بلینکن بۆ رووداو: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر باش بوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا کردەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی "زۆر باش" بووە.
رۆژی دووشەممە 23-09-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد، لەوانەش نەوت و ئابووریی عێراق.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەکە بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر باش بوو."
یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە بلینکن و سوودانی تاوتوێیان کردووە بۆریی نەوتی عێراقە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە، "کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بۆ هاندانی بەردەوامبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ ئابووریی عێراق گرنگە."
لە بەشێکی گفتوگۆکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "ستایشی" ئەو پلانەی عێراقی کرد کە دەیەوێت تاوەکو 2030 لە کەرتی وزە سەربەخۆ بێت.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هەردوولا باسیان لە رێگەکانی دوورخستنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان کرد لەوەی خراپتر ببن. جەختیشیان لە گرنگیی بەهێزیی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا، بە تایبەت لە گەشەی ئابووری و ئاڵوگۆڕیی کولتووری، کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، دوو سەرکردەکە هاوڕابوون لەسەر دروستکردنی "هاوبەشییەکی ئەمنیی بەردەوام" کە ببێتە هۆی "سەقامگیریی هەرێمی."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بلینکن بە سوودانی گوت، "ئەمریکا پابەندە لە یارمەتیدانی عێراق بۆ بونیادنانی عێراقێکی سەربەخۆ، سەلامەت و سەقامگیر."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرکە. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات، چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر باش بوو".
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 23, 2024
وردەکاریی کۆبوونەوەکەی سوودانی و بلینکن:https://t.co/MOR1rBsnbw pic.twitter.com/zMRimSw6Oe