وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی رووسیا دەکات


رووداو - هەولێر

فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییەکەی کۆبووەوە.
 
جگە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان، دوو وەزیرەکە ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی هاوئاهەنگیی شەنگەهایان تاوتوێ کرد کە لە رۆژانی 15 و 16ی ئەیلوول لە شاری سەمەرقەند لە ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە لە چوارچێوەی لووتکەی سەمەرقەند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆببنەوە.
 
پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان، گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریی بۆ سووریا و هەروەها یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، لە دیارترین تەوەرە چاوەڕوانکراوەکانی کۆبوونەوەکەی هەردوو سەرۆکەکە دەبن.