چین لە ئاڵنگارییە ئابووری و سیاسییەکانی 2024 نیگەرانە

23-12-2023
لهۆن نەسرەدین
 بەندەری یانتیان Yantian Port لە هەرێمی گوانگدۆنگ لە باشووری چین. وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو
بەندەری یانتیان Yantian Port لە هەرێمی گوانگدۆنگ لە باشووری چین. وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا، هەزاران هاووڵاتیی چین دەبینن کە لەبەردەم پەرستگەیەک نزای خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی بۆ داهاتووی ئابووریی وڵاتەکەیان دەکەن بەتایبەت لە ساڵی 2024، بەڵام بەشێک لە شارەزایان، لە بەرامبەر گەشەی ئابووریی وڵاتەکە رەشبینن.
 
وانگ شیانگوەی، شارەزای ئابووری دەڵێت، "ئەمساڵ چین بە دروشمی گەشبینانە دەستیپێکرد، بەڵام بەو جۆرە دەرنەچوو، ئێستا خەڵک سەبارەت بە ساڵی 2024 نیگەرانن و دەڵێن ئاخۆ چ شتێك روو بدات".
 
لەڕووی سیاسییەوە، شی ژینپینگ دەستکەوتی گەورەی لە 2023دا هەبووە؛ بە زۆرینەی رەهای دەنگی پارتی کۆمەنیست بە سکرتێری پارتەکە و بۆ جاری سێیەمیش بە سەرۆکی چین هەڵبژێردرایەوە، بەڵام سیاسەتە تووندە ئابوورییەکەی نەیتوانی رێژەی بێکاری لە ئاستی 15.4٪ی ساڵی 2021 بهێڵێتەوە و لە 2023 گەیشتە 21٪.
 
هەرچەندە گەشەی ئابووریی چین لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ نیو خاڵ زیاتر لە پێشبینییەکان بوو، 5.5٪ـی تۆمارکرد و 8.3 ملیار دۆلار سوودی بە گەنجینەی چین گەیاند، بەڵام نەتوانرا سستیی جووڵە لە بازاڕی خانووبەرە چارەسەر بکات و پێشبینیش دەکرێت سستیی ئەو کەرتە تاوەکو شەش مانگی یەکەمی 2024 بەردەوام بێت.
 
وانگ شیانگوەی گوتی، "پێموایە لە مانگی تەممووزدا، سەرکردایەتیی چین دەرکیان بەوە کرد کە ئابووریی وڵاتەکە لە کێشەیەکی قووڵدایە بە تایبەتی لە کەرتی خانووبەرە کە خواست لەسەری کەمبووەتەوە، بۆیە حکومەت پارەیەکی زۆری خستە بازاڕەکانەوە تاوەکو بەرە بەرە جووڵەیەک دروست بکات".
 
چین، کە لە دوای ئەمریکا دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە، دوا وڵات بوو کە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای لە 2023دا لادا و سیاسەتی سفرکردنی تووشبووانی هەڵوەشاندەوە و جارێكی دیکە دەستی بۆ وڵاتانی جیهان درێژکرد بە تایبەتی ئەمریکا.
 
شی شووسی، شرۆڤەکار باس لەوە دەکات، "سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چین وەک دووەم بەهێزترین ئابووریی جیهان، ئەوە کارێکی دوو قۆڵییە، واتە لە لایەک هۆشیاریی سەرکردایەتیی چین پیشان دەدات، بەڵام لەلایەکی دیکە پێویستی بە هۆشیاری وڵاتانی رۆژئاواشە".
 
کێشەی دوورگەی تایوان، هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونە ئابوورییەکەی بەسەر وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەڕاوی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان و شەڕی ئۆکراینا و شەڕی غەززە و چەندین کێشەی دیکە، رێگەی نزیکبوونەوەی واشنتن و پەککین لە 2024، قورستر و ئاڵۆزتر دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.