رووداو دیجیتاڵ
لە نۆکەندی ئینگلیز بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و سێ کۆچبەر خنکان؛ کۆچبەرەکان هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیایان دەدا.
بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-10-2024) بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوی شاری کالێ لە باکووری فەرەنسا، بەهۆی زۆریی ژمارەی کۆچبەرانەوە ژێرئاو کەوت، لەئەنجامدا سێ کۆچبەر خنکان.
بەرپرسانی هێزی دەریایی فەرەنسا رایانگەیاند، 45 کۆچبەر لەلایەن تیمەکانیانەوە رزگارکراون و گەڕان بەدوای کۆچبەرەکانی دیکە بەردەوامە.
داواکاری گشتیی شاری بولۆن سوغمێغ لە باکووری فەرەنسا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ناسنامەی کۆچبەرەکان نییە.
ئەو رووداوە دوای ئەوە هات کە شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، بەلەمێک لە نۆكەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و منداڵێکی تەمەن هەشت مانگ گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی بەرپرسانی هێزی دەریایی فەرەنسا، دوای ئەوەی کەسێک هێلەگێکی سەلامەتی لە نێو دەریادا بینیوە و هێزە ئەمنی و فریاگوزارییەکانی ئاگادار کردووەتەوە. فریاگوزاریی فەرەنسا 47 کەسیان رزگارکرد، دوو کەسیان بێهۆشبوون و بووژاندنەوەی دڵیان بۆ کرا، بەڵام هەوڵەکان بێسوود بوون و مردنی دوو کەسەکەیان راگەیاند. دواتر، بەلەمێکی دیکەی پاسەوانی کەناریی فەرەنسا تەرمێک و کەسێکی برینداری لە نێو ئاو دەرهێنا.
دوو بەلەم و هێلیکۆپتەرێک لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێنران و تیمێکی پزیشکیش بۆ شاری کالێ نێردرا.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی 2024 کوشندەترین ساڵ بوو بۆ ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوەی نۆکەندی ئینگلیزیان دا.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی 3ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوی فەرەنسا ژێرئاو کەوت و 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. شەش لەو کۆچبەرانە منداڵ و یەکێکیشیان ژنێکی دووگیان بوو.
رۆژی 14-09-2024 هەشت کۆچبەر لەو ئاوەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکان. دواتر، سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "یەکێک لەو کۆچبەرانەی گیانی لەدەستداوە، گەنجێکی کوردی دانیشتووی دەربەندیخانە کە لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بوون."
گوتیشی: "گەنجەکە ناوی دیاری کامەرانە، تەمەنی 19 ساڵە و لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە، دیاری خنکاوە و باوکی رزگاری بووە."
دوای مانگێک لەو رووداوە لە 05-10-2024، چوار کۆچبەر کە یەکێکیان کوڕێکی دوو ساڵان بوو، لە نۆکەندەکە گیانیان لەدەستدا. منداڵەکە بەهۆی قەرەباڵخی نێو بەلەمەکە کەوتبووە ژێرپێ.
ئەوکات بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکان خەڵکی؛ عێراق، سووریا، ئێران، میسر، کوێت، لیبیا و ئێریتریا بوون، بە بەلەمی بچووکی نالەبار هەوڵیاندابوو لە فەرەنساوە بچنە بەریتانیا.
لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئەم رووداوەی رۆژی چوارشەممە، لانیکەم 56 کەس لە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا، لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 18-10-2024 لانیکەم 647 کۆچبەر بە 10 بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندە بەریتانیا و بەمجۆرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 28 هەزار و 204 کۆچبەر بە زیندوویی گەیشتوونەتە بەریتانیا. ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار 8٪ زیاترە و بەراورد بە ساڵی 2022ـش 25٪ کەمترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ