رووداو دیجیتاڵ
لە هیندستان پردێکی شەمەندەفەر بەسەر ژمارەیەک کرێکاردا رووخا و 17 کرێکار گیانیان لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئابی 2023، زۆرا مسانگا، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی میزارۆم لە هیندستان رایگەیاند، لە ناوچەی سیەرەنگ پردێک بەسەر کرێکاراندا رووخا و 17 کرێکار گیانیان لەدەستدا.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگەیاند، دڵتەنگە بەو رووداوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات. هەروەها دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کرێکارەکان بەردەوامە و هەموو یارمەتییەکی ئەو کەسانە دەدەن کە بوونەتە قوربانی.
حکومەتی هیندستان بڵاویکردەوە، دوو هەزار و 400 دۆلار بە کەسوکاری هەریەک لە قوربانییانی رووداوەکە دەدات. ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی پۆلیسی ویلایەتەکە، تەرمی 17 کرێکارەکە دۆزراونەتەوە و ژمارەیەک کرێکاری دیکەش بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە سەرۆکوەزیرانی ویلایەتەکە بڵاویکردووەتەوە، بەشێکی پردەکە بەهۆی تێکشکانی بەستەری نێوان دوو ئاسنی پردەکەوە رووخاوە. هاوکات، دانیشتووانی ناوچەکەش هاوکاری تیمەکانی فریاگوزاری دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بێسەروشووێنن.
ویلایەتی میزارۆم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هیندستان و هاوسنوورە لەگەڵ میانمار.
رۆژی 1ـی ئابی ئەمساڵیش بەهۆی کەوتنی کرێنێکەوە 20 کرێکار لە کاتی کارکردنیان لە رێگەیەکی خێرای نزیک لە مۆمبای گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ