مووشەکەکانی رووسیا کەوتوون.
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپی هەر لە دەستپێکی جەنگەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و بە چەک و پارە یارمەتییان داون.
 
رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2024 ستێفان سێژورنێ، وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون؛ دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی پێویستە، پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەن. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گوتی "لە بەرەی ئۆکرایناین، تاوەکو ئەو کاتەی رووسیا دەکشێتەوە." دەشڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نایەوێت جەنگەکە بووەستێت و کۆتایی بێت.
 
بەگوێرەی وێبسایتی ڤیژواڵ کاپیتاڵیست، لە 23ـی مانگی سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە 230 ملیار دۆلار هاوکاری گەیەندراوەتە ئۆکراینا، کە 70٪ـی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە دابینکراوە.
 
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.