پووتین هەڕەشەی بەکارهێنانی زیاتری مووشەکە کیشوەربڕەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەربازانی رووسیا کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند. رووسیا دەڵێت، تاوەکو هەڕەشەکان بەردەوامبن، لە بەکارهێنانی مووشەکی کیشوەربڕ بەردەوامدەبن.
بەکارهێنانی مووشەکە مەودا مامناوەندە کیشوەربڕەکەی رووسیا بە پێشهاتێکی نوێ لە جەنگەکەدا دادەندرێت و بەرەوە قۆناخێکی نوێی دەبات.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانەوە دەڵێت، "بەگوێرەی شیکارییەکانی ئێمە، ئەو تاقیکردنەوەیەی کردمان سەرکەوتوو بوو. بەردەوام دەبین لەوجۆرە تاقیکردنەوانە، ئەمەش بەگوێرەی دۆخەکە و شێوازی ئەو هەڕەشەیە لەسەر رووسیا".
ئەو هەنگاوەی رووسیا دوای ئەوە هات کە ئۆکراینا رۆژی سێشەممە بە مووشەکی دوورمەودای دروستکراوی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر شاری بریانسک لە رۆژئاوای رووسیا.
هێرشەکەش دوای چەند رۆژێکی کەم لە بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن بۆ دەستکراوەکردنی ئۆکراینا لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە هات.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لەبارەی بەکارهێنانی مووشەکە ئەمریکییەکان لەلایەن ئۆکرایناوە دەڵێت، "لەوانەیە ژمارەیەکی کەم خەڵک لەوە تێبگەن، ئەو چەکانەی ئەمریکییەکان رێگەیان داوە ئۆکراینییەکان بەکاریانبهێنن، بەکارهێنانیان زۆر قورسە. ئەو چەکانە لەڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە بۆ پێکانی ئامانجەکانیان ئاراستە دەکرێن، ئەوەش پێویستی بە پێشکەوتووترین سیستمی تەکنەلۆژیی جیهانی و باشترین توانای پەیوەندی بە مانگە دەستکردەکانەوە هەیە".
ئۆکراینا رۆژێک دوای بەکارهێنانی مووشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکا، بە مووشەکی ستۆرم شادۆی دروستکراوی بەریتانیاش هێرشی کردە سەر رووسیا.
بەرپرسانی رووسیاش لەپێدانی مووشەکی زیاتری پێشکەوتوو بە ئۆکراینا، هۆشداری بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا دەدەن.
ئەلێکسی ژوراسڤلێڤ، جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی فیدراڵیی رووسیا دەڵێت، "تاکە شت کە رۆژئاوا دەبێت لێی تێبگات ئەوەیە؛ مووشەکە مەودا مامناوەندە کیشوەربڕەکانمان، بە 19 خولەک دەگەنە لەندەن، بە 8 خولەک دەگەنە پۆڵەندا و لەوانەیە بە 15 خولەکیش بگەنە فەرەنسا".
لە دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا هاوکاریی سەرەکی ئۆکراینا بوون. لە رووی سەربازییەوە، بە سیستمی بەرگری، تانک و تۆپ و راهێنانی سەربازی، یارمەتیی ئەو وڵاتەیان داوە.