ترەمپ: رەنگە بەرەو رووسیا هەڵبێم و لە ژوورێکی نووستنی زێڕین لەگەڵ پووتین دا بژیم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەکو نوکتە باسی لەو بڕە کرد کە دادوەری کەیسەکەی لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا دیاریکردووە بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت کە 200 هەزار دۆلارە و رایگەیاند، رەنگە بەرەو رووسیا هەڵبێت و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا بژی.
رۆژی سێشەممە، 22ی ئابی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو، لەبارەی دیاریکردنی بڕی پارەی ئازادکردنی بە کەفالەت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بەناوی "ترووس"، پۆستێکی تەنزئامێزی لەسەر بڕەکە کردووە و رایگەیاندووە، رەنگە دادوەرەکە پێیوابێت کە ئەو بە فڕۆکە بۆ شوێنێکی دووری وەکو رووسیا هەڵدێت، بۆیە ئەو بڕە زۆرەی دیاریکردووە.
لەوبارەیەوە، ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیوویەتی "هەست دەکەم ئەو [دادوەرە] پێیوابووە، رەنگە بە فڕۆکە بۆ شوێنێکی دوور هەڵبێم، رەنگە بۆ رووسیا و لەوێ ژوورێکی نووستنی زێڕین لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین بگرین و جارێکی دیکە کەس گوێی لە دەنگم نەبێت و نەمبیننەوە."
هەروەها ترەمپ لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیویەتی "ئایا دەکرێت فڕۆکە سادەکەم کە بە زێڕ لەسەری نووسراوە ترەمپ و هەمووان دەیبینن بڕۆم، وابزانم زەحمەتە، بەڵام من زیاتر حەزم بە فڕۆکەی گشتییە و دڵنیاشم کەس نامناسێتەوە!"
بڕیارە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئاب، لە دادگەی فیدراڵیی شاری ئەتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیا خۆی بەدەستەوە بدات، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ لەلایەن دەستەی باڵای دادوەرانی ویلایەتەکە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020 لەو ویلایەتە تۆمەتبار کرا.
رۆژی دووشەممە، 21ی ئاب، ترەمپ، هەر لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی ئاشکرای کردبوو کە رۆژی پێنجشەممە دەچێتە شاری ئەتلانتا "بۆ ئەوەی لەلایەن دادوەری چەپی تووندئاژۆ [دادوەری دادگەی باڵای ویلایەتی جۆرجیا] دەستگیر بکرێت."
ترەمپ بێتاوانی خۆی لەو تۆمەتانە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاراستەکراون، بێبەری کرد و سەرجەمیانی بە هەوڵی سیاسی ناوبردووە بۆ دوورخستنەوەی لە بەربژێربوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024.
دوێنێ سێشەممە، دەستەی باڵای دادوەرانی ویلایەتی جۆرجیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و 18 بەرپرسی دیکەی ئیدارەی ئەوکاتەی ترەمپی بە تۆمەتی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی 2020 تۆمەتبار کرد.
فانز ویڵز، داواکاری گشتی لە دادگەی ویلایەتی جۆرجیا بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، "ترەمپ و ئەوانی دیکە هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی جۆرجیا بگۆڕن."
بەگوێرەی بڕیاری دادوەری کەیسەکە ترەمپ و 18 تۆمەتبارەکەی دیکە هەتا رۆژی هەینی 25ی مانگیان لەبەردەمە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە خۆیان رادەستی دادگە بکەن، لەپاش تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، پۆلیس بۆی هەیە سەرجەمیان دەستگیر بکات.
ئەمە یەکەم جار نییە، ئەمساڵ ترەمپ رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە و رۆژی 4ـی ئاب، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا چووە بەردەم دادگەیەکی فیدراڵی لە واشنتن، تۆمەتەکانی پەیوەست بە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020 و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس رەتکردەوە و دادگە بە کەفالەت ئازادی کرد و بڕیارە دانیشتنی دووەمی ئەو دۆسیەیەش لە 28ی ئاب بەڕێوەبچێت.