لە ناوچەیەکی سنووریی مەکسیک لە 20 رۆژدا 140 هەزار کۆچبەر هەوڵی چوونە ئەمریکایان داوە

رووداو دیجیتاڵ

زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە مانگی ئەیلوولدا هەوڵی پەڕینەوەیان داوە لە مەکسیک بۆ ئەمریکا، وایکردووە هەردوو وڵات رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە زیاتربوونی ئەو ژمارەیەی کۆچبەرانی نایاسایی بگرنەبەر.
 
ناوچەی سویداد خوارێز لە مەکسیک، هاوسنوورە لەگەڵ ئەمریکا و رێڕەوێکی سەرەکیی گەیشتنی کۆچبەرانیشە بۆ ئەو وڵاتە، رۆژانە کۆچبەرانی مەکسیک، وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باشوور و ئەفریقاش، لەم ناوچەیەوە هەوڵی پەڕینەوە بۆ نێو خاکی ئەمریکا دەدەن.
 
ڤیڤیانا، کۆچبەری ڤێنزوێلییە، لەو رێگەیەوە دەیەوێت بچێتە ئەمریکا و لەسەر مەترسییەکانی ئەو ناوچەیە دەڵێت، "ئێمە دزیمان لێکراوە؛ منداڵەکان زۆر شتی خراپیان بینیوە، خەڵک جگەرە دەکێشن، دەستدرێژی دەکەن، تەرم لەسەر رێگەکە دەبینین؛ هەموو ئەو شتانە بۆ ئێمە جێگەی سەرسووڕمان بوون. ئێستا دەبێت لەم ئاوە پیسەدا بپەڕینەوە و لە پشت دیوارە تەلبەندکراوەکەدا بوەستین."

 

 
بەپێی ئامارێک کە بەرپرسانی مەکسیک و ئەمریکا بڵاوییان کردووەتەوە، تەنیا لە 20 رۆژی سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، نزیکەی 140 هەزار کۆچبەر لەو سنوورەوە هەوڵیانداوە خۆیان بگەیێننە ئەمریکا، ژمارەکە بەراورد بە مانگی رابردوو، نزیکەی 60٪ زیادیکردووە.
 
زیادبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران، ئیدارەی بایدنی نیگەران کردووە و وایکرد حکومەت 800 کەس بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوور زیاد بکات و سنوورەکان بەڕووی مەکسیکدا دابخات. حکومەتی مەکسیکیش بڕیاری داوە بەشێوەیەکی کاتی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو ناوچەیە بووەستێنێت بۆ ئەوەی رێگە لە چوونی کۆچبەران بۆ سەر سنوور بگرێت.
 
ئەنجێڵ سیسا، کۆچبەرێکی ئیکوادۆرییە، لەسەر سنووری مەکسیک - ئەمریکا و دەڵێت، "هیوایەکی زۆرم هەیە، هاتنم بۆ ئێرە بڕیارێکی گەورە بوو لە ژیانم، چونکە زۆر قورسە و گەیشتن بە ئێرە و ئاسان نییە؛ رێگەیەکی دوورودرێژە و بە چەندەها شتی زۆر قورس تێدەپەڕیت تاوەکو دەگەیتە ئێرە."
 
رۆژانە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئەمریکا بە نزیکەیی رێگری لە پەڕینەوەی سێ هەزار و 500 کۆچبەر دەکەن بۆ نێو خاکی ئەمریکا.