نەدیم زەهاوی پاڵپشتی لە بۆریس جۆنسن دەکات بۆئەوەی ببێتەوە سەرۆکوەزیران

23-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەدیم زەهاوی پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆریس جۆنسن وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەردەبڕێت.
 
رۆژی یەکشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2022 نەدیم زەهاوی، وەزیرە بە رەچەڵەک کوردەکەی بەریتانیا کە پۆستی وەزیری کاروباری هەرێمەکانی نێو بەریتانیا، وەزیری یەکسانی و راوێژکاری دوقنشینی بەریتانیای هەیە لە تویتێکدا نووسی، "پاڵپشتی لە بۆریس جۆنسن دەکەم" و هۆکارەکەشی بۆ رۆڵی جۆنسن لە دابەشکردنی ڤاکسین، ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا و "هاتنە خوارەوە لە کورسیی دەسەڵات لەپێناو یەکگرتوویی" وڵاتەکەی گەڕاندەوە.
 
زەهاوی، کە پێشتر وەزیری دارایی بەریتانیا بوو، دەڵێت، ئێستا بەریتانیا پێویستی بە جۆنسنە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، کاتێک سەرۆکوەزیران بووە، "هەمیشە لە هەڵەکانی فێردەبوو."
 
هەر رۆژی یەکشەممە، ریشی سوناک رایگەیاند، کێبڕکێ لەسەر پۆستی جێگرەوەی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی وڵاتەکەی دەکات. سوناک لە تویتێکدا نووسیویەتی، "بەریتانیا وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام ئێمە رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بووینەتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد، دەیەوێت قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەی چارەسەر بکات و پارتەکەی "یەکبخاتەوە."
 
هەرچی جۆنسنە، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ئەویش بە شێوەیەکی فەرمی چوونە کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پارتی پارێزگاران رابگەیێنێت.
 
تاوەکو ئێستا سێ بەربژێر بۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بوونیان هەیە. هەر ئەندامێکی پارتی پارێزگاران بۆئەوەی بتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە و سەرۆکوەزیران بەربژێر بکات، دەبێت پێش رۆژی دووشەممە لە کۆی 357 پەرلەمانتاری پارتەکە، پاڵپشتیی لانیکەم 100 پەرلەمانتاری پارتەکەی بەدەستبهێنێت.
 
تاوەکو ئێستا ریشی سوناک کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەدوای ترەسەوە بوو، پاڵپشتیی 129 پەرلەمانتاری پارتەکەی بەدەستهێناوە؛ بۆریس جۆنسن پاڵپشتیی 53 ئەندام و پێنی مۆردانت کە لە هەڵبژاردنی پێشوو دوای سوناک لە پلەی سێیەمدا بوو، پاڵپشتیی 23 ئەندامی بەدەستهێناوە.
 
دوایین رۆژی خۆبەربژێرکردن دووشەممە 24ی ئەم مانگەیە و رۆژی هەینیش 28ی هەمان مانگ دەنگدان بەڕێوەدەچێت کە نزیکەی 170 هەزار ئەندامی پارتەکە دەنگ لەسەر دوو بەربژێر دەدەن و پارتی پارێزگاران سەرۆکی نوێی دەبێت و سەرەنجام دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.