پێنتاگۆن: لە حەسەکە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیمان بۆ سەر داعش ئەنجامداوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن- لەبارەی ئاڵۆزییەکانی حەسەکە و هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند جارێک هێرشی ئاسمانییان کردووە و زانیاریی هەواڵگرییان دابینکردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 24-01-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بە درێژایی ئەم ئۆپەراسیۆنە چەند رۆژییە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی چەکدارەکانی داعش بە وردی بکەینە ئامانج کە لە باڵەخانەکانی ناوچەکەوە هێرشیان دەکردە سەر هەسەدە. هەروەها ئێمە پاڵپشتیی زەمینیی سنوردارمان دابینکردووە و بەشێوەیەکی ستراتیجی سەنگەرمان گرتووە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بۆ نمونە، زرێپۆشی شەڕکەری جۆری بڕادلی-مان لە سەری هەموو رێگەکان داناوە بۆ ئەوەی وەکو بەربەست یارمەتیدەربن لە داخستنی رێگەکان."
 
شەوی پێنجشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2022، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە زانیاری لەبارەی دروستبوونی پشێوی لە گرتووخانەیەکی شاری حەسەکە کە ژمارەیەک ئەندامی داعش تێیدا بەندکراون، بڵاوکردەوە کە چەکدارەکان هەوڵی هەڵاتنیان داوە. 
 
ئەو شەوە لە رێگەی چەند بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر گرتووخانەکە و یەکێکیان بە دەروازەی گرتووخانەکە تەقێندرایەوە. ئێستا هەلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە بەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداویش، سەرباز و زریپۆشی ئەمریکی چوونە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی غوێران. 
 
هەر ئەمڕۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، توانیویانە 300 چەکداری داعش دەستبەسەربکەنەوە کە لە زیندانی غوێران هەڵاتبوون، هەشت چەکداریش لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون.
 
هێزەکانی هەسەدە بەردەوام پشکنینی ئەو گەڕەک و کۆڵانانە دەکەن کە گوماندەکرێت چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش تێیاندا خۆیان حەشار دابێت. فڕۆکەی هاوپەیمانانیش بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە و چاودێریی دۆخەکە دەکەن.