رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، گرووپی واگنەر کە لە جەنگی ئۆکراینادا هاوکاری سوپای رووسیا دەکات چەکی لە کۆریای باکوور کڕیوە. کۆریای باکوور فرۆشتنی چەک بەو گرووپە چەکدارییە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمریکا بۆ مەبەستی سیاسی ئەو دەنگۆیانەی دروستکردووە."
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەمریکا سزاکانی لە دژی گرووپی واگنەر زیاتر دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی مووشەک و تۆپهاوێژی لە کۆریای باکوورەوە کڕیوە. بەگوێرەی جۆن کێربی، "ئەو کارە پێشێلکردنی یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
جۆن کێربی گوتی: "واگنەر بە جیهاندا بۆ چەک دەگەڕێت تاوەکو پاڵپشتی هێزەکەی لە ئۆکراینا پێبکات". گوتیشی، دەتوانن ئەوە دڵنیابکەنەوە بۆ جیهان کە کۆریای باکوور یەکەم فرۆشتنی چەکی بەو گرووپە تەواوکردووە و پارەکەشی وەرگرتووە.
ئەمریکا گرووپی واگنەر بە گرووپێکی سەربازی رووسی دادەنێت و وا باسی لێوە دەکات ئەو گرووپە نزیک بێت لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، چونکە لەلایەن یاڤگێنی پریۆژین، گەورە بازرگانیی رووسییەوە خاوەندارێتی دەکرێت. یاڤگێنی لەلای ئەمریکییەکان بە "شێفی پووتین" بەناوبانگە، ئەوەش بەهۆی ئامادەکاری بۆ ئەو خوانانەی پووتین بۆ سەرکردەکانی نزیک لەخۆی رێکیخستووە.
بەگوێرەی ئەمریکا، واگنەر بە تەنیا خۆی مانگانە 100 ملیۆن دۆلار لە کڕینی چەکدا بۆ پاڵپشتیکردنی جەنگەکەی لە ئۆکراینا خەرج دەکات. کێربی دەڵێت، واگنەر خەریکە دەبێتە ناوەندی دەسەڵاتی سوپا و وەزارەتەکانی نێو رووسیا.
میدیای فەرمیی کۆریا لەبارەی هەواڵەکەوە گوتی، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور بە تەواوەتی ناردنی چەک بۆ رووسیا رەتدەکاتەوە و ئەو چیرۆکە لەلایەن "هەندێک هێزی ناڕاستەوە بۆ ئامانجی جیاواز هەڵبەستراوە."
جەیمس کڵێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە و ئەو کارەی گرووپی واگنەر ئەنجامیداوە پێشێلکاریی یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کڵێڤەرلی دەشڵێت، کڕینی چەک لە کۆریای باکوور لەلایەن پووتینەوە ئەوە نیشاندەدات رووسیا "کڵۆڵ و دابڕاوە." گوتیشی، هەموو کارێک لەگەڵ هاوبەشەکانیان دەکەن تاوەکو دڵنیابنەوە کۆریای باکوور لە بەرامبەر ئەو هاوکارییەی بە رووسیای داوە بە سزای خۆی دەگات.
گرووپی واگنەر وەک یەکێک لە داردەستەکانی رووسیا تەماشا دەکرێت کە لە ژمارەیەک سەربازی بەکرێگیراو پێکهاتووە و ئەمریکا دەڵێت، "زۆربەیان تۆمەتبارن." لە پێشوودا بەوە ناویان دەرکردبوو کە لە جەنگی سووریادا "رۆڵێکی تووندوتیژ"یان هەبووە لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە و لە ئۆکرایناش لە جەنگی باخمووتدا یەکێک بوون لە هێزە کاریگەرەکان.
جۆن کێربی لەبارەی ئەو هێزەوە دەڵێت: ژمارەی سەربازەکانی گرووپی واگنەر 50 هەزار کەسە کە 10 هەزاریان سەربازی لێهاتوون و 40 هەزار کەسیشیان تۆمەتباری هەڵاتووی بەکرێگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ