کوردێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف ئاگری لە جەستەی بەردا
رووداو - هەولێر
پیاوێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم بارەگای کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاگری لەخۆی بەردا، پۆلیس بە هانایەوە چووە و بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گوستوویانەتەوە.
لیز ترۆسێل، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پیاوێک لەبەردەم بارەگای کۆمسیۆنەکەی بەنزینی بەخۆیدا کردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە.
سلیڤان گۆیڵوم، گوتەبێژی پۆلیسی جنێف رایگەیاند، پیاوەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لەساڵی 1988 لەدایکبووە، دانیشتووی ئەڵمانیایە. بەڵام ناوی ئاشکرا نەکردووە.
بەگوتەی گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران، تیمەکانی فریاکەوتن هەرزوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوەو پیاوەکەیان بردووەتە نەخۆشخانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری خۆ سووتاندنی ئەو کەسە دیار نییە.
رووداوەکە کاژێر 07:45 خوولەکی بەیانی ئەمڕۆ بووە بەکاتی ئەو وڵاتە، (06:40 خوولەک بەکاتی هەرێمی کوردستان) روویداوە لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی بۆسەر کار دەڕۆیشتن.
پۆلیسی ئەو وڵاتە دەڵێت، هەرچەندە هۆکاری خۆ سووتاندنەکەی ئەو کەسە یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام گوماندەکەن بەهۆی گرژییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بێت کە لە 9ـی ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر شارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.