زەوی چاوەڕوانی گەیشتنی گەورەترین نموونەی نەیزەکێک دەکات لە بۆشایی ئاسمانەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەشتیێکی ئاسمانیی ناسا رۆژی یەکشەممە نزیک دەبێتەوە لە زەوی و کڵاوەکەی بەردەداتەوە، کە نموونەیەکی نەیزەکی (بێنوو)ـی تێدایە. بەو جۆرەش کۆتایی بە ئەرکێکی 7 ساڵەی ناسا دەهێنێت.
 
نموونەی 250 گرامی نەیزەکی بێنوو کە لەلایەن کەشتیی ئاسمانیی ئۆسیریس رێکسەوە وەرگیراوە، بڕیارە بکەوێتە ناوچەیەکی بیابانی یووتای ئەمریکا.
 
مایک مۆریۆ، بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە لە ناسا دەڵێ "یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی هێنانەوەی ئەو نموونەیە بۆ سەر زەوی، هێنانی کەشتییە ئاسمانییەکەیە بۆ خاڵی دروست لە بەرگەهەوادا، بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەی بۆی دەستنیشانکراوە لە یووتا، بنیشێتەوە."
 
کەشتیی ئاسمانیی ئۆسیریس رێکس لەلایەن ناسا لە ساڵی 2016 هەڵدرایە بۆشایی ئاسمان و، لە ساڵی 2018ـدا گەیشتە نەیزەکی بێنوو.
 
دوای دوو ساڵ لە چاودێریکردنی نەیزەکەکە، لە مانگی 10ـی ساڵی 2020 توانی نموونەیەکی لێ وەربگرێت. 
 
بێنوو، نەیزەکێکە و تەنیا 490 مەترە، بەڵام تەمەنی 4.5 ملیار ساڵە. 
 
مایک مۆریۆ، بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە لە ناسا گوتی "ئێمە كڵاوەکە لە دووریی سەدان هەزار کیلۆمەتر لە زەوی بەردەدەینەوە. دەبێت بکەوێتە ناوچەیەک لە بەرگەهەوا کە تەنیا سێ میل پانە. ئەگەر بە یاریی تۆپی پێی بچوێنین، وەک ئەوەیە لە زەوییەکی یاریی تۆپی پێ بە گەورەیی 120 هەزار یارد (100 هەزار و 133 مەتردووجا)، گوڵ بکەی."
 
ناردنی کەشتی ئاسمانیی ئۆسیریس رێکس بۆ نەیزەکی بێنوو، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری تێچووە و بە گەورەترین نموونەی نەیزەکێک دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا دەکەوێتە دەستی ناسا.
 
بەپێی زانایان، نموونەی وەرگیراو دەتوانێت پەردە لەسەر چۆنیێتیی دروستبوونی زەوی و دەستپێکی ژیان لەسەر زەوی ئاشکرابکات.