لە پاکستان نزیکەی 100 هەزار کەس بەهۆی لافاوەوە گواستراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پاکستان بەهۆی لافاو و بارانی بەخوڕەوە، نزیکەی 100 هەزار کەس لە هەرێمی پەنجاب گواستراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئابی 2023، فارووق ئەحمەد، گوتەبێژی ئاژانسی رووبەڕووبونەوەی قەیرانە لەناکاوەکانی هەرێمی پەنجابی پاکستان رایگەیاند، دوای دروستبوونی لافاو لە چەند گوندێکی هەرێمی پەنجاب، نزیکەی 100 هەزار کەسیان رزگارکردووە و بۆ شوێنێکی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە لەناکاوەکانی هەرێمی پەنجاب، دەیان گوند و سەدان هێکتار زەوی کشتوکاڵی بەهۆی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری سەتلەج لە هەرێمەکە ژێرئاوکەوتوون. بەرپرسانی هەرێمەکەش بەردەوامن لە گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ شوێنە بەرزەکانی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە، 19ی ئابی 2023، بارانی بەخوڕ دەستیپێکرد و ئاستی ئاوی رووباری سەتلەج بەرزبووەوە. چەند رۆژێک پێش رووداوەکەش، ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە لەناکاوەکانی هەرێمی پەنجاب هۆشداری دەربارەی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکە دابوو.
تاوەکو ئێستا پاکستان لەژێر کاریگەری لافاوەکانی ساڵی 2022دایە کە زیانی لە زیاتر لە 33 ملیۆن کەسی دانیشتووانی وڵاتەکە دا.