مایک پێنس: هاتم بۆئەوەی دڵنیایی بدەم لەوەی ئەمریکا چەندە سوپاسگوزاری خزمەتەکانی ئێوەیە

23-11-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانى
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا سوپاسگوزاری ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هاتم بۆئەوەی دڵنیایی بدەم لەوەی خەڵکی ئەمریکا چەندە سوپاسگوزاری خزمەتەکانی ئێوەن". 
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کرد. 
 
مایک پێنس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەماوەی چەند ساڵی رابردوو داعش دەستی بەسەر خاکێکی زۆر لە سووریا و عێراقدا گرتبوو، بەڵام هێزەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان ئەمەیان پێچەوانە کردەوە. لە ئاداری ئەمساڵ بە هاوکاری هێزەکانمان لە هەولێر و لە بنکەی ئەسەد، دواین ناوچەی ژێر دەستی داعشمان کۆنترۆڵکردەوە". 
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هاوکاری پێشمەرگە بۆ ئەمریکا دەکات و دەڵێت "بەهۆی ئەم هەوڵانە جیهان سەقامگیرترە، ئەمریکا سەقامگیرترە، ناوچەکەش سەقامگیرترە، هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەم لەوەی کە پێیان بڵێم خەڵكی ئەمریکا چەندە سوپاسگوزاری خزمەتەکانی ئێوەن".
 
پێش هاتنی بۆ هەولێر، مایک پێنس لە ئەنبار جەژنی سوپاسگوزاری لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کردەوە و هەر لەوێ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە پێنس گوتی "قسەمان لەسەر ئەو ئاڵۆزییانە کرد، کە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە عێراق سەریانهەڵداوە، ئەوان دڵنیاییان دایە من کە کاردەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە بەکارهێنانی تووندوتیژی بەدووربگرن، لەکاتێکدا قسە دەکەین ئەم تووندوتیژییانە لە ئێرانیش روودەدەن، ئەو پەیمانی بەمندا کە کاردەکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسی لەعێراق، پارێزگاری لەو خۆپیشاندەرانە دەکەن و رێزیان لێ دەگرن، کە بە ئاشتیانە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن". 
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی گوت "هانیشم دان گوێ لە خۆپیشاندەران و داواکارییان بۆ چاکسازی بگیرێت. ئەمانە چەند پرسێک بوون کە من و سەرۆک بارزانی قسەمان لەبارەیەوە کرد. ئێمە هاوبەشیێکی بەهێزمان لەگەڵ گەلی عێراق هەیە، لە جەنگەکاندا بەیەکەوە شەڕمانکردووە و عێراقمان لەدەست دیکتاتۆرییەت رزگارکردووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان عێراقمان جارێکی دیکە لەدەست داعش رزگارکرد، هەروەکو بە سەرۆکوەزیران عەبدولمەهدی و لێرەش لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆک بارزانیم گوت، کە ئەمریکا ئامادەیە هاوبەشی لەگەڵ ئەوان بەهێزتربکات بۆئەوەی دڵنیابین، کە حکومەتەکەیان داواکاری خەڵک بەجێدەهێنن، ئەمەش لەپێناو ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی درێژخایەن".
 
بە گوتەی پێنس ئەمریکا نیگەرانە لە دەستێوەردانی نەخوازراوی ئێران لە سەرتاسەری عێراق و دەڵێت "لەسەرووی هەموو ئەوانە، پابەندبوونی ئەمریکاو هی سەرۆک ترەمپ ـم بە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دووپاتکردەوە. سەرۆک ترەمپ هەڵوێستی زۆر روون بووە لەسەر ئەوە، منیش لەگەڵ عەبدولمەهدی و لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە قسەم کردووە، ئەمە تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیابین.. پابەندبوونی ئێمە لەگەڵ خەڵكی عێراقە. دەمانەوێت دڵنیابین کە خەڵکی عێراق دوورن لە دەستوەردانی ئێران و هەروەها رێزیش لە دەنگ و داواکاری خەڵك دەگیرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AP/ Alberto Pezzali

بەریتانیا پابەندبوونی خۆی بە فەرمانی دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو نیشاندەدات

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی شانشینەکە بکات، ئەوا دەکرێت بە فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) دەستگیر بکرێت