لیزا گراندی: كاتی ئەوەیە جیهان پاڵپشتی عێراق و كوردستان بێت

23-09-2016
مه‌جید نیزامه‌دین گلی
لیزا گراندی و مەجید نیزامەدین گلی
لیزا گراندی و مەجید نیزامەدین گلی
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-

رووداو - نیویۆرک

لیزا گراندی، بەرپرسی بەرنامە مرۆییەکانی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی شەڕی موسڵ و پێشوازیكردن لە ئاوارەكان رایگەیاند ئێستا بۆ دەستپێكردنی شەڕەكە ئامادەنین.

لەبارەی پێشكەشكردنی هاوكاری بە كوردستان و عێراق ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند "پێویستە جیهان ئاگاداری ئەوەبێت خەڵکی عێراق و کوردستان لە بەرەکانی پێشەوی شەڕن لە دژی داعش، ئەوان لەجیاتی هەموو جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  ئەو شەڕە دەکەن، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی خەڵکی عێراق و کوردستان بێت و لەگەڵیان بێت".

رووداو: ئەگەر ئێستا  ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەستپێبکات، تاوەكو چەند تیمەکانی ئێوە ئامادەن لە ناوچەکەدا؟

لیزا گراندی: پێویستمان بە هاوکاریی داراییە بۆ ئەوەی ئامادەبین بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ئەگەر ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئێستا دەستپێبکات، ئێمە ئامادە نین، ئەگەر بێت ئەو هاوکاریانەی بەڵێنمان پێدرابوو پێمان گەیشتبان، رەنگە دەرفەتێکمان بۆ ئامادەبوون هەبووایە، ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی کاری لەپێشنیە کردووە، گرنگترین شتیش کە پێویستە بکرێت، دروستکردنی کەمپێکی فریاکەوتنە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانەی لە موسڵ رادەکەن، بتوانن بچنە ئەو کەمپە.

هەروەها دەبێت دڵنیابین لەوەی لە کەمپەکەدا توالێت، گەرما، خواردن، پێداویستی پزیشکی و پێداویستییە سەرەتاییەکان هەن بۆ ئەو خەڵکانەی لە موسڵ رادەکەن كە ماوەیەکی زۆر لەژێر دەستی داعش ژیاون، ئەوانە شتە پێویستەكانن. ئەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری رێککەوتووین، بریتییە لەوەی ژمارەیەک لە وڵاتان رایانگەیاندووە ئێستا کاتی ئەوەیە پشتیوانی خەڵکی عێراق بکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە دەبێت بەخشندەبین و ئامادەکاری بکەین بۆ رووداوەکانی موسڵ.

رووداو  تۆ دەڵێیت تائێستا ئامادەکارییەکان بۆ دروستكردنی کەمپەکان تەواونەكراون، ئایا ئەمە شتێکی دروستە؟

لیزا گراندی: هەندێک کەمپ هەن كە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دروستی كردوون، کەمپی دیکەش دروست دەکرێن، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەندێک کەمپیان دروستکردوون، بڕیارە چەندین کەمپی فریاکەتنیش دروست بکات. بە بۆچوونی من گرنگترین خاڵ لەبارەی موسڵ ئەوەیە، هێزمان چڕبکەینەوە لەوەی ئایە باسی چی دەکەین و سینارۆیۆکان چین؟ خراپترین دۆخیش ئەوەیە رەنگە ملیۆنان خەڵک لە شارەکە رابکەن، بۆیە پرسیارەکە لەسەر چەند کەمپێک نییە، بەڵکو ئەوەی ئێمە قسەی لەبارەوە دەکەین ئەوەیە، پێویستە ژمارەیەکی زۆر کەمپ یان بە سەدان کەمپی دیکە زۆر بە خێرایی دروست بکرێن، چونکە هەموومان دەزانین دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەكە نزیکە و لە چەند هەفەتەی داهاتوودا دەستپێدەکات.

رووداو: پێشبینی دەکەی لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ چەند کەس رابکات، چەند لەو کەسانەش روو لە هەرێمی کوردستان بکەن؟

لیزا گراندی: پرسیار لەبارەی ئەوەی چەند کەس لەو شارە رادەکەن زیاتر پەیوەستە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، چونکە رەنگە خەڵکەکە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەست بە پارێزراوی بکەن و لە شارەکەدا بمێننەوە، یاخود بژاردەی راکردن هەڵدەبژێرن لە پێناو سەلامەتییان، بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی پێشبینی دەکرێت رابکەن، پەیوەستە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، رێکخراوە مرۆییەکان هەمیشە خۆیان بۆ خراپترین کەیس ئامادەدەکەن.

رووداو: خراپترین کەیس چییە؟

لیزا گراندی: خراپترین کەیس ئەوەیە ملیۆنێک و 200 هەزار كەس، یان ملیۆنێک و 500 هەزار كەس لە موسڵ رابکەن، پێشبینی دەکەم لەو ملیۆن و 500 هەزار کەسە، نزیكەی 700 هەزار کەس پێویستیان بە پانەگە هەبێت، تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە ئەو کەسانە لە شوێنەکانی دەوروبەردا بمێننەوە، وەک لە زوممار و رەبیعە و ئەو ناوچانە، هەروەها پێشبینیش دەکەین ژمارەیەکی زۆر خەڵک رەنگە 350 هەزار كەس روو لەو ناوچانە بکەن کە تازە ئازادکراون، هەندێکیشیان روو لە سەڵاحەدین بکەن، سەبارەت بە ژمارەی ئەو خەڵکانەی روو لە کوردستان دەکەن، بەگوێرەی پلانەکە پەیوەستە بەوەی چەندیان لە ناوچانەی باسمکرد دەمێننەوە، هەروەها ئەوانەش  کە روو لە باشووری تورکیا دەکەن.

رووداو: ئایە چەند کەس روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک هەولێر، سلێمانی و دهۆک، هیچ ژمارەیەکی خەمڵێندراوت بۆ ئەمە هەیە؟

لیزا گراندی: بە بۆچوونی من ئەوان لە چوارچێوەی پلانەکەدا دەمێننەوە، یانیش روو لە سەڵاحەدین دەکەن، ئەوەش پلانەکەیە.

رووداو: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چی بکات بۆ خۆئامادەکردن لەبارەی کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ؟

لیزا گراندی: لەوەتەی داعش پەیدابووە هەرێمی کوردستان زۆر بەخشندە بووە، پێشوازی لە زۆر ئاوارەی عێراقی کردووە، پێویستە دڵنیابین لەوەی ئەو خەڵکانە پارێزراون و هەروەها هاوکارییان پێشکەش دەکرێت، ئەوەش دەزانین ئەوە بەشێکە لە کولتوور و عاداتی کوردستان، یەکێک لەو خاڵانەی منیش لە کۆبوونەوە باڵاکەدا ئاماژەم پێدا، ئەوەبوو رێژەی هەژاری لە کوردستان دوو هێندە بووە، چونکە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان ماڵەکانیان بۆ ئەو ئاوارانە واڵاکردووە و پێشوازییان لێکردوون، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئەوان دەبێت.

سەبارەت بەوەی ئێستا کوردستان چی دەکات یان پێویستە چی بکات، ئەوان پلانێکی زۆر دروست و ژیرانەیان هەیە کە پلانەکەش گرنگی داوە بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی هاوکاری بە ئاوارەکان، یەکێک لەو خاڵانەی هەموومان باسمان لێوە کرد، ئەو خێزانانە بوو کە لە نزیک موسڵ دەژین، ئەویش بەوەی ئەو خێزانانە دەتوانن بە زووترین کات دوای تێکشکاندنی داعش خانوو و ماڵەکانیان دەستبکەوێتەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، باشترین هاوکاریش بۆ ئەو خێزانانە، بوونی کەمپی فریاکەوتنە پێداویستییەکانی تێدا فەراهەم کرابێت، لە نزیکترین شوێنی سەلامەت لە موسڵ.

رووداو: سەلامەتی یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان، دەتوانی پێمبڵێت کێ سەلامەتی ئاسایشی ئەو کەمپانە لەئەستۆ دەگرێت، بەتایبەتیش لە نەینەوا و کەمپەکانی نزیک موسڵ، وەک زوممار، هیچ پلانێک بۆ ئەم مەبەستە هەیە؟

لیزا گراندی: ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، چونکە ئەو خەڵکانەی ئاوارە دەبن، دەبێت هەست بکەن لە شوێنێکی پارێزراون، هەموو ئەو کەمپانەی دروستکراون لەلایەن هێزەکانی حکومەتی هەرێم و هەروەها پێشمەرگە پارێزراون. بۆ نموونە لە پلانەکەی ئێمە ئەو ناوچانەی کە لە سنووری هەولێرن، ئەم پرسە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین چ شوێنێک پارێزراوە، ئەوکاتە هێزە ئەمنییەکان بۆچوونی خۆیان بە ئێمە دەدەن و باشترین شوێنەکانمان بۆ دەستنیشان دەکەن، دوای ئەوەش ئێمە سەردانی شوێنەکە دەکەین و خوێندنەوەی خۆمانی بۆ دەکەین.

رووداو: وڵاتان پارە دەبەخشن، راشکاوانە کام وڵات زۆرترین هاوکاری دارایی پێشکەشکردووە؟

لیزا گراندی: ئەمریکا، حکومەتی ئەمریکا بۆچوونی وایە هاوکارییە مرۆییەکان زۆر گرنگن بۆ عێراق، هەروەها ئەوان زۆر دەستکراوە بوون لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە رابردووشدا بەتایبەتی لەبارەی هاوکارییەکان بۆ دۆخە بەپەلەکان هاوکارێکی باش بوون، بەڵام  ئێمە پێویستمان بە هاوکاری زیاترە و پێویستە وڵاتانی دیکەش هاوکاری پێشکەش بکەن. بەدەر لە ئەمریکا وڵاتانی ئەوروپیش هاوکاری باشیان پێشکەشکردووە، وەک ئەڵمانیا، هەروەها بەریتانیا کە مانگی تەمموز لە کۆنفرانسی واشتن بەڵێنی پێشكەشكردنی هاوكاری راگەیاند، ئەمڕۆش رایانگەیاند هاوکاری دیکە پێشکەش دەکەن.

رووداو: بەڵام هێشتا ئەوە بەس نییە؟

لیزا گراندی: بەڵێ، هێشتا ئەوە بەس نییە، چونكە ئەگەر هاوکارییەکان نەگەن، ئێمە ناتوانین بەباشی ئامادەکارییەکان بکەین، بەڵام زۆر دڵخۆشین وڵاتان ئەو هەنگاوەیان ناوە، هەروەها پێویستە جیهان ئاگاداری ئەوەبێت خەڵکی عێراق و کوردستان لە بەرەکانی پێشەوی شەڕن لە دژی داعش، ئەوان لەجیاتی هەموو جیهان ئەو شەڕە دەکەن، لەجیاتی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەماندا رامانگەیاند ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی خەڵکی عێراق و کوردستان بێت و لەگەڵیان بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە