سوێد بۆ ئەندامبوونی لە ناتۆ پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمانی تورکیا و هەنگاریایە

23-09-2023
لهۆن نەسرەدین
سەرۆکوەزیرانی سوێد لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ و رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکوەزیرانی سوێد لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ و رەجەب تەیب ئەردۆغان
نیشانەکردن سوێد رێکخراوی ناتۆ نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامیێتی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ هێشتا رەزامەندی پەرلەمانی هەنگاریا و تورکیای ماوە، وەزیری دەرەوەی سوێدیش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ مافێکی سەروەری سوێدە. 

لەسەر پرسی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، پیتەر سیارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ رووداو کرد.

رووداو: مەرجتان چییە بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ؟

پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە وەڵامدا گوتی، "سەیربکە، هەندێک رێزگرتن لە لایەن سوێدەوە پێویستە. دەزانیت پەرلەمانتارانی هەنگاریا بە راستی سووکایەتییان پێ دەکرێت لە رێگەی ئەو راگەیێندراوانەوە کە لە سوێدەوە دێن و باس لە شێوەی دیموکراسی پەرلەمان و سیستمی سیاسیی هەنگاریا دەکەن. ئەو پەرلەمانتارە هەنگارییانە کە چوار بۆ پێنج جار لە رکابەرایەتییە سیاسییە راستەقینەکان و بانگەشەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەنگی خەڵکی راستەقینەیان بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو تۆمەتەیان ئاراستە بکرێت کە ئەوە دیموکراسی نییە لە ماوەی 20 تاوەکو 25 ساڵی رابردوودا کراوە، پێموایە ئەو کات دەبێت کەس تووشی سەرسوڕمان نەبێ کە ئەوە وەکو سووکایەتی وەردەگرن. هەر بۆیە ئەوان ویستی ئەوەیان نییە ئەو بابەتە بخەنە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە."

سوێد رەخنە لە حکومەتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەگرێت و بە "پێشێلکاری سەروەریی یاسا" وەسفی دەکات؛ هەنگاریاش ئەوە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و بێڕێزی بە سەروەری وڵاتەکەی دەزانێت.

تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ بە " مافێکی سەروەری هەموو وڵاتێك" ناوبرد، لە گوتارەکەیدا دەڵێت، "مافی سەروەریی هەموو وڵاتێكە سیاسەتی ئاسایشی خۆی هەڵبژێرێت؛ لەسەر بنەمای ئەوە سوێد داوای ئەندامیێتی رێکخراوی ناتۆی کردووە. بڕیارێکی مێژوویی بوو کۆتایی بەو بێلایەنییەی هێنا کە لە ساڵی 1812ـوە پەیڕەومان کردبوو. ئەندامیێتیمان لە ناتۆ ئاسایشمان پارێزراوتر دەکات و ناوچەی یۆرۆ-ئەتلانتیک سەقامگیرتر دەکات."

لە 10ـی تەممووزی ئەمساڵ و بەر لە بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا و بە رێککەوتنێک بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف-16ـی ئەمریکی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەزامەندیی وڵاتەکەی لەسەر ئەندامیێتی سوێد دەربڕی و بڕیارە لە کردنەوەی دانیشتنی پایزەی پەرلەمان لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

رەجەب تەیوب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند "بە دیاریکراوی رۆژئاوا، بەردەوام دەڵێت، سوێد سوێدە، ئێمەش دەڵێن ناتوانین بەر لە بڕیاری پەرلەمان 'بەڵێ' یان 'نەخێر' بکەین. بەر لە هەموو شتێک دەبێت سوێد ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات، ئایا جێبەجێیکردووە؟ کاتێك کە رێكخراوە تیرۆریستەکان لەژێر سایەی پۆلیس خۆپێشاندان دەکەن، ئەوە چ واتایەکی هەیە؟ واتە سوێد پابەندبوونەکانی جێبەجێ نەکردووە؛ دەبێت پێشبینی ئەوەش بکەن پەرلەمان لەو بارودۆخەدا چ بڕیارێك دەدات."

لە پەرلەمانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ـی فەرمانڕەوا و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـی هاوپەیمانی و سێ لە پارتە بچووکە نزیکەکانیان، پێکەوە لە کۆی 600 کورسی، خاوەنی 323 کورسی پەرلەمانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.