کۆمپانیای راینمیتالی ئەڵمانی: 139 تانکی لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا دەکەین

24-01-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژێک بەناوی کۆمپانیای 'راینمیتال'ی ئەڵمانی رایگەیاند، 139 تانکی جۆری لیۆپارد رادەستی ئۆکراینا دەکەن، ئەگەر داوایان لێکرا. 
 
لیۆپارد تانکێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی ئەڵمانییە و توانای پاراستنی سەرنشینەکانی هەیە لە چەکی دژە تانک و هەروەها مین و تەقەمەنی.
 
گوتەبێژەکە رایگەیاندووە، کۆمپانیاکەیان لە توانایدا هەیە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان 29 تانکی لیۆپارد رادەستی سوپای ئۆکراینا بکەن، هاوکات 22ی دیکەش تاوەکو کۆتایی 2023 یاخود سەرەتای 2024 رادەست بکەن.
 
کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە لە توانایاندایە 88 تانکی دیکەی جۆری لیۆپارد 1 بە ئۆکراینا بدەن، بەڵام دەڵێن کاتێک ئەو کارە دەکەن کە داوایان لێ بکەن.
 
ئەڵمانیا لەژێر گوشارێکی زۆرە تاوەکو ئۆکراینا بەچەکی پێشکەوتوو پڕ چەک بکات، بەڵام لە ترسی کاردانەوەکان دوو دڵە، بۆیە دەیەوێت ئەو کارە لە رێگەی وڵاتی دووەمەوە بکات. 
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئانالینا بەیربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، رێگری لە پۆڵەندا ناکەن ئەگەر تانکە ئەڵمانییەکان بە ئۆکراینا بدات. 
 
پۆڵەندا پێشتر رایگەیاندبوو بە رەزامەندی ئەڵمانیا لە توانایاندا هەیە 14 تانکی لیۆپارد بداتە ئۆکراینا، هەفتەی رابردووش بەریتانیا رایگەیاند 14 تانکی جۆری چاڵەنجەر لەگەڵ چەندین جۆری چەکی دیکە دەدەنە ئۆکراینا.
 
دوێنێ دووشەممە 24ی شوباتی 2023 یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی لەسەر پێدانی 542 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراینا دەربڕی. ئەمە حەوتەمین پاکێجە 27 وڵاتەکەی یەکێتییەکە بۆ ئۆکراینای پەسند دەکەن.
 
بەرپرسانی سوێدی و چیکی پشتڕاستیانکردووە کە لەپاڵ ئەو 542  ملیۆن دۆلارە، 48 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ ئەو مەشقە سەربازییە تەرخان دەکەن کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر چەک و رووبەڕووبوونەوە بە ئۆکراینای دەکەن.
 
پڕچەککردنی کیێڤ و گوشارەکان لەسەر ئەڵمانیا بۆ پێدانی تانکی لیۆپارد بە ئۆکراینا لەکاتێکدایە، شەڕ لە ئۆکراینا پێدەنێتە قۆناخێکی چارەنووسساز و شەڕ لە نزیک شاری بەخمووت چڕدەبێتەوە کە شارێکی ستراتیژی پیشەسازی گرنگە و 89 کیلۆمەتر لە باکووری دۆنێتسکی هەرێمی دۆنباسەوە دوورە.
 
هەر ئەم هەفتەیە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە هەرێمی ژاپۆریژیاش لە پێشڕەوی دان و 5 کیلۆمەتری دیکە بە ئاراستەی رووباری دنیپرۆ پێشڕەویان کردووە.
 
شەڕی ئۆکراینا و رووسیا لە ساڵێک نزیکدەبێتەوە، بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرووەکان 22ی کانوونی دووەم رایگەیاند، لەوەتەی شەڕ لە 24ی شوباتی 2022 لە ئۆکراینا دەستی پێکردووە، 7068 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، ئاماری جیاوازیش سەبارەت بە کوژرانی سەربازی ئۆکراینی و رووسی بڵاودەکرێتەوە کە ئاماژە بە کوژرانی دەیان هەزار سەرباز دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە