رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات وەک دووەمین وڵات لە جیهان لە دوای چین، رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی باڵیۆزێکی حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان دەربڕی. ئیمارات دەڵێت، دەیانەوێت پردێک دروستبکەن و یارمەتیی مرۆیی ئەو وڵاتە بدەن.
رۆژی هەینی 23-08-2024، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند: "مەولەوی بەدرەدین حەقانی، وەکو باڵیۆزی تاڵیبان لە ئیمارات دەستبەکار دەبێت و ئەمڕۆ لە ئەبوو زەبی پێشوازی لێکرا."
حکومەتی ئیمارات رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت پردێک دروستبکەن و یارمەتیی ئەفغانییەکان بدەن.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی: "ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی گۆڕانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیمارات."
کێربی گوتیشی: "هەموو وڵاتێک پێویستە بڕیاری خۆی لەبارەی دیپلۆماسییەتی خۆیەوە هەبێت."
دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان لە ساڵی 2021 حکومەتیان دەرکرد و خۆیان دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەمریکاش لە وڵاتەکە کشایەوە؛ ئیمارات لە رێگەی کۆمپانیای (گاک - GAAC)ـەوە ئەرکی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی ئەفغانستانی گرتەدەست.
بەهۆی حکومەتی تاڵیبانەوە، ئەفغانستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دابڕاوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێدا نەناوە.
بەرپرسێکی ناونەهێندراوی ئیمارات رایگەیاند: "هەموو جیهان ئاگاداری ئەو ئاڵنگارییانەیە کە ئەفغانییەکان دووچاری دەبنەوە. بڕیاری قبووڵکردنی باڵیۆزی تاڵیبان لە ئیمارات، دەرخەری ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت پردێک بۆ یارمەتیدانی ئەفغانییەکان دروستبکەین."
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە دیپلۆماسییە، ئیمارات دەیەوێت لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکی برەودان و بنیادنان، یارمەتیی مرۆیی بگەیێنێتە ئەو وڵاتە و سەقامگیریی هەرێمی زیاد بکات.
هەفتەی رابردوو، حەسەن ئاخوند، سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان لە نەخۆشخانەیەکی ئیماراتدا چارەسەری وەردەگرت و شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات سەردانی کرد.
حکومەتی تاڵیبان ئێستا باڵیۆزێکی لە چین و یەکێکیشی لە ئیمارات هەیە؛ حکومەتەکە هەروەها نێردەی دیپلۆماسیی بۆ هەریەک لە ئێران، پاکستان، ئۆزبەکستان، تورکمەنستان و کازاخستان ناردووە.
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، نیکاراگوا بڕیاریدا باڵیۆزخانەیەکی ئەفغانی لە وڵاتەکەی بکاتەوە بەڵام بەبێ ئەوەی باڵیۆزی تێدابێت؛ بەڵکو باڵیۆزەکە لە ئەفغانستانەوە کارەکان دەکات و جار جار سەردانی وڵاتەکە دەکات.
هەر لە مانگی حوزەیران، سەرۆکی ئیمارات پێشوازی لە سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان کرد. حەقانی لەلایەن ئەمریکاوە داواکراوە و خەڵاتی ئاشکراکردنی شوێنی 10 ملیۆن دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ