ئەو پیاوەی بانگەشەی دەکرد لە "عیسای مەسیح" دەچێت دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پیاوێکی خەڵکی سیبیریا کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد جێگرەوەی عیسای مەسیحە و خوا لەڕێگەی ئەوەوە پەیامی خۆی بە مرۆڤایەتی دەگەیێنێت لە رووسیا دەستگیرکرا.
 
سێرگی تۆرۆپ نزیکەی 30 ساڵە بانگەشە بۆ بیروڕاکەی دەکات، و بەشێک لە خەڵک باوەڕیان پێکردووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار شوێنەکەوتووی هەیە. چیرۆکی بوونە پێغەمبەری تۆرۆپ لە ساڵی 1989وە دەستپێدەکات کاتێک لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و ماوەیەک بێکار دەبێت. تۆرۆپ رۆژێک لە خەو هەڵدەستێت و دەڵێت، ئەو جارێکی دیکە لەدایکبووە و لەلایەن خواوە سرووشی بۆ هاتووە کە ئەو جێگرەوەی پێغەمبەر عیسای مەسیحە.
 
تۆرۆپ لە ساڵی 1995 بە فەرمی کۆمەڵەیەک بە ناوی "کەنسیەی پەیمانی گەورە" پێکدەهێنێت. شوێنەکەوتووانی پەیڕەوی چەند بنەمایەک دەکەن، وەکو نەخوادنی گۆشت، نەکێشانی جگەرە، نەخواردنەوەی ماددە کحولییەکان و قومارکردن. 
 
تۆرۆپ دەیویست لەڕێگەی گوتارەکانیەوە هەموو ئایینە جیاوازەکان لە جیهاندا لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، ئەو کارەی بووە جێی رەخنەی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکستی رووسی و سکاڵایان لەسەر گرووپەکەی تۆرۆپ تۆمارکرد.
 
ژمارەی شوێنکەوتووانی تۆرۆپ لە زیادبووندا بوون، بەڵام حکومەتی رووسیا رێگەی بە گەشەی زیاتری گرووپەکە نەدا، و رۆژی 22-09-2020 هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە هێلیکۆپتەر و چەکدار هەڵیانکوتایە سەر گرووپەکە و تۆرۆپیان دەستگیرکرد. لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تۆرۆپیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە فێڵی لە خەڵک کردووە و بە ناوی ئایینەوە پارەی لێوەرگرتوون. 

 

 
پێشتر لە ساڵی 2002 تۆرۆپ قسەی بۆ ماڵپەری گاردیانی بەریتانی کردووە و گوتوویەتی، "من خوا نیم، ئەوە هەڵەیە کە بڵێن عیسا خوایە، بەڵام من قسەیەکی زیندووی خوام. خوا هەرچییەکی بوێت بیڵێت، لەڕێگەی منەوە دەیڵێت".
 
تۆرۆپ بەهۆی بیروباوەڕە جیاوازەکانیەوە چەند ساڵێکە لە خێزانی یەکەمی جیابووەتەوە، ئێستا لەگەڵ کچێکی 19 ساڵان هاوسەرگیری کردووە کە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لەگەڵ خۆیدا گەورەی کردووە.