رووداو دیجیتاڵ
سەربازانی یەکەی "لوت"ی ئۆکراینی بە تۆپی هاویتزەری دی 30 سوپای رووسیا بۆردوومان دەکەن. ئەوان مەبەستیانە، پێشڕەوییەکان و گەمارۆی سەربازانی رووسیا بۆ سەر شاری تۆرێتسک لە هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رابگرن.
ئەلێکساندەر، سەربازی ئۆکراینییە و دەڵێت: "ئێمە ئێستا ئاراستەی تۆپەکانمان بەرەو تۆرێتسکە لە هەرێمی دۆنێتسک و بەردەوام لە هەوڵی بەرگریکردن لە ناوچەکەداین. ئێستا دۆخەکە زۆر قورسە و دووژمن بەردەوام گوشارمان بۆ دێنێت و تاقیمان دەکاتەوە، دەیەوێت پێشڕەوی بکات."
سەربازێکی ئۆکراینا دەڵێت: "دۆخەکە زۆر هەستیارە، لەبەرئەوەی شارەکان بەردەوام بۆردوومان دەکرێن و باڵەخانەکان خاپوور دەکرێن. خەڵکەکە لە شەواندا پێویستیان بە هاوکاری هەیە و ئێمەش ناتوانین هاوکاریان بکەین."
پێش جەنگ ئەو شارە، زیاتر لە 70 هەزار کەسی تێدا دەژیا، بەڵام ئێستا کەمتر لە دوو هەزار کەسی تێدا ماوەتەوە.
تۆرێتسک بە شارێکی ستراتیژی هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هەژمار دەکرێت، ئەگەر رووسیا ئەو شارە کۆنترۆل بکات، ئەوا رێگەی سوپاکەی بۆ پێشڕەوییەکانیان بەرەو شارەکانی پۆکرۆڤیسک، چەزیڤیار و کۆستیانڤیکا لە پارێزگەی باخمووت ئاسانتر دەکات، بەمەش بەدەست هێنانی ئامانجەکەی پووتین لە سەرەتای جەنگ کە بریتیبوو لە کۆنترۆلکردنی تەواوی هەرێمی دۆنێتسک دێنێتەدی.
بۆ فراوانکردن و خێراکردنی هاوکارییە سەربازییەکان، سەرۆکی ئۆکراینا ئێستا لە ئەمریکایە. لە ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، واشنتن بایی 56 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی کێیڤی کردووە.
ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "ئۆکراینا پلانی سەرکەوتن پێشکێش بە ئەمریکا دەکات و بێگومان سەرۆکی ئەمریکا یەکەم کەس دەبێت بە تەواوەتی پلانی سەرکەوتنەکەمان ببینێت."
پێشڕەوییەکانی رووسیا لە هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، لەکاتێکدایە زیاتر لە مانگێکە، سوپای ئۆکراینا لانیکەم هەزار و 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە هەرێمی کۆرسک لە رۆژئاوای رووسیا کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ