فرۆنتێکس بۆ رووداو: تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم، زیاتر لە 354 هەزار کەس هەوڵیانداوە بگەنە یەکێتیی ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پاراستنی سنووری یەکێتیی ئەوروپا - فرۆنتێکس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 22 ئۆپەراسیۆنیان لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە. دەشڵێت، تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 354 هەزار و 713 کەس هەوڵیانداوە بگەنە یەکێتیی ئەوروپا.
رۆژی شەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئاژانسی پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی یەکێتیی ئەوروپا- فرۆنتێکس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا 20 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە پاڵپشتیکردنی دوو هەزار و 600 پاسەوانی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بەرێوەدەچن کە رۆڵێکی گرنگییان لە پاراستنی سنوورەکانی یەکێتییەکە هەبووە.
لە راگەیێندراوەکەیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو فرۆنتێکس ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندانی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا چەندین ئەرکیان هەیە؛ لەوانە پشکنینی سنوورەکان، لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەی ئەو کەسانەی دەگەنە سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا و پێشکێشکردنی یارمەتی بەو هێزانەی کە ئۆپەراسیۆنی ناردنەوەی کۆچبەر و پەناخوازان جێبەجێ دەکەن.
فرۆنتێکس دەڵێت، "یەکێتیی ئەوروپا دوو هەزار و 600 پاسەوانی بەردەوامی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە بڵاوکردوونەتەوە و ئەم ساڵ بۆ بەهێزترکردنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتیان لەگەڵ رووسیا، 50 پاسەوانی سنووری بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی فینلاند لە بەهێزکردنی سنوورەکانی ناردووە."
بە گوێرەی پاسەوانی سنووری فینلاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی سنوورەکانی رووسیاوە دەگەنە ئەو وڵاتە لە بەرزبوونەوەدان و ئەم ساڵ لە مانگی تشرینی دووەمدا 900 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە لەکاتێکدا لە ساڵی 2021 و 2022 دا 382 کۆچبەر گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.
ئەو وڵاتانە کامانەن کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تێدا دەکرێت و چۆن بڕیاریان لەسەر دەدرێت؟
فرۆنتێکس دەڵێت، ساڵانە بەردەوام ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەو پۆلیسانەی بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەکەن دەگۆڕێت. هەروەها، هێزی پاسەوانی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە سێ بەش پێکدێت کە بریتین لە کارمەندانی ئاژانسەکە، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە نێردراون بۆ هاوکاریکردنیان و ئەو پۆلیسانەشی کە ئەرکی کورتمەودایان پێدەسپێردرێت.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە "پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر سنووری نێوان یەکێتییەکەیان و وڵاتێکی دراوسێیان پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان وڵاتەکە و ئاژانسەکەیان بکرێت و ئەوەشیان لەگەڵ هەریەک لە ئەلبانیا، سڕبیا، مۆنتینیگرۆ و مەسەدۆنیای باکوور جێبەجێکردووە کە ئەنجامی ئەرێنی بۆ پاراستنی سنوورەکانیان هەبووە."
ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا
بە گوێرەی فرۆنتێکس، ئەم ساڵ تاوەکو سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، 354 هەزار و 713 کەس هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەبووە و دەکرێت کەسێک بە چەند رێگەیەک هەوڵی گەیشتنی بە وڵاتانی یەکێتییەکەی دابێت. هەروەها، زۆرترین هەوڵی گەیشتنیش بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی ئەیلوول بووە بە 54 هەزار و 789 هەوڵ. بەمەش لە 11 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا ژمارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا 8٪ـی زیاتربووە لە ژمارەی هەوڵەکان بۆ ساڵی 2022.
ئەو 354 هەزار و 713 هەوڵەی ئەم ساڵ بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نراون بەمجۆرە دابەشبوون؛ 152 هەزار و 211 هەوڵیان لە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستەوە بووە، 52 هەزار و 570 هەوڵیان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستەوە بووە، پێنج هەزار و 352 هەوڵیان لە سنوورە وشکانییەکانی رۆژهەڵاتی یەکێتییەکەوە بووە، 98 هەزار و 651 هەوڵیان لە رۆژئاوای بەڵکانەوە بووە، 13 هەزار و 507 هەوڵیان لە رێڕەوی رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست و 32 هەزار و 422 هەوڵیشیان لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بووە.
فرۆنتێکس ئەوەی ئاشکراکردووە کە "لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا پێنج هەزار و 21 هەوڵی هاووڵاتیی عێراقی، 96 هەزار و 315 هەوڵی هاووڵاتیی سووریایی، 402 هەوڵی هاووڵاتیی تورکیا و دوو هەزار و 133 هەوڵی هاووڵاتیی ئێرانی بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتییەکە هەبووە. بەمەش هاووڵاتییانی هەر چوار وڵات 113 هەزار و 857 هەوڵیان بۆ گەیشتن بەو وڵاتانە هەبووە لەکاتێکدا ساڵی 2020 ژمارەکە 29 هەزار و 245 بووە.
لەو ئامارانەی کە ئاژانسی فرۆنتێکس بۆ رووداو ناردوویەتی، کاریگەری شەڕی داعش و گرژییەکانی سووریا بەسەر کۆچکردنی هاووڵاتییانی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا بۆ گەیشتنیان بەو وڵاتانە دەردەکەوێت.
بە گوێرەی ئەو ئامارانە، ساڵی 2011 هاووڵاتییانی عێراق، تورکیا، سووریا و ئێران چوار هەزار و 421 هەوڵیان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەبووە، لەکاتێکدا ساڵی 2014 ژمارەکە گەیشتە 81 هەزار و 865.