بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی سامۆسی یۆنان نقووم بوو؛ 25 سەرنشینی بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە یۆنان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران لە خۆرئاوای دوورگەی سامۆسی یۆنان نقوومبووە و لە 33 سەرنشین تەنیا پێنجیان رزگارکراون و پۆلیسی کەناراوییەکانی ئەو وڵاتە بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێت.
پێشڕەو عەبدوڵا کاژێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و لایەنە فەرمییەکانی یۆنان، کاژێر 9ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران کە لە کەنارئاوەکانی تورکیاوە بە دەریای ئیجە هاتووەتە یۆنان، لە نزیک خۆرئاوای دوورگەی سامۆسی یۆنان نقووم بووە و ژمارەیەک سەرنشینیش بوونەتە قوربانی."
بەگوتەی پێشڕەو کە ئاگاداری رووداوەکەیە، دوای ئەوەی پۆلیسی کەناراوییەکانی یۆنان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پێنج کەسیان لەکۆی 33 سەرنشینی بەلەمەکە رزگارکردووە، تەرمێ سێ کەسیان دۆزیوەتەوە کە هەرسێکیان ئافرەتن، یەکێکیان کچێکی تەمەن 10 ساڵ و یەکێکی دیکەشیان 12 ساڵە.
پاسەوانی دەریاوانیی یۆنان بە کەشتی و هێلیکۆپتەر بەدوای کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێت کە بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوتووە. پێشڕەو عەبدوڵڵا نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە رووداوی گوت: لە 33 کەس تەنیا پێنج کەس رزگاریان بووە، تائێستا ناسنامەیان دیار نییە pic.twitter.com/LtXP7EPPmZ
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 23, 2024
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تاوەکو ئێستا پۆلیس لە ئاودا و لەڕێگەی کەشتییەکانی خۆیان و هێلیکۆپتەرەوە بەدوای چارەنووسی 25 کەسی دیکەدا دەگەڕێن کە بەپێی ئەو کەسانەی سەرنشینی بەلەمەکەبوون و رزگارکراون 33 کەسی لەسەر بووە.
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گومان دەکات بەشێک لە سەرنشینانی بەلەمە نقوومبووەکە کورد بن.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248یشیان بێسەروشوێنن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی قوربانییەکان تەنانەت ژمارەی ئەوانەشی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن کوردن، رێژەیان لەنێوان ٪70 بۆ 80٪ دەبێت.