تەرمی کۆچبەرێکی دیکە لەنێوان بۆسنیا و سڕبیا دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەنجامی نووقمبوونی بەلەمەکەیان لە رووبارێکی نێوان سڕبیا و بۆسنیا خنکان، گەیشتە 11 کەس کە یەکێکیان عێراقییە. 
 
رۆژی پێنجشەممە تەرمی 10 لەو کۆچبەرانە دۆزرایەوە. ئیڤیکا داسیچ، وەزیری ناوخۆی سڕبیا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە کەناری رووباری درینا لەدیوی بۆسنیا تەرمی کۆچبەرێکی دیکە دۆزرایەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسی وڵاتەکەی پێیوایە هیچ کۆچبەری دیکەی رووداوەکە نەماوە تەرمی نەدۆزرابێتەوە. 
 
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی سڕبیا، یەکێک لەو کۆچبەرانەی خنکاوە عێراقی، هەشتیان سووریایی و دووانەکەی دیکەیان میسرین. 
 
بەلەمەکە رۆژی پێنجشەممە لە رووباری درینا نوقمبوو. هەمان رۆژ تەرمی 10 کەسیان دۆزرایەوە، لە نێویاندا دایکێک و منداڵێکی ساوای. پۆلیسی سڕبیا رایگەیاند،  18 کەس رزگاریان بووە. 
 
داسیچ ئاماژەی بەوە شکرد، دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو قاچاخچییانەدان کە گەشتەیان رێکخستبوو. 
 
ڤلادان رانکیچ، سەرۆکی تیمی گەڕان و فریاکەوتن کە لەنێو رووبارەکەدا بە دوای تەرمی کۆچبەراندا دەگەڕان، باس لەوە دەکات، پەڕینەوە لە رووبارەکە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئاستی ئاوەکەی زوو زوو بەرزدەبێتەوە، لەبەرئەوەی دوو وێستگەی کارۆئاوی لەو نزیکانەدا هەن. 
 
کۆچبەران رێگەی وشکانیی بەڵقان بەکاردێنن بۆ ئەوەی بگەنە رۆژئاوای ئەورووپا؛ لە سڕبیاوە دەچن بۆ بولگاریا یان مەسەدۆنیای باکوور و لەوێوە دەچن بۆ هەنگاریا، کرواتیا یان بۆسنیا. 
 
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سڕبیاوە دەڕۆنە رۆژئاوای ئەورووپا لەم ساڵانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، بە گوتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، 10 هەزار و 389 کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە، واتە بەراورد بە پار ژمارەیان 70٪ کەمبووەتەوە.