پۆلیسی ئەڵمانیا: پار زۆرترین ئەو کۆچبەرانەی هاتنە وڵاتەکەمان سووریایی بوون


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، پار 266 هەزار و 224 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە و زۆرترینیان هاووڵاتیی سووریا و هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان بوون. پلەی دووەمیش بۆ خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیایە.
 
پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بی کەی ئەی) رایگەیاند، بەراورد بە پێرار چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە بە رێژەی 33.4٪ زیاد بووە. 
 
بی کەی ئەی ئاماژەی بەوەداوە، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونە ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی پۆلیس، لەو کۆچبەرانە 54 هەزار و 207 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی سووریا بوون، 35 هەزار و 732 هاونیشتمانیی باکووری کوردستان و هاووڵاتیی تورکیا و 35 هەزار و 370شیان کۆچبەری ئەفغانی بوون. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا، شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 17 هەزار و 185 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی سووریا چوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. 
 
بەپێی ئاژانسەکە؛ 10 هەزار و 990 لەو کۆچبەرانە بە رێگەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، پێنج هەزار و 152 کۆچبەر بە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست، چوار هەزار و 203 کۆچبەریش بە رێگەی وڵاتانی بەڵکاندا کۆچیان بۆ ئەورووپا کردووە.