ترەمپ: ئەگەر لەم هەڵبژاردنە دەرنەچم، خۆم بۆ هەڵبژاردنی 2028 بەربژێر ناکەمەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵی ئەمریکا دەرنەچێت، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 بەربژێر ناکاتەوە. هیواشی خواست لەو هەڵبژاردنەی ئەم ساڵ بیباتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 هەڤپەیڤینێکی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی بڵاوبووەوە، تێیدا ترەمپ پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەگەر لەم هەڵبژاردنە نەیبردەوە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 بەربژێر دەکاتەوە؟ گوتی، "خۆم بەربژێر ناکەمەوە و تەواو."
 
ترەمپ گوتیشی، "هیوادارم لە هەڵبژاردنی 05-11-2024 بیبەمەوە."
 
ئێستا ترەمپ تەمەنی 78 ساڵە و ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات.
 
ترەمپ لەگەڵ کامالا هاریسی دیموکرات لە رکابەرایەتییەکی توونددایە و هەردووکیان چاویان بڕیوەتە ئەو ویلایەتانەی هەڵبژاردنەکە یەکلا دەکەنەوە، لە ئەمریکا ئەو ویلایەتانە پێیان دەگوترێت یەکلانەبووەکان یان خۆڵەمێشی.
 
لەو کاتەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تەممووزی ئەم ساڵ، بەهۆی خراپیی تەندروستی و گوشاری بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەی کشایەوە، پارتە شینەکەی ئەمریکا لەگەڵ هاتنە سەر سەکۆی کامالا هاریس وزەیەکی نوێیان بەخۆیانەوە بینیوە و ئاراستەکە گۆڕاوە.
 
ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2016 لە دژی هیلاری کلینتۆنی رکابەری بردیەوە، لە هەڵبژاردنی 2020 بە جۆ بایدن دۆڕا و رایگەیاند، قبووڵی ناکات کە دۆڕاوە. لە گوتارێکدا بە لایەنگرانی گوت، دزی و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکە کراوە و پیلانیان لە دژی گێڕاوە.
 
رۆژی 06-01-2021 لایەنگرە تووڕەکانی ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا وەک هەوڵێک بۆ وەستاندنی پشتڕاستکردنەوەی بردنەوەی بایدن.
 
لەوکاتەوەی رکابەرە رەشپێستەکەی هاتووەتە نێو کێبڕکێکە، راپرسییەکان لە بەرژەوەندیی ترەمپ نین. دوایین راپرسی دەریدەخات، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، هاریس 49.4 و ترەمپیش 47.2٪ بەدەستدەهێنێت.