رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سووتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتڤانێکی راستڕۆی سوێدییەوە، رەنگە کارێکی "تێکدەرانە" بووبێت کە ئامانج لێی تێکدانی یەکگرتوویی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، ئێستاش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوێد ئاڵۆز بووە بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە هێشتا داواکاریی سوێدی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند نەکردووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2023، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا رایگەیاند، سووتاندنی قورئان کارێکی تێکدەرانەیە؛ "سووتاندنی کتێبێک کە بۆ زۆر خەڵک کتێبێکی پیرۆزە، کارێکی زۆر بێڕێزییە و کارێکی قێزەون و ناشرینە."
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە "کارێکی دنەدان بووە کە ئامانج لێی دروستکردنی دوورخستنەوەی دوو هاوبەشی نزیکی ئێمەیە کە ئەویش تورکیا و سوێدە. رەنگە ئەوانە هەوڵیاندابێت کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆکانی پرۆسەی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ هەبێت."
کاردانەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر رووداوەکەی رۆژی شەممەی بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، لە دوای دوایین هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، چیدیکە سوێد نابێت چاوەڕێی پاشتگیریی تورکیا بکات لە پرۆسەی بەئەندامبوونی لە ناتۆ و راشیگەیاند، نەدەبووایە سوێد رێگەی بدابایە ئەو کارە لە وڵاتەکەیدا بکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکەش داوای لە دەسەڵاتدارانی سوێد کرد هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئەندامانی پەکەکە هەبێت و تووندتر بێت.
رۆژی شەممە، 21-1-2023، راسموس پاڵودان، سەرۆکی پارتی سترام کورسی راستڕۆی دانیمارک لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
پاڵودان بە کەسێکی تووندڕۆ دەناسرێت و هەڵگری رەگەزنامەی سوێدی - دانیمارکی یە. راسموس گوتی، ئەو کارەی وەکو کاردانەوە لە دژی وەستانەوەی تورکیا لە بەردەم ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا کردووە.
زیاتر لە شەش مانگە سوێد و فینلاند داوای بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکێش کردووە و بەگوێرەی یاسایی ئەو هاوپەیمانێتییەش، پێویستە سەرجەم ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە کە ئێستا 30 وڵاتە، داوای فراوانکردنی ناتۆ پەسند بکەن و تائێستاش لەکۆی ئەو 30 وڵاتە، 28 وڵاتیان داواکەیان پەسند کردووە و تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون داواکەیان پەسند نەکردبێت، لەگەڵ ئەوەی هەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان رایگەیاند، وا ئەم هەفتەیە پەرلەمانی هەنگاریا کۆدەبێتەوە و داواکەی سوێد و فینلاند پەسند دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ