لە ئەڵمانیا گەنجێکی کورد پاش ساڵێک زیندانیکردن بێتاوان دەرچوو

23-12-2022
هێمن عەبدوڵڵا
پارێزەری گەنجەکە: ستەمێکی زۆر لەو گەنجە کراوە و دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە
پارێزەری گەنجەکە: ستەمێکی زۆر لەو گەنجە کراوە و دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی باڤاریا لە ئەڵمانیا گەنجێکی کورد دوای ئەوەی ساڵێک لە زیندان دەمێنێتەوە دەردەکەوێت کە بێ گوناهە و ئازاد دەکرێت.
 
ساڵێک لەمەوبەر لە شاری شتوتگارت لە ئەڵمانیا شەڕێک روودەدات کە نزیکەی 30 کەس تێیدا بەشدار دەبن، لە شەڕەکەدا پۆلیس گەنجێکی کورد دەستگیر دەکات، ئەو کات تەمەنی 17 ساڵ بووە، ئەو گەنجە قسەی بۆ رووداو کرد، بەو مەرجەی ناو و شێوەی ئاشکرا نەکرێت و گوتی "لە تەمەنی 17 ساڵی بکەویتە زیندان قورسە، چونکە دەبێ خۆت لەگەڵ ژیانێکی نوێ بگونجێنیت. ژیانێک کە یاسا و رێساکانی جیاوازن لەوەی لەسەری راهاتوویت. ناخۆشییەکەی ئەوەیە کە دادەبڕێیت. پەیوەندیت لەگەڵ ماڵبات نامێنێ. نازانیت لە دەرەوە چی روودەدات. نازانیت کێ ماوە و کێ مردووە. نازانیت چەند ساڵ حوکمدەدرێیت یان بێگوناح دەردەچیت. لەوێ بیر لە مانەوە لە زیندان و زۆر شتی دیکە دەکەیتەوە."
 
دایکی گەنجە ئازادکراوەکەش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بۆمن شۆک بوو کاتێک گەنجێکی تەمەن 17 ساڵان زیندانی کرا، کە کوڕی من بوو، ئەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵ کوڕەکەم منیان شۆک کرد، دواتر نزیکەی ساڵێک لە زیندان هێشتیانەوە، لە 24 کاژێردا، 23 کاژێر لەنێو ژوورێکی بچووک دەیانهێشتەوە و تەنیا بۆی هەبوو یەک کاژێر بێتە دەرەوە، من زۆر دەترسام و زۆر دەگریام، چونکە من دڵنیابووم کوڕەکەم شایەنی ئەو سزا تووندە نییە، پێشتر دەنگۆی زۆر هەبوو کە پۆلیسی شتوتگارت رقیان لە کورد بێت، بەڵام من باوەڕم نەدەکرد، بەڵام دوای دەستگیرکردنی کوڕەکەم و ئەو سزا تووندە خەریکە باوەڕبەوە بکەم، لە نێو خەڵک خەریکە بە خراپ باسی کورد دەکرێت."
 
پێشتریش لە ئەڵمانیا چەند کەیسێکی دیکەی وا بەرامبەر بە کورد هەبوون، بۆیە دامەزراوەی جڤاکی کوردی دەیەوێت بەشێوەی یاسایی و ئەکادیمی کاریان لەسەر بکات، لە میدیای ئەڵمانیاش باس لەوە دەکرێت کە کورد زۆرت لەو گەل و نەتەوانەی کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن زیاتر جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت.
 
کەیسی ئەو گەنجە و چەند کەیسێکی دیکەش وایان لە چنوور قادری کردووە کە دەست بە توێژینەوەیەک بکات کە پڕۆژەی کتێبێکیشە، ئەو بەشێک لە هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ئەڵمانیا و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، بەتایبەتی پەیوەندی نیوان ئەڵمانیا و تورکیا، هەروەها بەشێکی دیکەش دەبەستێتەوە بە بابەتی خۆگونجاندنی ئەو کوردانە لەگەڵ کولتوور و یاساکانی ئەو وڵاتە.
 
دوای ئەوەی ماڵبەتە گەنجە ئازادکراوەکە پێنج پارێزەر دەگۆڕن، دواتر پارێزەرێکی کورد دەدۆزنەوە بە ناوی رۆژ خەلەف، ئەو دەبێتە فرەیادرەسیان.
 
پارێزەر رۆژ خەلەف لەو بارەیەوە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و گوتی "کاتێک گوێبیستی چیرۆکی زیندانیکردنی ئەو گەنجە بووم شۆك بووم، ئەو گەنجە کوردە ستەمێکی زۆریان لێکردووە و پۆلیسی ئەڵمانیا کاریان دەکرد ئەو گەنجە بە ئاگری کەسانی دیکە بسووتێنن، لە دادگە گوتم قبووڵم نییە ئەو گەنجە بە ئاگری کەسی دیکە بسووتێنن ئەو گەنجە لەکاتی شەڕەکەدا تەنیا بەرگری لە خۆی و هاوڕێیکەی کردووە و بەشێک نەبووە لە شەڕەکە، بەڵام پۆلیسی ئەڵمانی وەک تاوانبار کەیسیان بۆ دروستکرد، دڵخۆشم کە توانیم ئەو گەنجە لە زیندان ئازاد بکەم و داوام لە دادگە کردووە لەڕووی ماددی و مەعنەوی گەنجەکە قەرەبوو بکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.