رووداو دیجتاڵ
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 3ـی نۆڤێمبەر و ئامادە نییە دان بە شکستی خۆیدا بنێت، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە بونیاتنانی ئیدارەی چوار ساڵی داهاتووی بەردەوامە و دیارترین بژارەشی بۆ وەزیری دەرەوە ئانتۆنی بلینکنە کە لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا پۆستی هەبووە.
ئەنتۆنی بلینکن:
- ساڵی 1962 لە دایکبووە
- لە خێزانێکی جووە
- سەر بە دیموکراتەکانی ئەمریکایە
- بەکالۆریۆسی لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوە
- دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وەرگرتووە
- لە 1994 تاوەکو 2001 لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا خزمەتی کردووە
- 2009 تاوەکو 2013 یاریدەدەری جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە
- راوێژکاری جۆبایدنە بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی
- 2015 تاوەکو 2017 جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە
چاوەڕواندەکرێت رۆژی سێشەممە 2020/11/24 بایدن ناوی وەزیرەکانی دیکەی کابینەکەی ئاشکرابکات، بەڵام کەسانی نزیک بایدن هەندێک زانیارییان درکاندووە و چاوەڕوان دەکرێت جەیک سوڵیڤان کە جێگری یاریدەدەری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بوو، ببێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا.
جەیک سوڵیڤان:
- لە ساڵی 1976 لە ڤێرمۆنت لەدایکبووە
- راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ دانوستاندنی ئەتۆمیی ئێران بوو
- جێگری یاریدەدەری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بوو
- بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا پاڵێوراوە
چاوڕەوان دەکرێت بایدن لیندا تۆماس گرینفیڵدی تەمەن 68 ساڵ بکاتە باڵیۆزی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
گرینفیڵد دیپلۆماتکارێکی متمانەپێکراوی ئیدارەی ئۆباما بوو بۆ کاروباری دەرەوە. هاوکات جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ کاروباری ئەفریقا.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەیەوێت ئیدارەیەک لە کەسانی متمانەپێکراو دروست بکات کە جارێکی دیکە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاد ببێتەوە کە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لە چەندین رێکخراو و رێککەوتننامەی گرنگ دابڕاوە.
ئەنتۆنی بلینکن 20 ساڵە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ جۆ بایدندایە، هەڵوێستی توندیشی لەسەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، لە ماوەی دەسەڵاتی باراک ئۆبامادا چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
هەروەها بلینکن ساڵی رابردووش لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رەخنەی لە ئیدارەی وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، "ترەمپ بە کشانەوەی لە سووریا متمانەی ئەمریکای لە ناوچەکەدا شکاند. کوردیش کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعشدا لە دۆخێکی ناهەمواردا بە تەنیا جێمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ