رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس بە فەرمی بەربژێربوونی پارتی دیموکراتەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵکرد و رایگەیاند، هەوڵدەدات بەزووترین کات ئاگربەست لە غەززە بەدەست بهێنێت، هەروەها پاڵپشتی ئۆکراینا دەکات. گوتیشی: "ماستاو" بۆ دیکتاتۆرەکان ناکات.
شەوی پێنجشەممە بەکاتی ئەمریکا (بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر) کامالا هاریس، لە چوارەم و دوایین رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ، بە فەرمی بەربژێربوونی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای قبووڵ کرد و لە گوتارێکیشیدا باسی لە پلان و سیاسەتەکانی کرد لە ئەگەری دەرچوونی لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤێپبەری ئەمساڵدا.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، هاریس بەڵێنی یەکخستنەوەی کۆمەڵگەی ئەمریکای دا، کە بەهۆی ململانێی حیزیبییەوە دابەشبوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، گوتی، "بەڵێن بێت سەرۆکێک بم هەوڵی یەکخستنەوە بدەم بۆ گەیشتن بە ئامانجە هەرە بەرزەکان و سەرۆکی هەموو ئەمریکییەک دەبم."
کامالا هاریس باسی جەنگی غەززەی کرد و رایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست بەدەست بهێنین." راشیگەیاند، شان بە شانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کار دەکەن بۆ "کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و پاراستنی ئیسرائیل و ئازادکردنی بارمتەکان. لە بەرامبەریشدا، کۆتایی بە نەهامەتییەکانی غەززە بهێندرێت، تاوەکو خەڵکی فەلەستینیش ژیانێکی شەرفمەندانە و ئازادانە بژین و بتوانن مافی چارەی خۆنووسینیان هەبێت."
وێنە: کامالا هاریس بە فەرمی بەربژێرکردنی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵکرد و کۆتایی بە کۆنگرەی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ هێنا
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 23, 2024
هاریس بەڵێنی دا رێگەیەکی نوێ بۆ سەرکەوتنی ئەمریکا بدۆزێتەوە و سەرۆکی هەمووان بێت
وێنە: AFP pic.twitter.com/yPH1SUbYcY
هێرش بۆ سەر ترەمپ
هاریس هێرشی تووندی کردە سەر ترەمپی رکابەری و رایگەیاند: "دەزانن گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ چۆن دەبێت. ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی نیشتمانەکەمان، بیهێننە پێش چاوی خۆت ترەمپ بێ هیچ سنوورێک، چۆن دەسەڵاتە فراوانەکەی سەرۆکایەتی بەکاردەهێنێت نەک تەنیا بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی ئەمریکا، بەڵام تەنیا خزمەتی یەک تاکە کەس دەکات، ئەویش خۆیەتی."
هاریس هەر لەبارەی ترەمپەوە گوتی: "دیکتاتۆرەکان ئێستا حەز دەکەن ترەمپ بیباتەوە، لەبەرئەوەی دەزانن چەند ئاسانە، دەتوانن یاریی پێ بکەن و دەزانن ترەمپ ناتوانێت لێپێچینەوە لە خۆسەپێنەرەکان بکات، لەبەرئەوەی خۆیشی دەیەوێت ببێتە خۆسەپێن. لە زۆر رووەوە ترەمپ کەسێکی جیدی نییە، بەڵام گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، پرسێک و دەرئەنجامێکی مەترسیداری دەبێت."
دوای قسەکانی، دۆناڵد ترەمپ لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامی قسەکانی هاریسی دایەوە، وادیار بوو لە یەکەم خولەکەوە چاودێریی گوتارەکە دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بەناوی Truth، پۆستی زۆری لەبارەی قسەکانەوە کردووە. لە یەکەم ساتدا نووسی، "ئەو هەموو سوپاسە بەسەر یەکەوە چییە [کە هاریس دەیڵێت] ئەوە کامالا کێشەی چییە؟"
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی، ئەگەر کامالا ئەوەندە گلەیی دەکات، بۆچی خۆی هیچی نەکردووە لەسەر ئەو شتانەی گلەییان لێدەکات؟
هەروەها لەبارەی جەنگی دوو ساڵ و نیوی ئۆکراینا و رووسیا، بەربژێری دیموکراتەکان رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و هاوپەیمانی ناتۆ و بەڵێنی دا "وەکو سەرۆک بە بەهێزیی پشتگیریی لە ئۆکراینا و هاوپەیمانیی ناتۆ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ