رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە دژایەتیی هەر هەنگاوێکی سەربازی دەکەین کە ببێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی سووریا".
رۆژی چوارشەممە 26-11-2022 جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەنگاوانە هەڕەشەن لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان، لەنێویشیاندا شەڕی بەردەوامیان لەگەڵ داعش و دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوە و هەڕەشەکانی لە ناوچەکە.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بۆردوومانی درۆنێکی تورکیا لە رۆژی سێشەممە مەترسی بۆ سەر هێزەکانمان لە سووریا دروستکردووە.
بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە شەوی 19 و رۆژی 20ی تشرینی دووەمدا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 13 کەسیان خەڵکی سڤیلن، لەگەڵ شەڕڤانێکی یەپەگە و 15ی سەربازی سوپای سووریا.
رۆژی سێشەممە 22-11-2022 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا نووسی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا دەدات. ئەم هێرشانە سەلامەتیی هاووڵاتیان و ئەو سەقامگیرییەی کە زەحمەت لە ناوچەکەدا بەدەستهاتووە، دەخاتە مەترسییەوە".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەروەها دەڵێت، ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ئامانجە هاوبەشەکە دەبێت کە بریتییە لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ