پارتێکی راستڕۆ هەڵبژاردنی گشتیی سویسرای بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتی لە سویسرا راگەیێندرا و پارتێکی راستڕۆ زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوان ناکرێت رووکاری ئەو حکومەتەی ئێستا لەدەسەڵاتدایە، گۆڕانی بەسەردا بێت.
پارتی گەلی سویسرا ناسراو بە SVP کە گەورەترین پارتی وڵاتە، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2019، دەنگەکانی بەڕێژەی 3.4٪ زیادی کردووە و 29٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
بردنەوەی پارتی راست لەم هەڵبژاردنەدا، ترسی تووندكردنی سیاسەتی دژەکۆچبەری هەروەها فەرامۆشکردنی پرسەکانی توانەوەی بەستەڵەکەکان و گۆڕانی کەشوهەوای زیاترکردووە.
یەکێک لە بانگەشەکانی ئەو پارتە راستەی هەڵبژاردنی بردووەتەوە ئەوەبوو؛ ژمارەی دانیشتووانی سویسرا کە 8.7 ملیۆن کەسە، لە 10 ملیۆن کەس تێپەڕنەکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی دژەکۆچبەری و رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی.
مارکۆ چیێسا، سەرۆکی پارتی گەلی سویسرا بە ئاشکرا دەڵێت 'ئێمە، کێشەمان لەگەڵ کۆچکردن هەیە، لەگەڵ کۆچبەری نایاسایی و کێشەی دابینکردنی ئاسایشی وزە."
مارکۆ لە بانگەشەکانیدا ئاماژەی بەوەشداوە "کێشەی قەیرانی پەناخوازیمان هەیە و 10 ملیۆن دانیشتوو لە سویسرا کێشەیەکە، دەبێت چارەی بکەین."
بە بردنەوەی پارتە راستەکە، واتا ژمارەی کورسییەکانی SVP لە 200 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە دەگاتە 61 کورسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پارتێک زۆرینەی نییە تاوەکو بتوانێت بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت.
بەرزبوونەوەی خەرجیی تەندروستی لە سویسرا پاساوێکە، پارتی سۆسیال دیموکرات کە دووەم گەورەترین پارتی وڵاتەکەیە و رێژەی دەنگەکانی 0.7٪ زیادی کردووە، لە دژی پارتی زۆرینە بەکاریدەهێنێت.
پارتی سۆشیال دیموکرات 17.4٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەمەش ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان دەگاتە 40 کورسی، بەڵام پارتە سەوزەکان دەنگەکانیان 4٪ کەمیکردووە و 6 کورسییان لەدەستداوە.