وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بۆ رووداو: دەبێت سوێد رێز لە دیموکراسییەکەمان بگرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ

23-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات.
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات.
نیشانەکردن نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بە رووداوی راگەیاند، مەرجی ئەوان بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ ئەوەیە کە دەبێت وڵاتە ئیسکەندەناڤییەکە "هەندێ رێز" بەرامبەر پەرلەمان، گەل و حکومەتی هەنگاری بنوێنێت. 
 
رۆژی هەینی، 22-9-2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بە دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت، "پەرلەمانتارانی هەنگاریا بە راستی سووکایەتییان پێ دەکرێت لە رێگەی ئەو راگەیێندراوانەوە کە لە سوێدەوە دێن کە باس لە شێوەی دیموکراسی پەرلەمان و سیستمی سیاسیی هەنگاریا دەکەن،" هەربۆیە پەرلەمانتارانی هەنگاری ویستی ئەوەیان نییە پرسی بەئەندامبوونی سوێد "بخەنە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە."
 
لە کۆی 31 ئەندامی ناتۆ، تەنیا هەنگاریا و تورکیا ماون لە پەرلەمانی وڵاتەکانیانەوە گڵۆپی سەوز بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانییەکە هەڵبکەن. 
 
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بە رووداوی گوت، حکومەتی وڵاتەکەیان رازییە بە پەسندکردنی داواکارییەکەی سوێد، بەڵام "ئەو بابەتە پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پەرلەمانتارانەوە هەیە." گوتیشی، "ئومێدەوارم سوێدییەکان رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەندێک رێز لە هەنگاریا و خەڵکی هەنگاریا و دیموکراسی هەنگاریا بگرن".
 
دوو هەفتە لەمەوبەر، میدیای هەنگاریا ڤیدیۆیەکی ساڵی 2019ی سوێدی دووبارە بڵاوکردەوە کە تێیدا هەنگاریا تۆمەتباردەکرێت بەوەی خەریکە دیموکراسی تێدا نامێنێت. 
 
یەکشەممەی رابردوو، لازلۆ کوڤێر، سەرۆکی پەرلەمانی هەنگاریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "هاوپەیمانێکمان ناوێ کە تفمان لێ دەکات".
 
هەروەها سیاریتۆ دوو هەفتە لەمەوبەر ئەو ڤیدیۆیەی وەکو بیانوویەک بەکارهێنا و لە نامەیەکدا بۆ هاوتا سوێدییەکەی نووسی کە "نابێت سەری سووڕ بمێنێت" ئەگەر پەرلەمانی هەنگاری داوای بەئەندامبوونەکەیان رەتبکاتەوە. 
 
سیارتۆ لە کاتی قسەکردنی بۆ روودایش جەختی کردەوە کە "ئەو پەرلەمانتارە هەنگاریانە کە چوار بۆ پێنج جار و شەش جار لە رکابەرایەتییە سیاسییە راستەقینەکان و بانگەشەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەنگی خەڵکی راستەقینەیان بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو تۆمەتەیان ئاراستە بکرێت کە ئەوە دیموکراسی نییە ئەوەی لە ماوەی 20 تاوەکو 25 ساڵی رابردوودا ئەوەیان کردووە، پێموایە ئەو کات دەبێت کەس تووشی سەرسوڕمان نەبێ کە ئەوە وەک سووکایەتی وەردەگرن."
 
دوای ئەوەی تەممووزی ئەمساڵ تورکیا دەستبەرداری دژایەتیکردنی بەئەندامبوونی سوێد بوو؛ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریاش رازی بوو کە داواکارییەکەی ستۆکهۆڵم پەسند بکات. بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ساردبوونەوەی خۆی لە هەنگاونان نیشاندا، ئەوەش لە ئەنجامی زنجیرەیەک رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتە ئیسکەندەناڤییەکە، لەوانەش لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا.
 
هەنگاریاش لە رابردوودا ڤیتۆی خۆی دژی گەورەبوونی ناتۆ و پرسەکانی دیکە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی سازش بە یەکێتیی ئەوروپا بکات. 
 
ڤیتۆی تورکیا و هەنگاریا وایکردووە کە لەم پڕۆسەی بەئەندامبوونەدا سوێد لە فینلاند داببڕێت، کە هەردووکیان پێکەوە لە ئایاری 2022، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، داواکارییان پێشكێشکرد. فینلاند نیسانی ئەمساڵ بووە ئەندام. 
 
 
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا
 
رووداو: مەرجتان چییە بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ 
 
پیتەر سیارتۆ: سەیربکە، هەندێک رێزگرتن لەلایەن سوێدەوە پێویستە. دەزانیت پەرلەمانتارانی هەنگاریا بە راستی سووکایەتییان پێ دەکرێت لە رێگەی ئەو راگەیێندراوانەوە کە لە سوێدەوە دێن کە باس لە شێوەی دیموکراسیی پەرلەمان و سیستمی سیاسیی هەنگاریا دەکەن. ئەو پەرلەمانتارە هەنگارییانە کە چوار بۆ پێنج جار و شەش جار لە رکابەرایەتییە سیاسییە راستەقینەکان و بانگەشەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەنگی خەڵکی راستەقینەیان بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو تۆمەتەیان ئاراستە بکرێت کە ئەوە دیموکراسی نییە ئەوەی لە ماوەی 20 تاوەکو 25 ساڵی رابردوودا کردوویانە، پێموایە ئەو کات دەبێت کەس تووشی سەرسوڕمان نەبێ کە ئەوە وەک سووکایەتی وەردەگرن. هەربۆیە ئەوان بەراستی ویستی ئەوەیان نییە ئەو بابەتە بخەنە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە. هەربۆیە هەندێک رێزگرتن هەبێت زۆر باش دەبێت.
 
رووداو: ئەگەر ئەوان مەرجەکانی ئێوەیان قبووڵ نەکرد، ئایا رێگە دەدەن سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ 
 
پیتەر سیارتۆ: سەیر بکە، ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە پەرلەمانتارانەوە هەیە. حکومەت هەر ئێستا پێشنیازی خۆی کردووە و پێشنیازەکەیشی داوەتە پەرلەمان کە پاڵپشتی لە بە ئەندامبوونەکە دەکات. هەربۆیە ئەو بابەتە پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پەرلەمانتارانەوە هەیە. ئومێدەوارم سوێدییەکان رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەندێک رێز لە هەنگاریا و خەڵکی هەنگاریا و دیموکراسی هەنگاریا بگرن.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.