ئاڵای کوردستان و وێنەی ژینا ئەمینی؛ سیمبوولی خۆپێشاندانەکانن بۆ هاوسۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵای کوردستان و وێنەی ژینا ئەمینی، بوونەتە دوو سیمبوولی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی جیهان کە وەک هاوسۆزی بۆ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێن.
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، ئیستەنبووڵی دراوسێی ئێران و پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپێشاندان بەڕێوەدەچن. رۆژی شەممە 22-10-2022، هەزاران هاونیشتمانی و هاووڵاتی دیکەی بە رەچەڵەک ئێرانی رژانە سەر شەقامەکان بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ئازینووش رەفاعی، خۆپێشاندەرێکی بەرلینە و دەڵێت، "هەستێکی ناوازەیە ئەو هەموو خەڵکە دەبینیت بێ گوێدانە ئایین و بڕواکانیان پێکەوەن؛ ئەوان هەموویان یەکیانگرتووە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
ئارینا ئەنساری، خۆپێشاندەرێکە لە پاریس و گوتی، "نەمتوانی بێدەنگ بم بەرامبەر ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات. ئەو هەموو مردنە، ئەو هەموو دەستبەسەرکردنە، ئەو هەموو برینداربوونە. خەڵک لە ئێران چی دەڵێن؟ ئەوان چیدیکە رژێمی ئیسلامییان ناوێت، ئیدی بەسە، ئەوان داوای مافە هەرە سەرەتاییەکانیان لە ئێران دەکەن."
هەندێکیش لەنێو خۆپێشاندان، باسیان لە یادە تاڵەکانی خۆیان لە ئێران دەکرد. پاریسا لۆری، خۆپێشاندەرێکە لە لەندەن و دەڵێت، "لەبیرمە کاتێک لە ئێران دەژیاین. من تاوەکو تەمەنی نۆ ساڵی لە ئێران ژیام؛ دایکم قژی زۆر کورت کردبوومەوە و تەنانەت ناوێکی خوازراوی کوڕیان بۆ بەکاردەهێنام، چونکە دایکم حەزی نەدەکرد لەچکم لەسەر بکات."
رۆژی 14ی ئەم مانگە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی - ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێکی لەبارەی کوژرانی خۆپێشاندەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە؛ بەپێی راپۆرتەکە تاوەکو ئێستا 144 خۆپێشاندەر کوژراون کە 23یان منداڵ و مێرمنداڵن.
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمیش لیژنەی بەدواداچوونی گیراوانی خۆپێشاندانەکان کە نووسینگەکەی لەنێوخۆی ئێرانە، بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیرکراون و لەنێویاندا 320 منداڵ، 212 خوێندکار، 109 چالاکڤان و 29 رۆژنامەڤان هەن.