رۆبەرت کێنێدی لە کێبڕكێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات، تاکە بەربژێری سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەمریکا واز لە رکابەرایەتی دەهێنێت و پشتگیریی لە ترەمپ دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە: "رۆبەرت کێنێدی، بەربژێری سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەمریکا، رۆژی هەینی لەگەڵ ترەمپ دەردەکەوێت و گوتارێک پێشکێش دەکات."
بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، بڕیارە لە شاری فینیکس لە ویلایەتی ئاریزۆنا، کێنێدی وازهێنانی خۆی لە رکابەرایەتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پشتگیریی خۆی بۆ ترەمپ رابگەیێنێت.
دەنگۆی وازهێنانی کێنێدی لە میدیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە بەربژێرە سەربەخۆکە رایگەیاند: "لەبارەی ساتی ئێستای گرنگی ئەمریکا و داهاتووی خۆم لە ئاریزۆنا گوتارێک پێشکێش دەکەم."
راپرسییەکان دەریدەخەن ئەوانەی لایەنگری ترەمپن زیاتر لە لایەنگرانی دیموکراتەکان پشتگیریی لە کێنێدی دەکەن. بەگوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی هەواڵیی ئێن بی سی، 33٪ـی لایەنگرانی ترەمپ بە ئەرێنییەوە لە کێنێدی دەڕوانن، لە کاتێکدا 15٪ـی لایەنگرانی بایدن و هاریس هەمان بۆچوونیان هەیە.
هەفتەی رابردوو، نیکۆل شانهان، جێگری رۆبەرت کێنێدی لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، رۆبەرت بیر لە کشانەوە دەکاتەوە، چونکە ئەگەر نەکشێتەوە، مەترسی هەیە کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بیباتەوە.
هەروەها لە هەڤپەیڤینێکی رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپی کۆماری رایگەیاند، ئەگەر بیباتەوە ئامادەیە پۆستێکی حوکمی بداتە کێنێدی. ترەمپ گوتی: "ئەوم خۆشدەوێت و رێزی لێدەگرم. ئەو کەسێکی زیرەکە و ماوەیەکی زۆرە دەیناسم."
رۆبەرت فرانسز کێنێدی جونیەر کوڕی رۆبەرت فرانسز کێنێدییە کە لە ساڵی 1965 تاوەکو 1968 سیناتۆری نیویۆرک بوو. باوکی رۆبەرت لە 05-06-1968 لەلایەن پیاوێکی ئوردنی-فەلەستینی بەناوی سەرحان سەرحان تەقەی لێکرا و کوژرا. رۆبەرتی کوڕ هەروەها برازای جۆن کێنێدییە کە لە ساڵی 1961 تاوەکو 1963 سەرۆکی ئەمریکا بوو، جۆن کێنێدی لە 22-11-1963 لە شاری دالاس لە ویلایەتی تێکساس تەقەی لێکرا و کوژرا.