پەنابەرێکی ئەفغانستان: ناگەڕێمەوە، دەترسم وەکو خۆم هاوژین و منداڵەکەشم نابینا بکەن

23-08-2021
لهۆن نەسرەدین
خاتیرە هاشمی، پەنابەری ئەفغانستانی لە هیندستان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی
خاتیرە هاشمی، پەنابەری ئەفغانستانی لە هیندستان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاتیرە هاشمی، نابینایە؛ ئەو یەکێکە لەو 15 هەزار پەنابەرەی ئەفغانستان کە نیشتەجێی هیندستانن و تاڵترین یادەوەریی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیباندا هەیە.
 
خاتیرە هاشمی، پەنابەری ئەفغانستانی لە هیندستان دەڵێت، "تەنانەت ئەگەر بمەوێت بگەڕێمەوە ئەفغانستان، ناتوانم؛ چونکە ئێستا کەسێكی نابینام. ترسم لە تاڵیبان هەیە، ئەوەی کە بەسەر منیان هێنا و نابینایان کردم، هەمان کار بە هاوژین و منداڵەکەم بکەن. بۆیە ترساوم و نامەوێت بگەڕێمەوە ئەفغانستان".
 
خاتیرە یەکێک بووە لەو چوار هەزار پۆلیسە ژنەی ئەفغانستان کە 20 ساڵ حکومەتی پێش تاڵیبان دایمەزراندبوون، ئەوان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی ئەفغانستاندا بوون.
 
پەنابەرە ئەفغانەکانی هیندستان لە بارودۆخێکی یەکجار خراپدا دەژین، نە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییان دەکات و نە حکومەتیش بەلایاندا دەچێت؛ بەڵام هێشتا ژیانی پڕ لە نەهامەتییان بەوەی ژێر سایەی تاڵیبان ناگۆڕنەوە.
 
محەممەد ئەکبەر، پەنابەری ئەفغانی لە هیندستان کە وێنەکێشە، دەڵێت "زۆر دەترسام. کاتێک لە کابوول بووم و باس لە نزیکبوونەوەی تاڵیبان دەکرا، زۆر دەترسام و نەمدەتوانی وێنەیەکیش بکێشم. تاڵیبان رێگە نادات وێنە بکێشین".
 
لە ئەفغانستان نزیکەی 39 ملیۆن کەس دەژین کە چواردە ملیۆنیان ژنن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2021دا نزیکەی هەزار و 700 کەس لە ئەفغانستان کوژراون، نیوەیان ژن و منداڵ بوون.
 
تارانوم سەییدی، ژنە چالاکڤانی ئەفغانیش ئێستا لە کابوولە و ترسی لە دەسەڵاتی تاڵیبان هەیە. ئەو دەڵێت، "بە رێگەدا کە دەچووم بە دەموچاوی تەواو داپۆشراوەوە چەکدارانی تاڵیبانم بینی کە بە هەموو شوێن و دامەزراوەی حکومەتدا بڵاوببوونەوە. پرچی درێژ و جلوبەرگی ترسناک هەستێكیان بە من دا کە خەریک بوو دەخنکام. ئێستاش هەمان هەستم هەیە و دڵنیاشم مۆتەکەی تاڵیبان تاوەکو دوا رۆژانی تەمەنمان لەگەڵماندا دەبێت".
 
چەکدارانی تاڵیبان هاوشێوەی کۆنترۆڵکردنی کابوول، دەستیان بەسەر زۆربەی خاکی ئەفغانستاندا گرتووە؛ گەورە بەرپرسەکانیشیان سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتن و هۆشداریش دەدەنە ئەمریکا لە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە