جەنەراڵێکی رووسی: هەموو ئەو مووشەکانەی لە قەفقاز نمایشکراون، بەبێ هەڵە ئامانجی خۆیان پێکاوە

 
رووداو - رووسیا 

تیمی رووداو چووە پارێزگای ئەستراخانە لە هەرێمی قەفقاز لە رووسیا، کە مانۆڕێکی سەربازی لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە تێیدا بەڕێوەچوو. ئەو چەک و تەکنەلۆژیا سەربازییانەی لەو مانۆڕەدا بەشدارییان پێ کراوە بریتین لە سیستەمی مووشەکی ئێس 400، سیستەمی مووشەکی بۆک ئێم دوو، فڕۆکەی جەنگیی سو 30 ئێس و ئێم، سو 35 و چەندین تەکنەلۆژیا و چەکی دیکەی پێشکەوتوو کە رووسیا بەرهەمیهێناون.
 
لە رۆژی یەکەمی مانۆڕ و نمایشە سەربازییەکە، بەرپرسانی سەربازیی رووسیا رایانگەیاند کە هەموو چالاکییەکان ئامانجی خۆیان پێکاوە بەبێ هیچ هەڵەیەک.
 
میخایل ڤاسیلییەڤیچ، بەرپرسی بەشی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانیی هەرێمی کریم دەڵێت "لە چوارچێوەی راهێنان و نمایشەکەدا ئامانجە سەرەکییەکە هێرشکردن بوو لە رێگەی مووشەکەوە، هەروەها بەرگریکردن کاتێک کە بە مووشەک هێرشمان دەکرێتەسەر، ئەو مووشەکانەمان بەکارهێنا کە دژی فڕۆکە بەکاردەهێنرێن، بەگشتی هەموو رادارە سەربازییەکان توانییان بە شێوەیەکی زۆر باش جووڵە و ئامانجەکان ئاشکرا بکەن، سیستەمی مووشەکی ئێس 400 توانیی سەرجەم ئەو جووڵە و هێرشانەی دەکرێنەسەری ئاشکرا بکات و رووبەڕوویان ببێتەوە".
 
سیستەمی مووشەکی ئێس 400 لە بازاڕی چەکی رووسیادا بازاڕی گەرمە و خواستی زۆری کڕینی لەسەرە لەلایەن وڵاتانەوە، هەروەها مووشەکی مامناوەند و کورت مەودای میشێن و چەندین مووشەکی دیکەی لەو جۆرە کە رووبەڕووبوونەوە و رێگریکردن لێیان لە پێکانی ئامانجەکەیان ئەستەمە. دوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا پەیوەست بە بەرهەمنەهێنانی ئەو جۆرە مووشەکانە، ئێستا رووسیا برەوی زیاتریان پێدەدات، چونکە ئەو جۆرە مووشەکانە ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی رووسیا جێگیریان کردوون.
 
ئەلێکسێی ڤلادیمیرۆڤیچ، جەنەراڵ لە هێزی ئاسمانیی رووسیا، دەڵێت "لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی تیپەکانی قەفقاز 2020، هەریەکە لە هێزی ئاسمانی و سیستەمی رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان ئامانجی خۆیان بە تەواوی پێکا و سەرکەوتووبوون، ئەوەش زیاتر مەبەست لێی تاقیکردنەوەی هێزی بەرگریی سوپای هەرێمی قەفقاز بوو".
 
هەموو ساڵێک رووسیا چەندین مانۆڕی سەربازی ئەنجامدەدات لە هەرێم و ناوچە جیاوازەکان بەهۆی گەورەیی و زۆریی چەکی سوپای رووسیا. ئەو مانۆڕانە لە هەر هەرێمێک لە کات و شوێنی جیاوازدا و بە چەند قۆناخێک بەڕێوەدەچن. مانۆڕی سەربازیی قەفقاز 2020، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت کە نمایشی هەریەکە لە هێزی ئاسمانی، وشکانی و دەریایی رووسیا لەخۆدەگرێت.