خیرت ڤیڵدەرز؛ ترەمپی نوێی ئەوروپا رەنگە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا

رووداو دیجیتاڵ
 
خیرت ڤیڵدەرز، سیاسەتڤانێکی هۆڵەندییە و بە ترەمپی نوێی ئەوروپا ناسراوە. لەدوای 25 ساڵ لەنێو بازنەی سیاسەتی وڵاتەکەی و بێ ئەوەی رۆژێک پۆستێکی هەبووبێت، ئێستا ئەو سیاسەتڤانە تووندڕۆ، دژە کۆچبەر و ئیسلامییە، ئەگەری هەیە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.
 
ئەو چەندینجار لەسەر هەڵوێستەکانی بەرامبەر  ئیسلامییەکان و کۆچبەران هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و تەنانەت دادگاییش کراوە.
 
خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندی دەڵێت، "خەڵکەکە بۆچوونی خۆیان راگەیاندووە و دەڵێن، ئێمە ماندووبووین لەم دۆخە و ئێمە هەوڵدەدەین جارێکی دیکە هۆڵەندییەکان ببنەوە بە کەسی ژمارە یەکی ئەم وڵاتە. هیوا گەڕاوەتەوە بۆ هۆڵەندییەکان کە وڵاتەکە دەکەوێتەوە دەست خۆیان و کۆتایی بە شەپۆلی کۆچبەران و پەناخوازان دەهێنین". 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی هۆڵەندا، پارتەکەی ڤیڵدەرز کە پارتی ئازادییە، لەکۆی 150 کورسی، 35 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. ئەمەش سەرپشکی دەکات سەرکردایەتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هۆڵەندا بکات.
 
بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتەکەی ڤیڵدەرز بریتیی بوو لە بەڕێوەچوونی گشتپرسییەک بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا. راگرتنی وەرگرتنی تەواوی پەناخوازان و گەڕاندنەوەی سەرجەم کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی هۆڵەندا.
 
بەڵام لایەنەکانی دیکەی هۆڵەندا ئامادە نین گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ڤیڵدەرز بکەن.
 
فرانس تیمەرمانس، سەرۆکی هاوپەیمانی سەوزەکان و پارتی کار دەڵێت، "هەرگیز هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو پارتانە ناکەین کە پێیانوایە پەناخوازان سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانن و ئێستا ئەرکێکی گەورەمان لەبەردەمە".
 
لە ساڵی 2008، بەمەبەستی نمایشکردنی کورتە فیلمێکی بەناوی "فیتنە"، کە رەخنە لە قورئان، کتێبی پیرۆزی مسوڵمانان دەگرێت، ڤیڵدەرز رێگەی پێنەدرا بچێتە نێو بەریتانیاوە.
 
بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، ڤیڵدەرزی تەمەن 60 ساڵ، بۆمبێکی بە سیستمی سیاسیی هۆڵەندا تەقاندەوە و ئێستاش هۆڵەندییەکان چاوەڕێی کاردانەوەی ئەو تەقینەوە سیاسییەن.