لە تایلەند هێندۆسەکان 'بۆ پاکبوونەوە لە تاوانەکانیان' بەسەر خەڵووزی گەشاوەدا دەڕۆن

رووداو دیجیتاڵ 

باوەڕدارانی ئایینی هیندۆسی لە شارە رەنگاوڕەنگەکەی فوکێت لە تایلاند فێستیڤاڵێکیان رێکخستووە پێی دەڵێن، فێستیڤاڵی نۆ خواوەندە ئیمپراتۆرەکە، بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە چالاکییەکدا بەسەر خەڵووزدا دەڕۆن بە مەبەستی ئەوەی لە تاوانەکانیان پاک ببنەوە. 
 
یاچو کانگ، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە، دەڵێت، "بە بۆچوونی من، ئەم پڕۆسەیە شتێکی سەیرە. هەر لە ئامادەکردن و گەشکردنەوەی خەڵووزەوە بگرە تاوەکو تەواو دەبێت. دوو کاژێر چاوەڕێم کرد تا دەستی پێکرد و زۆر بەخێراییش کۆتایی هات."
 
ئەم نەریتە هەموو ساڵێک مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت. ئەو سەرکێشییە هێندۆسەکان تاقی دەکەنەوە کارێکی مەترسیدارە و پێیان وایە کە لەو رێگەیەوە دەتوانن لە تاوانەکانیان پاکببنەوە. 
 
مێژووی ئەم فێستیڤاڵە بۆ سەدەی نۆیەم دەگەڕێتەوە؛ گوایە گرووپێکی ئۆپێرای چینییەکان تووشی مەلاریا بوون، یەکێک لە میوزیک ژەنەکان بە شوێن نۆ خواوەندە ئیمپراتۆرەکەدا دەڕوات و ئەویش دێت و لە دەرد و بەڵا رزگاریان بکات.
 
بە گوتەی خۆیان، لەو رۆژەی لەم بەڵایە رزگاریان بووە، کردوویانە بە نەریت و هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا گۆشت و خواردنەوەی کحوولی لە خۆیان حەرام دەکەن و بەسەر خەڵووزدا دەڕۆن وەکو هەستکردنێک بە ئازاری باپیرانیان.