دۆناڵد ترەمپ بە 40 پۆست وەڵامی کامالا هاریسی دایەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی کامالا هاریس دوایین گوتاری لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەی پێشکێشکرد و بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پەسندکرد، دۆناڵد ترەمپ 40 پۆستی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کرد و بە هاریسی گوت، گلەیی و گازەندەی زۆر دەکات.
 
شەوی پێنجشەممە 22-08-2024 [بەرەبەیانی هەینی بە کاتی هەولێر] کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە دوایین رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان، بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پەسندکرد و گوتاری کۆتایی پێشکێشکرد. 
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماری، 40 پۆستی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیەڵ) کرد و وەڵامی هاریسی دایەوە. ترەمپ وەڵامی هەموو ئەو تەوەرانەی داوەتەوە کە هاریس باسی لێوەکردن.
 
ترەمپ نووسیویەتی، "3 ساڵ و نیوە کامالا هاریس جگە لە قسە، هیچی دیکەی نەکردووە؛ ئێستاش هەمان شت دەکات. ئەو گلەیی لە هەموو شتێک دەکات و هیچیش ناکات."
 
کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکایە و مانگی رابردوو لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لێکرا بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە پارتی دیموکرات بەربژێر بکات، ئەوەش دوای ئەوەی بایدن بەهۆی گوشاری ئەندامانی پارتەکەی بەهۆی نیگەرانییەکانی تەمەن و تەندروستی کشایەوە.
 
ترەمپ هەروەها دەنووسێت، "پێویستە کامالا واز لە گوتارەکانی بهێنێت و بچێتەوە واشنتن دی سی، سنوور دابخات، لە پێنسلڤانیا رێگە بە دەرهێنانی نەوت بدات و کار لەسەر ئەو شتانە بکات کە خۆی گلەییان لێدەکات."
 
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکیشدا لەبارەی هاریس گوتی، "4 بۆ 5 مانگی ماوە. باشتر وایە بچێتەوە کۆشکی سپی و واز لەو هەموو گلەیی و گازەندانە بهێنێت و دەست بە کارکردن بکات."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 05-11-2024 بکرێت و رکابەرایەتی لەنێوان ترەمپ و هاریسە.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت کامالا هاریس 48.4٪ و ترەمپیش 46.9٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی رووداوەکە لە شاری زۆولینگن

لە فێستیڤاڵێکدا لە ئەڵمانیا سێ کەس کوژران

رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری زۆلینگن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردووە.