مۆدی لە ئۆکراینایە؛ لەگەڵ زیلینسکی باس لە ئاگربەست دەکەن

23-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان گەیشتە کیڤێی پایتەختی ئۆکراینا بڕیارە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باس لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست بکات. 
 
ئەوە یەکەمجارە سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەردانی ئۆکراینا دەکات لە دوای ئەوەی ئۆکراینا لە ساڵی 1991 لە یەکێتی سۆڤییەت جیابووەوە و بووە وڵاتێکی سەربەخۆ. 
 
سەردانەکەی مۆدی لەکاتێکدایە دوو ساڵ و نیوە جەنگی ئۆکراینا بەردەوامە و لە دوو هەفتەی رابردووش، جەنگەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و سوپای ئۆکراینا هێرشی کردە سەر خاکی رووسیا. 
 
پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئۆکراینا، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە راگەیێندراێکدا گوتی: "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکەم کە تێیدا تێڕوانینم لەبارەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێی ئۆکراینا بخەمەڕوو".
 
مۆدی بەدرێژاییەجەنگی ئۆکراینا خۆی بە بێلایەن نیشانداوە و هەوڵی داوە  هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی گفتوگۆکانی ئاشتی دەستپێبکەن. 
 
ئێستا بەرەوپێشچوونی هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە هەموو کاتێک قورسترە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئۆکراینا لە شەشی ئەم مانگە هێرشیکردە سەر هەرێمی کورسکی رووسیا. 
 
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هیندستان بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە: "سەردانەکەی مۆدی بۆ کیێڤ گرنگە لەبەر ئەوەی هیندستان کاریگەری لەسەر مۆسکۆ هەیە".
 
هیندستان کە پەیوەندییەکی ئابووری و بەرگریی بەهێزی لەگەڵ رووسیا هەیە، بەردەوام سەرکۆنەی کوژرانی هاووڵاتییانی سیڤیلی نێوان هەردوو لایەنی جەنگەکەی کردووە. 
 
بەڵام دوای ئەوەی کە ئەمریکا و رۆژئاوا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا سزای ئابووریان خستە سەر رووسیا، هیندستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ فراوانتر کردووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە