ناگۆرنۆ قەرەباخ تێکەڵ بە ناوچە ئازەرییەکان دەکرێت؛ هێزە جووداخوازەکان چەکدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

یەکەمین خولی دانوستاندن لە نێوان جوداخوازە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ و شاندی ئازەربایجان بە نێوەندگیریی رووسیا لە شاری یەڤلاخی ئازەری بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت.
 
ئۆلیسیا ڤارتانیان، شرۆڤەکاری سیاسییە و لەو بارەیەوە دەڵێت، "زۆر گرنگە بەرەو پێشچوون لە گفتوگۆکان تۆمار بکرێت. ئازەربایجان و ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ  هەرگیز پێکەوە دانەنیشتوون، دواجار ئەرمەنییەکان ناچارن بە تێکەڵبوون بە ناوچە ئازەرییەکان، چونکە لە رووی هێزەوە زۆر لە ئازەربایجان لاوازترن."
 
ئۆپەراسیۆنە یەک رۆژییەکەی ئازەربایجان، چەکدارە ئەرمەنییەکانی ناچار بە دانوستاندن کرد؛ ئازەربایجان دەڵێت، دەبێت چەکەکانتان دابنێن، ئەوانیش داوای گارانتی بۆ ژیانیان و مافی ئەرمەنییەکان دەکەن. 
 
سوپای ئازەربایجان بۆ یەکەمجار لە دوای سێ دەیە خەریکە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی هەرێمەکە دەکات. کوژراو و بریندار بە سەتانن و خەڵک ترساوە؛ شێلتەرەکانیش پڕبوون لە ئاوارە.
 
ڤارت، هاووڵاتیەکی ئەرمەنیی دانیشتووی ناگۆرنۆ قەرەباخە و دەڵێت، "چوار منداڵم هەیە، دووانیان نەخۆشن و هیچ دەرمانێکمان نییە، تەقە و بۆردوومان لە هەندێ شوێن هەیە و ئێمەش لێرە گیرمان خواردووە."
 
ئەوانەی کە نە چوونەتە شێڵتەرەکانەوە، بە نێوەندگیریی هێزە ئاشتیخوازەکانی رووسیا بەرەو ناوچە ئارامەکان دوور دەخرێنەوە؛
رووسیا دەڵێت ژمارەیان سەرووی پێنج هەزار کەسە.
 
ئەرمەنییەکان هێشتا لە شۆکدان؛ ئەوان ناتوانن باوەڕ بەوە بکەن کە ناگۆرنۆ قەرەباخ ئیدی دەکەوێتە ژێر دەستی ئازەربایجان.
سێ رۆژە خۆپیشاندان دەکەن و داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران دەکەن.
 
ئاندرانیک، هاووڵاتییەکی ئەرمینیایە و باس لەوە دەکات، "ئێمە لێرەین تاوەکو بەم حکومەتە شکستخواردووەمان بڵێم چیدیکە رەوایەتیت نەماوە؛ لە کاتی گەمارۆکان هاوکاریتان نەکردن و ئێستاش رێگەتان بە سوپای ئازەربایجان دا داگیریان بکات."
 
ناگۆرنۆ قەرەباخ-ی دەوردراو بە سوپای ئازەربایجان، نزیکەی ساڵێكە لەلایەن ئەو سوپایەوە گەمارۆدراوە و تاکە رێگەی ژیان و گوزەرانی لێ گیراوە، کە بە ئەرمینیای هاوپەیمانی دەبەستێتەوە. بۆیە زۆربەی 120 هەزار ئەرمەنییە دانیشتووانەکەی هەرێمەکە برسی، ماندوو و بێزار بوون. 
 
پێکدادانی مەیدانی بۆ شەڕە قسەی نوێنەرانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گۆڕدرا.
 
لە کاتێكدا ئەرمینیا، ئازەربایجان بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ تۆمەتبار دەکات، ئازەرییەکان ئەرمینیا بە ناردنی یەکەی سەربازی بۆ نێو هەرێمەکە و بە بەرپرس لە لێدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئازەربایجانی دەزانێت.
 
سەرۆکی ئازەربایجانیش هۆشداری دەداتە ئەو گرووپە چەکدارانەی قەرەباخ لە ئەگەری رادەستنەکردنی چەکەکانیان، بە تووندی وەڵامیان دەداتەوە.