لە فێستیڤاڵێکدا لە ئەڵمانیا سێ کەس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکدا لە رۆژئاوای وڵاتەکەیان کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووە سەر خەڵک و 3 کەسی کوشتووە و 4 کەسی دیکەشی بریندار کردووە.  
 
رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری زۆلینگن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووە. 
 
رووداوەکە کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو بەکاتی ئەڵمانیا [کاژێر 9:00 بەکاتی هەولێر] روویداوە. 
 
بە گوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، هێرشکارەکە دوای ئەوەی 3 کەسی کوشتووە و 4 کەسی دیکەی بریندار کردووە، رایکردووە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە. 
 
میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، هێرشکارەکە بەهەڕەمەکی چەقۆی لە خەڵک وەشاندووە و بەشێک لە بریندارەکان چەقۆ بەر ملیان کەوتووە. 
 
فێستیڤاڵەکە لە رۆژی هەینی دەستیپێکرد و پلانەکە بەو جۆرە بوو 3 رۆژ بخایەنێت و پێشبینی بەشداریکردنی زیاتر لە 70 هەزار کەسی بۆ دەکرا، بەڵام بەهۆی هێرشەکەوە داوا لە خەڵک کرا شوێنی فێستیڤاڵەکە جێبهێڵن. 
 
زۆلینگن دەکەوێت رۆژئاوای ئەڵمانیا، دراوسێی هەریەکە لە شارەکانی دووسڵدۆرف و کۆڵنە و نزیکەی 150 هەزار کەسی تێدا دەژیت. 
 
دوایین جار هێرشی چەقۆ لە ئەڵمانیا روویدابێت لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەم ساڵ بوو، کاتێک کەسێک لە شاری مانهایم لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ئەفسەرێکی پۆلیسی کوشت و پێنج کەسی دیکەی بریندار کرد.