چەند پاسەوانێک لە گرتووخانەیەکی رووسیا لەلایەن چوار زیندانییەوە بە بارمتە گیران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گرتووخانەیەکی باشووری رووسیا، 4 زیندانی کە خۆیان بە ئەندامی داعش ناساند، ژمارەیەک پاسەوانیان بە بارمتە گرت. 
 
رۆژی هەینی 23-08-2024، پاسەوانی نیشتمانیی رووسیا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی چەند کەسێک لە گرتووخانەیەکی هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە باشووری رووسیا لەلایەن 4 زیندانییەوە بە بارمتە گیران، هەر چواریان بە نیشانەشکێن کوژران". 
 
پاسەوانی نیشتمانیی رووسیا هیچ زانیارییەکی لەبارەی ژمارەی بارمتەگیراوەکان ئاشکرا نەکرد. بەگوێرەی میدیای رووسیا، زیندانییەکان بە چەقۆ هێرشیانکردووە و خۆیان وەک ئەندامی رێکخراوی داعش ناساندووە.
 
لە ڤیدیۆیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، چەند کەسێک چەقۆیان بەدەستەوەیە و جلی زیندانییان لەبەردایە. ئەوەی ڤیدیۆکە تۆمار دەکات، هاوار دەکات، "بەناوی خودا، سوپاس بۆ خودا، ئێمە موجاهیدی دەوڵەتی ئیسلامین". پاسەوانێک لەسەر زەوییەکە خوێن لە سەر و ملی دەردەکەوێت و زیندانییەکە ڤیدیۆی دەکات و پێی دەڵێت: "بێ باوەڕ، رووسییەکان لە هەموو شوێنێک موسڵمانەکان دەچەوسێننەوە".  
 
ئەو کەسەی ڤیدیۆکە دەکات دەڵێت، "کۆنترۆڵی گرتووخانەی IK-19ـمان لە شارۆچکەی سورۆڤیکینۆ لە باشووری رووسیا کردووە."
 
زیندانییەکی دیکە بە چەقۆوە دەردەکەوێت کە پاسەوانێکی لەسەر چۆک دانیشاندووە و چەند پاسەوانێکیش لەلایەکی دیکەی ژوورەکە کەوتوون. تاوەکو ئێستا بە فەرمی ژمارەی پاسەوانە کوژراو و بریندارەکانی ئەو رووداوە دیار نییە. 
 
ئاندرێ بۆچارۆڤ، پارێزگاری هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند، "بەداخەوە، چەند پاسەوانێک بە دەستی تاوانبارەکان کوژراون". بۆچارۆڤ ئاماژەی بە ژمارەیان نەکردووە.
 
میدیای رووسیا دەڵێت، هەر چوار زیندانییەکە خەڵکی تاجیکستان و ئوزبەکستانن، سێ کەسیان بە تاوانی مادەی هۆشبەر و ئەوی دیکەیان بە تاوانی کوشتن زیندانیکرابوون.