لە نیپاڵ تۆمارکردنی ڤیدیۆی تیکتۆک لە پەرستگەکان قەدەخە دەکرێت

24-09-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
لە نیپاڵ تۆمارکردنی ڤیدیۆی تیکتۆک لە پەرستگەکان قەدەخە دەکرێت
لە نیپاڵ تۆمارکردنی ڤیدیۆی تیکتۆک لە پەرستگەکان قەدەخە دەکرێت
A+ A-

رووداو - هەولێر

پەرستگەی "بوودا ستووپا" کە لە کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵە و جێگەیەکی دڵخوازی بەکاربەرانی تیکتۆکە، بەڵام مانگێک زیاترە حکومەت تۆمارکردنی ڤیدیۆی تیکتۆکی لە پەرستگەکان قەدەخەکردووە. 
 
شیخار گارکی، تیکتۆکەر دەڵێت: "گوێم لێبووە، ئەوەتا لێرەدا نووسراوە ناتوانین ڤیدیۆی تیکتۆک بکەین، بەڵام من دژی ئەوەم. من هیچ حەزم بەم قەدەخەکردنە نییە، چونکە ڤیدیۆی تیکتۆک هۆکاری بەناوبانگ بوونی ئەم جێگەیانەیە، من ئەگەر بمەوێ سەردانی شوێنی نوێ بکەم، لە تیکتۆک سەیری دەکەم، پاشان دەچم".
 
بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، بەکاربەرانی تیکتۆک دیمەنی ناوچە گەشتیارییەکانیان ناشرینکردووە و پشێوییان تێدا دەنێنەوە.
 
خۆلما شێرپا، هاووڵاتیی نیپاڵی گوتی: "ئەم خەڵکانە پێیانوایە ئەگەر لە پەرستگە تیکتۆک بکەن بەناوبانگ دەبن. تەنیا دەیانەوێت سەرنجیان بکەوێتە سەر، بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە خەڵک چیان لەبارەوە دەڵێن".
 
لە زۆربەی پەرستگەکانی نیپاڵ، حکومەت پۆلیس و کامێرای چاودێری بۆ رێگریکردن لە تیکتۆکەرەکان داناوە، بەڵام وەک دیارە، بەکاربەرانی تیکتۆک گوێ بەو بڕیارەی حکومەت نادەن و ئەوەی بیانەوێت لە سەما و جووڵەی جۆراوجۆر تۆماری دەکەن.
 
رام پراساد، پۆلیس باسی لەوە کرد: "ئەو خەڵکەی دێنە ئێرە بۆ پەرستن، بەهۆی ئەوانەوە کە تیکتۆک دەکەن بێزار دەکرێن، بۆیە حکومەت تیکتۆکی قەدەخەکردووە".
 
تەنیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەکارهێنانی تیکتۆک لە نیپاڵ بۆ 55٪ی بەکاربەرانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و شارەزایانیش هۆشداری دەدەن: تیکتۆک منداڵ و مێرمنداڵ ئالوودە دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە