لە چین گەورەترین پارکی گەشتیاری لە بەفر و سەهۆڵ دروستدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین پارکی گەشتیاریی بەفر و سەهۆڵ لە جیهاندا لە شاری هاربینی رۆژهەڵاتی چینە، شارەکە نازناوی پایتەختی بەفرینی لێنراوە. پلەی گەرما تێیدا دەگاتە 27 پلەی ژێر سفری سیلیزی.
پارکەکە ساڵانە بە نمایش و وێنەی سەهۆڵیی جیاواز سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێ، بۆ ئەم ساڵ کە گەڕی 25ـەمینە، گەورەترینە لە مێژوودا و لەسەر رووبەری 810 هەزار مەتر چوارگۆشە دورستکراوە. چالاکییەکانی تا نێوەڕاستی شوباتی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبن، واتە، بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لە بەردەم گەشتیاراندا کراوە دەبێت.
شی جیوان، گەشتیارێکە و سەردانی پارکەکەی کردووە، دەڵێت: "من خەڵکی هاربینم، زێدی خۆمم خۆشدەوێت، ساڵانە سەردانی ئەم جیهانە سەهۆڵینە دەکەم، هەموو ساڵێک جیاوازتر دەردەکەوێت، هەرچەندە بۆ ئێمە لە نەبووەتە جۆرێک لە دیمەن و چالاکیی رۆژانە، بەڵام هێشتا هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکەین."
هاربین لە هەرێمی هیلۆنگژیانگی رۆژهەڵاتی چینە، دیزاین و ئەندازەی جیاواز و سەرنڕاکێش لە فێستیڤاڵە بەفرینەکە نەخشێندراون، فێستیڤاڵەکەش ئەم ساڵ ناوی هەمەڕەنگی وەرگرتووە. ئەو سەهۆڵانەشی لەو پارکە گەشتیارییەدا بەکارهاتوون، 250 هەزار مەتر سێجایە لە رووباری سۆنگهوا بۆ تەواوکردنی پارکەکە بڕدراون.
ژو جونیان، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتوومەتە ئێرە هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکەم، زۆر بینای سەهۆڵی نوێ لێرە هەن، بە تایبەتمەندیی جیاوازی وڵاتانی دیکە، وەکو دیزاین بۆ نموونە ژاپۆن، و فەرەنسا، هەروەها شێوازی چینیشیان هەیە، وەک پەرستگای بەهەشت، ئەوەی پەکین، هەموویان سەرسوڕهێنەرن و دڵنیام بە دڵتان دەبێت!"
ژمارەی دانیشتووانی شاری هاربین زیاتر لە 10 ملیۆن کەسە و 100 شوێنی گەشتیاری و یاریی بەفرینی تێدایە، ساڵانەش زیاتر لە 10 ملیۆن گەشتیار چینی و بیانی سەردانی ئەم شارە دەکەن.
لە پارکە گەشتیارییەکەی هاربین رێڕەوی خلیسکانێی یو بیلی هەن، کە زیاتر لە 56 رێڕەوی خلیسکانێن و درێژییەکەیان 90 کیلۆمەترە و 170 رۆژی ساڵ بەفری لێ دەمێنێتەوە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەرانی فێستیڤاڵی بەفر و سەهۆڵی هاربین بەراورد بە بە پار ساڵ دوو هێندە ببێت، بەجۆرێک بۆ پار ساڵ 2 ملیۆن کەس بووە، هەروەها بڕیارە بۆ ساڵی 2025 یاریی زستانەی ئاسیا لە هاربین بەڕێوەبچێت.