کۆریای باشوور: کۆریای باکوور بەیارمەتیی رووسیا مانگە دەستکردەکەی هەڵداوە

23-11-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن کۆریای باکوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باکوور رایگەیاند، مانگێکی دەستکردی بەسەرکەوتوویی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە. هەریەک لە کۆریای باشوور، ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ژاپۆن سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و, بە "پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناویان برد. کۆریای باشووریش رووسیا تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدانی کۆریای باکوور.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ئاژانسی هەواڵگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، "مۆسکۆ یارمەتیی کۆریای باکووری دا بۆ ئەوەی سەتەلایتە سیخوڕییەکەی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان."
 
سیئۆل پێیوایە کۆبوونەوەکەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە 14-9-2023 کاریگەریی زۆری لەسەر ناردنی ئەو مانگە دەستکردەی کۆریای باکوور هەبووە و رووسیا یارمەتیی تەکنیکیی کۆریای باکووری داوە.
 
ئەو کاتە، ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و کۆریای باکووری تۆمەتبار کرد بەوەی لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا، هاوکاریی سەربازی و دارایی رووسیای کردووە،  بەڵام مۆسکۆ و پیۆنگیانگ تۆمەتەکانی واشنتن رەتدەکەنەوە.
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند "زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە دەکەین و بزانین هەردوولا چی دەڵێن، لەمەوپێش رامگەیاندووە؛ بەردەوام داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەندییە گشتییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاریی جەنگەکەی رووسیا لە ئۆکراینا نەکات. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی زەوی، نابێت هاوکاریی بەڕێز پووتین بکات و خەڵکی بێتاوانی ئۆکراینی بکوژێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، گوتەبێژێک لە حکومەتی کۆریای باشوور رایگەیاند، "بەشێک لە رێککەوتنی سەربازیی 2018 لەگەڵ کۆریای باکوور رادەگرین."
 
ئەو لێدوانەی حکومەتی کۆریای باشوور دوای ئەوە دێت، کە کۆریای باکوور رایگەیاند، سەتەلایتێکی سیخوڕی دەنێرێتە دەرەوەی گۆی زەوی. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی کرد و گوتی، "ئەوە پێشێلکارییەکی بێ رەوشتی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
فەرحان حەق، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کۆریای باکوور دەکات، کە بەکارهێنانی مانگی دەستکردی سەربازی و تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستییە. هەر بەکارهێنانێکی مووشەکی بالیستی و ناردنی مانگی دەستکرد بۆ دەرەوەی زەوی لەلایەن کۆریای باکوورەوە، دژی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشە."
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی میدیایی کۆریای باکوور، رۆژی سێشەممە کۆریای باکوور مانگە دەستکردەکەی (مالیگیۆنگ 1) لە رێگەی مووشەکێکەوە ناردە دەرەوەی گۆی زەوی و کارەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات.
 
لە چەند وێنەیەکی بڵاوکراوەدا دەردەکەوێت، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور بە زەردەخەنەوە ماڵئاوایی لە مووشەکەکە دەکات و ئەندازیارەکانی دەوروبەریشی بە چەپڵەلێدان دڵخۆشیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکە پیشاندەدەن.
 
میدیای کۆریای باکوور رایگەیاند "ناردنی مانگی دەستکرد، مافی رەوای کۆریای باکوورە، چونکە لەلایەن کۆریای باشوور و ئەمریکاوە دووچاری هەڕەشە دەبینەوە."
 
ئاژانسی سیخوڕیی کۆریای باشوور رایگەیاندووە "پێدەچێت کۆریای باکوور رێنمایی تەکنیکی لە رووسیا وەرگرتبێت، ئەمەش لەبەرامبەر ناردنی 10 کەشتی چەک و تەقەمەنی بۆ رووسیا تاوەکو لە شەڕی ئۆکراینا بەکاریبهێنێت."
 
ژاپۆن تائێستا لە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەی کۆریای باکوور دڵنیانییە. هیرۆکازو ماتسونۆ، گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، "حکومەتی ژاپۆن لەم کاتەدا پشتڕاستی ناکاتەوە کە ناردنی مانگە دەستکردەکە سەرکەوتوو بووە یان نا. وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن خەریکی لێکۆڵینەوەیە.''
 
بەگوێرەی لێدوانێکی ماتسونۆ، کۆریای باکوور چەند ساڵێکە خەریکە تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستیی پەرە پێدەدات و ناکرێت چاوپۆشیی لێبکرێت.
 
چەند کاژێرێکی کەم دوای هەڵدانەکە، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، "ئەگەرچی ئەوە مانگێکی دەستکردە، بەڵام چونکە تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستیی لەسەر بەکارهێنراوە، دەبێتە پێشێلکاری بۆ بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن راشیگەیاند، سوپا لە ئامادەییدایە و سیستەمی دژەمووشکیمان ئامادەی وەڵامدانەوەیە.
 
مانگی ئایاری 2023، حکومەتی ژاپۆن بە فەرمیی داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد ئامادەبن بۆ خستنە خوارەوەی هەر مووشەکێکی بالیستیکی کە لەلایەن کۆریای باکوورەوە دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.